بایکۆتکردن، کەی و چۆن؟

بەهرە حەمە ڕەش
نوسەر
دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی شەهید و بریندارانی خەڵکی سڤیل لە رۆژئاوای کوردستان و بێدەنگبوونی کردارەکیی جیهان لە ئاستیدا، کوردی کردە یەک گوتار بەرامبەر شەڕ و داگیرکاری. زیاتریش لەسەر ئاستی شەقامی کوردی، دەنگی هاوسۆزی و هاوپشتی بە شێوازی جۆراجۆر بەرز کرایەوە.

ئەوەی تا ئێستا هاووڵاتییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی تورکیا ئەنجامی دەدەن و بانگەشەی بۆ دەکەن،(بایکۆت ــ Boykott)کردنی کاڵای تورکییە. کەم و زۆر، لە هەموو ناوچەکانی کوردستان و لەناو کوردانی تاراوگەش بەڕێوە دەچێت.

زیادبوونی ئەم شاڵاوە و بەرزبوونەوەی دەنگی بایکۆتکردن، لە جیهانی سۆسیال میدیای کوردی، ئاماژەی بەرزبوونەوەی ئینتیمای تاکی کوردە بۆ خاک و نیشتمان و هەستکردنە بە بەرپرسیارێتیی خۆی وەکوو تاک، چونکە بایکۆتکردن جۆرێک لە مانگرتن و خۆسنووردارکردنە بەرامبەر بەکارهێنانی کەلوپەل یان سەیرکردنی دراما، یانیش لەسەر ئاستی پێداویستییەکانی تری رۆژانە، تا دەگاتە خۆراک. ئەم بایکۆتکردنە، لە هەوڵ و داوای کوردەکان دەربازی سنووری پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپاش بوو. ئەمە وا دەکات، کە کێشەی کورد لە قۆناغی مرۆییەوە دەربازی قۆناغی سیاسی ببێت.

پێویستە بزانین، کە ئەم پرۆسەیە تەنیا بە ریکلام سەرکەوتوو نابێت، ئەگەر هوشیارییەکی نەتەوەیی دروست نەکرێت و لەوێوە بۆ ئینتیمای بەرهەمی لۆکاڵی. ئێمە وەک چۆن پێویستمان بە ئاسایشی نەتەوەیی هەیە، بەمجۆرەش پێویستمان بە فۆرمێکی ئاسایشی خۆراکی نەتەوەییش هەیە. دەکرێت بیرۆکەی ئەنجامدانی بایکۆت، ئەگەر وەک تۆڵەسەندنەوەش نەبێت، وەک پەرەدان بە بەرهەمی خۆماڵی و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، لە رێگەی پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆ، دابین بکرێت. لە دڵەڕاوکێی خۆراکی کوالێتیی خراپ و ماوەبەسەرچووش رزگارمان بێت.

سوودوەرگرتن لە ئەزموونی جیهان
ئەوەی پێویستە تاکی کورد بیزانێت،، کە ئەم پرۆسەیە بە نەفەس کورتی و دەمارگیری بەڕێوە ناچێت. کەواتە دەبێ وریا بین ئەگەر بە بێ پلان دەست بەم پرۆسەیە بکەین، سەرکەوتوو نابین، دووبارە ئەوەش دەبێتە هۆی شکستێکی دەروونیی گەورە و زیاتر بەرەو بێهیوایی دەڕۆین، چونکە ئەمە بابەتێکی تازە نییە و ئەم پرۆسەیە لە مێژووی گەلاندا ئەزموون کراوە. بەرچاوترین نموونەش هیندستانە، لە سەردەمی داگیرکاریی بەریتانیا، کە بە ڕابەرایەتیی غاندی، زیاتر لە 25 ساڵی خایاند/ (1920 ــ 1947) لەکۆتاییدا گەلی هیندستان سەرکەوتوو بوو، لەژێر ئەم فشارەدا بەریتانیا/ 1947 لە هیندستان کشایەوە. راستە ئێستا سەردەمی گلۆباڵە و پرۆسەکان خێراتر بەڕێوە دەچن، بەڵام دەبێ بەپێی دەرفەت و توانا پشوودرێژیمان بۆ ئەم جۆرە بزووتنەوە سڤیلە هەبێت.

دەبێت ئێمە سوود لە ئەزمونی جیهان وەرگرین، لە شەڕی جیهانی دووەمدا، کە ئەمەریکا کیمیایی لە دژی هێرۆشیما و ناکازاکیی بەکار هێنا، یابانییەکان نەیانگوت ئەمەریکا و رۆژئاوا کیمیابارایان کردین، ئێمە بایکۆتی هەموو شتێکیان دەکەین، بەڵكوو بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان و بە ریزبەندیی بایکۆتی کاڵاکانی ئەوانیان کرد، تا گەیشتنە ئاستێک، کە هەموو بەرهەمێکی ناوخۆیان هەبووە، ئێستا یابان شمەک هەناردەی وڵاتانی جیهان دەکات. هەروەها جووەکان دووچاری هۆلۆکۆست بوون، بەڵام هەموو شتێکی ئەڵمانیایان بایکۆت نەکرد، بەڵکوو بەپێی ریزبەندی و بەرژەوەندییەکانیان کاریان کرد، تا کەوتنە سەر پێی خۆیان.

رەنگە وەک پرەنسیپ لای کورد، ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە هەندێک درەنگ بێت. بەتایبەت جیۆپۆلەتیکی کوردستان جیاواز و تایبەتمەندە لەگەڵ نموونەکانی جیهان، بەڵام دەتوانێ سەرکەوتوو بێت، ئەگەر بە پلان و ستراتیژی ئەنجام بدرێت، کە بە لە بەرچاوگرتنی واقیع و بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی کوردستان دابڕێژرێت. دەبێ بزانین رەوشی کورد، لەناو چوارگۆشەی داگیرکارە، دەکرێت هەموو رۆژێ گەمارۆ بخەنە سەر کوردستان، ئایا پلانی کورد چی دەبێت لەکاتێکدا بایکۆت هەڵگەڕایەوە بە گەمارۆ؟

چۆن سەرکەوتوو دەبێت؟
بایکۆت وەک پرەنسیپ، چەک و ئامرازێکی سروشتی و باشە، بەڵام بەبێ پلانی درێژخایەن، بە هەڵچوونی کاتی و تۆڵەسەندنی عاتفی بەردەوام نابێت. ناکرێت ئەم پرۆسەیە بەبێ پلان و یەدەگ تۆخ بکرێتەوە. بایکۆت، شەڕێکی نەرم لە فۆرم و لە ناوەڕۆکدا رەقە. پێچەوانەی چەمکی (گەمارۆ)یە، چونکە گەمارۆ بەسەردا دەسەپێندرێت، بەڵام بایکۆت لە لایەن خەڵکەوە دەکرێت. دەبێ ئێمە دڵنیا بین، کە ئەم کارە بە قەرەباڵخی و هەڕەمەکی ئەنجام نادرێت، مەرج نییە بەپەلە و ئەمڕۆ دەست پێبکرێت، بەڵام مەرجە کار بۆ دەستپێکردنی بە شێوەیەکی رێکخراو بکرێت، چونکە کورد پێویستی بە هەنگاوی لەم جۆرەیە.

لە ماوەی باسکردنی ئەنجامدانی پرۆسەی بایکۆت بۆ شتومەکی تورکی، سەردانی چەند فرۆشگای جیاواز و مارکێتم کردووە، کاتێک دەپرسی ئایا فرۆشی کاڵای تورکی کەم بووەتەوە؟ دەردەکەوێ، کە زیاتر ئەم بایکۆتە بۆ کڕینی خۆراک بەکار هێنراوە. لەکاتێکدا پێویستە بایکۆتی خۆراک لە ریزبەندی بایکۆتی شتومەکی تورکیدا لە خاڵی یەکەمدا نەبێت، تا دەگەینە قۆناغێک، کە پێویستمان بە خۆراکی ئەوان نەمێنێت. هاوکات دەبێت ریزبەندی لەو کەرەستانەدا هەبێ، کە بایکۆت دەکرێن. بۆ نموونە: باشترە سەرەتا لە کەلوپەلی ناوماڵ، کەرەستەکانی بیناسازی و جلوبەرگەوە دەست پێبکرێت، خۆراک بخرێتە ریزبەندی دواترەوە تا خەڵک دەتوانن کار بۆ دەستەبەرکردنی بەرهەمەکانی ناوخۆ بکەن. واتە دەبێ تێبگەین، کە ئەم پرۆسە مەدەنییە بە سەرپێیی ناکرێت. پێویستە دامەزراوەیەکی ناحکوومی و ناحزبی بە هەماهەنگی لەگەڵ میدیا و سۆسیال میدیای ئەهلی کاری بۆ بکات. هەروەها دەبێ هەڵمەتی هوشیارکردنەوە بە پلەی یەکەم بۆ دەوڵەمەند و بازرگانان بێت، کە رۆڵی سەرەکیی دەبینن، ببنە دەوڵەمەندی نەتەوەیی و لە ریزی پێشەوەی ئەم تێکۆشانەدا بن.

چی بکرێت بۆ سەرکەوتنی؟
هاوتەریبی ئەم پرۆسەیە، دەبێ وەک پلان بۆ دواڕۆژ و داهاتوو، پشتگیریی کەرتی تایبەت و جووتیاران بکرێت، هەروەها پەرە بە پیشەسازی و زیندووکردنەوەی کارگەکان بدرێت و لەناوخۆ کەرەستەی بەرهەمهێنانیان بۆ دابین بکرێت. هەروەها وەک یەدەگ سایلۆی گەورە بۆ وەرگرتن و خەزنکردنی ئارد و گەنم دروست بکرێت. لێرەدا بایکۆت لە قۆناغی تۆڵەسەندنەوە دەچێتە قۆناغی پەرەدان بە بەرهەمی ناوخۆیی و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و پشت بەخۆ بەستن. وەک سوودوەرگرتن لە ئەزموونی دەوڵەتانی تر، کە چۆن پەرەیان بە پیشەسازی و لایەنی گەشتوگوزار داوە.
کەرەستەیەکی تری سەرکەوتنی بایکۆت، پەرەدانە بە دراما و سینەمای کوردی، بەکورتی، عەقڵی دبلۆماسی، هەمیشە بەسنگفراوانی، پلان و راوێژکاریی کار دەکات.


سەرچاوە/ Basnews

ئەم وتارە گوزارشت لەڕای نوسەر دەكات

AM:11:39:31/10/2019



ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر