کورد لەنێوان (نەتەوە و راسیزم)دا

بەهرە حەمە ڕەش
نوسەر
دەکرا لە ساڵانی (شەست، حەفتا و هەشتا)کانی سەدەی رابردوو، باوەڕ بە کوردێک بکرایەوە کاتێک دەیگوت: "من لە رێگەی حزبی چەپ یان ئیسلام خزمەت بە نەتەوەکەم دەکەم"، چونکە ئەوکاتە زۆرینە تەنیا وەک چەمکێکی هاوردەکراو وەری گرتبوو، تێگەیشتن و بنەمای دروستبوونی ئەم چەمکانە بە کۆمەڵگەی ئێمە نامۆ بوون، بەڵام ئێستا بۆمان روونە، کە ئیسلامییەکان لە رێگەی ئیسلامی سیاسییەوە خزمەتیان بە نەتەوە سەردەستەکان و چەپەکانیش خزمەتیان بە ئینتەرناسیۆنالیستی کرێکارانی جیهان کردووە. ئەمەش جگە لە کورتبینی، یەک لە پیلانی دوژمنانە، کە هەمیشە ئەو دوو ئایدۆلۆژیایەیان وەکوو بەلاڕێدابردنی کورد بەکارهێناوە، تا لەژێر چەتری نەتەوەیی کار بۆ دروستکردنی قەوارەیەک بۆ خۆی نەکات!

کاریگەریی ئایدۆلۆژیا

لەوەتەی کورد هەیە، خۆشباوەڕ و لەژێر ناوی ئایدۆلۆژیاکان هەڵخەڵەتاوە، بۆ نموونە، بەدرێژایی مێژوو بزووتنەوەی کورد بەناوی ئیسلامی سیاسی و چەپڕەوەکان هەڵخەڵەتاوە. کاتێک چەپێک بەشێوەیەکی رۆمانسییانە باس لە مافەکانی مرۆڤ دەکات و بەرگریکردن و پرنسیپەکانی نەتەوە رەت دەکاتەوە، وەکوو ئەوە وایە، ئەم جاڕنامە جیهانی و بەرنامە مرۆییانەی ئەوان باسی دەکەن، کورد بە مرۆڤ ئەژمار نەکەن، چونکە ناکرێ بێ ئاگا بن لەو هەموو نەهامەتی و پاکتاوە رەگەزییەی، لەسەر بنەمای کوردبوون رووبەڕووی خەڵکی سڤیل دەبێتەوە.

هاوکات تەنیا ئیسلامییە کوردەکان، ئیسلامییەکانی جیهان بە برای خۆیان دەزانن، بەپێچەوانەوە، ئەوان وەکوو (جنۆکە، ئیسرائیلی و کافر) پێناسەی کورد دەکەن. ناکرێ ئاگاداری ئەوە نەبن، کە ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کورد، بەناوی سورەتەکانی (ئەنفال، فەتح)ی قورئانەوە دەکرێن.

کورد دەبێتە راسیست؟

دیارە (راسیزم) رەگێکی درێژی لە مێژوودا هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی لەسەر دەستی مۆسۆلینی لە ئیتاڵیا/ ١٩٢٢ و (نازیزم) لەسەر دەستی هیتلەر لە ئەڵمانیا/ ١٩٣٣، لە رێگەی فاشیزم و نازیزم، بە دەنگی بەرز هزری راسیزم لە جیهان بڵاو کرایەوە.

دوای هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوی کوردستان، کەم و زۆر یەکدەنگییەک لەسەر ئاستی کوردی هەر چوارپارچەی کوردستان دروست بووە، بەڵام لەجیاتی خۆشحاڵی، ئایدۆلۆژیستەکان بەناوی جیاجیاوە کەوتوونەتە وێزەی ئەم هەڵوێستە و بە (پەتای نەتەوەیی، راسیزم و نەهێشتنی برایەتیی نێوان موسوڵمانان) وەسفی دەکەن.
ئەوەی کە ناکرێ نکۆڵیی لێ بکرێت، هاوردەکردنی هەندێ چەمکە، کە کراونەتە دروشمی سۆزداری و بەناوی مرۆڤبوون و برایەتییەوە، خەڵکی پێ تەلقین دەدرێت. کاتێک پێت وایە یەکهەڵوێستیی (راسیزم)ە، ئەوە دەبێ دڵنیا بیت، کە نە لە واتای راسیزم گەیشتووی و نە ئینتیمات بۆ مرۆڤبوون هەیە! لەبەر ئەوەی کورد بەدرێژایی مێژووی خۆی لەژێر هەژموون و داگیرکاریی راسیستەکاندا بووە.

لەوەتەی کورد هەیە، لە قۆناغی بەرگری و هەوڵی مانەوەدا بووە. جۆرەها چەکی نەرم و رەق بۆ تواندنەوەی کورد بەکار هێنراوە. شاڵاوی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە/ ١٩٨٨ راسیزمی بەعسی عەرەبی بەرامبەر کورد ئەنجامی دا. کە لە ئەنفالدا ١٨٢ هەزار و لە کیمیاباراندا ٥ هەزار هاووڵاتیی بێ گوناه، کرانە قوربانی.

ئەوەی لەژێر دەسەڵاتی رژێمی ئێران روو دەدا (لەسێدارەدان، قەدەغەکردنی زمان و داگیرکاریی فەرهەنگی کوردی)، راسیزمی فارسە بەرامبەر گەلی کورد دەیکات.
نزیکترین نموونە، کە هێرشی تورکە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، بۆردومانکردن و کۆمەڵكوژکردنی ژن و منداڵان، راسیزمی تورک ئەنجامی دەدات. وێڕای ئەوەی، کە کوردانی رۆژئاوا تا ئێستا ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان نییە. ئەم کرادانە پێیان دەگوترێت راسیزمی(عەرەب، تورک و فارس) بەرامبەر بە نەتەوەی کورد.

نەتەوە چۆن دروست بووە؟
پەیدابوونی نەتەوە لە جیهاندا، دەرئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتەکانی رووسی و نەمساوی لە رۆژئاوا، هەروەها ئیمراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی لە رۆژهەڵات. هەتا ئەو کاتە ئیمپراتۆریەتەکان هەموو نەتەوە و ئایینەکانی بە دڵخوازی، یان بەزۆر لەژێر چەتری خۆی کۆکردبووەوە.

دوای نەمانی ئیمپراتۆریەتەکان، هەر نەتەوەیەک هەوڵی دەدا لەسەر خاک و سنووری خۆی دەوڵەتێکی نەتەوەیی دروست بکات. بەتایبەت دوای شەڕی نێوان کاتولیک و پرۆتستانت (١٦٣٠ ــ ١٦٤٨)، کە لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا، پەیمانی ئاشتی فێستڤالیا/ ١٦٤٨ مۆر کرا، لە راسپاردەکانی ئەم پەیمانە هەر نەتەوەیەک ببێتە دەوڵەت، لەسەر ئەم بنەمایە، دەوڵەتی نەتەوەیی لە ئەوروپا/ رۆژئاوا دروست بووە. دوای ئەوە هزر، فەیلەسوف و بیری نەتەوەیی دروست بوو، تا دەگاتە شۆڕشی فرەنسی/ ١٧٨٩. هەروەها هزر و زانستی نەتەوە، بە تیۆرزانەکان، هۆشیاریی نەتەوەیی و هەبوونی شار و میترۆپۆل، بەسترابووەوە. هەر کۆمەڵگەیەک هەوڵی دا لێکۆڵینەوە لەسەر رەگ و ریشەی نەتەوەی خۆی بکات.

بەڵام دۆخی رۆژهەڵات تەواو جیاواز بوو، چونکە دوای رووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی، ناوچەکە کەوتە ژێر رکێفی داگیرکاریی بەریتانیا و فەرەنسا، ئەم دوو زلهێزە بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان ناوچەکەیان دابەش کرد. لە ئەنجامدا نەتەوە لەم دەڤەرە، لەسەر بنەما و راسپاردەکانی ڤێستڤالیا دروست نەبوو، ئیتر بەشێوەیەکی زانستی و واقعیی مامەڵەی لەگەڵ نەکرا. بۆ نموونە، عەرەب، کە یەک نەتەوەیە، بووە خاوەنی ٢٢ دەوڵەت، هەروەها کوردیش بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش کرا، بەڵام کورد کەوتە بن دەستی داگیرکەران.

دوای نەمانی داگیرکاری و کۆلۆنیالی فەرەنسا و بەریتانیا، دەوڵەتە عەرەبییەکان، لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان و دەستتێوەردانی دەرەکی، نەیانتوانی دەوڵەتێکی سەرانسەری بە ناوی عەرەب دروست بکەن، وێڕای هەوڵی (جەمال عەبدولناسڕ)، کە لەگەڵ سووریا یەکگرتنێک بە ناوی (کۆماری عەرەبی یەکگرتوو/ ١٩٥٨ ــ ١٩٦١) کرا، بەڵام ئەم هەوڵەش سەری نەرگرت.

بەم جۆرە کورد، تا ئێستاش باجی ئەم دابەشکاری و داگیرکارییە دەدات، کەواتە کورد هەمیشە لە قۆناغی بەرگریدایە. جگە لە داگیرکاریی خاک، داگیرکاریی بیری نەتەوە، زمان و کولتووریش هاوتەریب بوون!

سەرچاوە/ Basnews

PM:12:51:09/11/2019



ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر