شەڕی سارد لە کۆمەڵگە دا

بەهرە حەمە ڕەش
نوسەر
ئەگەر ڕۆژانە گوزەرێک بە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بکەیت، یان سەردانی شوێنەگشتییەکان بکەیت، دەبینیت و دەبیستیت، کە وزە و بیرکردنەوەی نەرێنی چۆن ژیانی داپۆشیوە. کەشێکی پڕ لە قسەی ناشیرین و وزەی نەگونجاو دروستکراوە، خەڵکێک تەنیا بۆ خۆگونجاندن، ناچارن بڕۆنە ناو ئەم فەزایە تا بەڕاستی دەبنە بەشێک لە پرۆسەکە.

ئەگەرچی ھۆکار زۆرن بۆ ڕەشکردنی یەکتر، توڕەیی و برەودان بە کلتوری یەکتر ناشیرینکردن و یەکترشکاندن، بەڵام ھەندێک گرووپ و حیزب ھەن، کە بوونە سەرمەشق و بەرپرسیارن لە درووستکردنی ئەم کەشە. کەمیش نین ئەو کەسانەی، کە لە سەر بنەمای جنێودان، توڕەکردن و یاریکردن بە عەقڵ و بیرکردنەوەی خەڵک، بەبیانووی ناڕازیبوون لە دەسەڵات و حکومەت بوونە "قارەمان" و گەیشتنە مەرامی ناوبانگ و وەرگرتنی پۆست و پایە.

جگە لە ھۆکاری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا لە سەر ئاستی عیراق، ھۆی دەرەکییش ھەن بۆ برەودان بەم کلتورە. ڕۆژھەڵاتی ناوین بەشێوەیەکی گشتی، بەرەو شاڵاوێکی کۆنەپەرستی ئاینی، سیاسی و پاشەکشێی سێ بەرەی "سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزمە" وایکردووە، کە جۆرێک لە بەرەڵڵایی فکری پەیدابێت یان بەشێوەیەکی بەرچاو دیسپلین و پرنسیپ لای تاک و کۆمەڵگە لاوازبێت.

دەبێت لە بیر نەکەین، پێشکەوتنی (تەکنەلۆژیا/ گلۆباڵ)، دەرفەتێکی بێ سانسۆری بۆ ھەر تاکێک تا گروپ و ... درووست کردووە، کە بەبێ پاشخان و ئەزمون (ڕەفتار/ قسە) لە سەر تاک و کۆمەڵگە بکەن. ئەمە وادەکات، کە خەڵک بەشێوەیەکی گشتی لە جیاتی بەشداری ڕووداوەکان و مێژوو بێت، دەبێتە کەرەستە و قوربانی ڕووداوەکان.

لە ئەنجامدا ھاوڵاتی لە سەر ئاستی تاک و کۆمەڵ وەک بینەرێکی تەمبەڵ، سەیر دەکات. کەواتە ھەندێک جار بێ ھەڵوێستی و بێ دەنگی لە سەر ڕووداوێک، خۆی جۆرێکە لە ڕەزامەندی و قبوڵکردن.

سێ لایەنی تر لە کۆمەڵگە، کە "پەروەردە، پەرستگا و ڕاگەیاندن"ن، بەرپرسیاری سەرەکی درووست بوونی ئەم جۆرە کلتورەن، کە لە ئێستادا ڕۆڵێکی نەرێنی لە ناشیرینکردنی یەکتر و کۆمەڵگا دەبینن. بەبێ لە بەرچاوگرتنی دەرئەنجامە درێژماوەکانی ئەم جۆرە لە کارکردن.

ئەم ڕەوشە بووە ھۆی ئەوەی، کە پارتە سیاسییەکان، لە جیاتی پێشبڕکێ لەسەر بنەمای خزمەتکردن و برەودان بە فکر و داھێنان، کەوتنە گرنگیدان بەو کەسانە، کە داھێنان لە جنێودان دەکەن و لێھاتوون لە شکاندن و پەلاماردانی ئەو کەسایەتی و کەسانەی، کە لە حیزبی نەیارن. تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی، کە خەڵکێک ھەن بەڕاستی بژێوی ژیانیان لە سەر جنێودان و خەڵک شکاندنە.

کاتێک خەسڵەتی(ناڕازیبوون لە ھەمووشتێ) لە لایەن قارەمانە فوتێکراوەکان برەوی پێدرا، گەندەڵی لە بواری سیاسییەوە گەیشتە بواری کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی. بە ئاستێک، کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی خستۆتە مەترسییەوە.

ئەو کۆمەڵگایانەی، کە لە سەر سامانی سروشتی دەژین لە جیاتی بەشداری بەرھەمھێنانی لایەنی ئەرێنی ژیان بن، بەشداری بەرھەمھێنانی لایەنی نەرێنی و ھزری کۆنەپەرستین. گۆڕانکاری کۆمەڵگە لە سەر ئاستی نوخبە یان دامودەزگا ئەنجام دەدرێت، ئەوان دەتوانن کۆمەڵگە بەرەو چ ئاقارێک ئاڕاستە بکەن. لە کاتێکدا، کە نوخبە بە کاری خۆی ھەڵدەستێت و تێکەڵی ئەم کەشە نەرێنییە نابێت و شەقام ئەو ئاڕاستە ناکات. بەم کاریگەرییانە گەیشتوینە ئەو خاڵەی، کە وزە و تواناکانمان لە کات و شوێنی ھەڵە بەکاردێنین. ھاوکات چاوەڕێی ئەنجام و بەرھەمی باش دەکەین!! کاتێک پێچەوانەکەی دێتە دی، جۆرێک لە بێ ھێوایی لای تاکی کورد دروست دەبێت.

دیاردەی ناشیرینکردنی ھەمووشتێک، وایکردووە کە تاک بەچاوێکی ناڕازیبوون سەیری حیزبەکان و حکومەت و دەسەڵاتی کوردی بکات. لێرەدا بەشداری تاک بۆ بواری سیاسی لاوازدەبێت. بەرھەمھێنان لە فکر، مەدەنیەت، ئاڕاستە و پەروەردە. دەگاتە ئاستێکی خراپ، چونکە کەسانی بە توانا لە بەرپرسیارێتی دووردەکەونەوە.

کەواتە باڵانسی ماف و ئەرک تێکدەچێت، لە بەر ئەوە زۆر گرنگە تەوژمی رۆشنبیران، دامودەزگا و زانکۆکان لە گەڵ پەروەردە و پەرستگا، ئاوڕێکی جددی لەو دیاردە بدەنەوە، ئەگەر ئاوا بەردەوام بێت، بەداخەوە کۆمەڵگەی ئێمە بەرە و ڕووخانی مۆراڵی دەچێت. ئەم جۆرە لە بێزاری و تەمبەڵیەی کە لەکایەی کارکردن و داینامیکیەتی کۆمەڵایەتی ھەیە، دەربازی بواری عەقڵ و فکریش دەبێت، کە لە ئەنجامدا تاک و کۆمەڵگەیەکی خۆشباوەڕ بەرھەم دێنێت. کە بەئاسانی دەبێتە قوربانی بزووتنەوەی مێژوو.

بەردەوام جۆرێک لە شەڕ لە نێوان پێکھاتە کوردییەکاندا ھەیە، ئەوەی کە ئێستا بەخەڵک و لە ئاستی چینی گەنجاندا بەتایبەت دەکرێت، بەشێکە لە شەڕی ساردی حیزبەکان، لە بەرئەوەی ململانێى نێوان ئەم حیزبانە لە ئاستێکدا نییە کە بتوانن بە ھەوڵدان و خزمەتکردن کێبڕکێ بکەن، دێن کەناڵیتر بەکاردەھێنن، کە ناشیرینکردن و شکاندنی بەرامبەرە، ئەوەش لاوازترین ئیتیکی مرۆڤە.

ئەگەر کەسێکی (بێلایەن/ بیانی) ئەم ڕەوشە ھاوردە بکات، پرسیارێکی گەورە دروست دەکات، ئەم پارتانەی کوردستان بە ساڵەھای ساڵ، خەباتی چەکداری و تێکۆشانیان بۆ دەرکردنی داگیرکار کردووە، بۆچی لە خەونی سەربەخۆیی و ئازادی بگەنە ئاستێک، کە ھەموو وزە، توانا و خەباتیان/ ھێزیان بخەنە بوارێکی بێ بەرھەم، کە یەکتر ناشیرینکردنە.

کەواتە ئەو کوردەی، کە چەندەھا ساڵە خەبات بۆ ئازادی دەکات، ئەنجامەکەی بۆتە داھێنان لە شەڕەجنێو، ناشیرین و قێزەونکردنی سەرجەم کایەکانی ژیان. بۆیە بەقەد سیاسییە گەندەڵەکان، بەناو ڕۆشنبیر و قارەمانە جنێوفرۆشەکانیش بەرپرسن، لە درووست کردنی ئەم کەشە. ئیتر ناکرێت ئەنجامی خەبات و تێکۆشانی چەند ساڵە، ئەم بەرھەمە لە شەڕە جنێو و یەکتر شکاندن بێت، کە خۆی جۆرێکە لە کەوتن.

ئەگەر کۆمەڵگە لە ڕووی دیسپلین و پرەنسیپ شکا، دەروازەیە بۆ تێکچوونی کۆمەڵگە لە زۆربەی بوارەکانی ئەخلاق، دابونەریت و سیاسەت.


ئەم وترە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:03:37:07/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 317 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر