چاولێکەری یان لاساییکردنەوە وەک بەردەوامی عەقڵی (کۆچەری-جوتیاری)

بەهرە حەمە ڕەش
نوسەر
چاولێکەری یان لاساییکردنەوە، بە بەشێک لە سروشتی ژیان و مرۆڤ دەستنیشان دەکرێت. بە مەرجێک لە قۆناغی لاساییکردنەوە بچێتە قۆناغی بەرھەمھێنان/ ئافراندن. واتە پێگەیشتن، مانەوەی بەردەوام لە قۆناغی چاولێکەری مرۆڤی ڕاڕا و کۆپی نمایش دەکات، چونکە کاتێک مرۆڤ لە ڕەسەنایەتی سڕدرایەوە، ناسنامە و کەسایەتی ساختە وەردەگرێت.

پێناسەکردن بۆ ھەرشتێ واتە جۆرێک لە تێگەیشتنی ڕێژەیی ئەو چەمکە، بە ڕوانینێکی تر پێناسە واتە مرۆڤ بەچی ڕوانگەیەک سەیری ئەم بابەتە دەکات، بۆیە ڕەنگە پێناسەی چاولێکەری، لای مرۆڤێکی ئازاد و پێگەیشتوو، بریتی بێت لە قۆناغی بەر لە پێگەیشتن یان فێربوون.

(ئەرستۆ) لە کتێبی (ھونەری شعر) دا دەڵیت: "ھونەر لاساییکردنەوەی سروشتە"، واتە ھەموو بونەوەرەکان لە سەر بنەمای چاولێکەری و لاساییکردنەوە، دەستیان بەژیان کردووە. دەتوانین لاساییکردنەوە بە جۆرێک لە قەرزکردن ببینین، چونکە تۆ لاسایی شتێک لە کەسێکدا دەکەیتەوە، کە خۆت نیتە. یان توانای ئەوەت نییە، کە بە شێواز و لێزانینی خۆت ببیتە خاوەنی، بۆیە وەریدەگریت.

بەپێی تێگەیشتنی کۆن، یەکەم لاساییکردنەوە، لاساییکردنەوەی سروشت بووە، چونکە ھەموو ڕازەکان لەسروشتدا شاردراونەتەوە. مرۆڤ لە قۆناغی کۆندا، ھەوڵی دۆزینەوەی ڕازەکانی داوە. یەک لەو ڕازانە ئەوەیە، کە بە تێگەیشتنی ئەوان دێمی/ ماسکی خوداوەندە، کە لە ناو زەوی وەک ڕازێک شاردراوەتەوە. لە بەر ئەوە ئەرستۆ، کە دەڵێت: "ھونەر لاسایی سروشت دەکاتەوە"، کەواتە ھونەر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لاسایی خوداوەند دەکاتەوە. مرۆڤی کۆن پێیانوابوو، کە چی گیانەوەرێک جەستەی زیاتر لە سەر زەوییە، ئەو ڕازەکانی زەوی دەزانێت. لەوێوە ماریان دەستنیشان کرد، کە وەک گیانلەبەرێکی پیرۆز ڕازی زەوی و خوداوەند دەزانیت. لێرەوە مار، تێکەڵاوی ئەفسانەی ئایین و چێرۆکەکان بووە.

ئەگەر چاولێکەری جۆرێک بێت لە ھونەر، دەبێت مرۆڤ بزانێت کە لە چی کات و شوێنێکدا، چاولێکەری دەکات. ئایا ئەو شتەی، کە تۆ لاسایی دەکاتەوە، چەند نزیک و گونجاوە لە گەڵ ئاست و سەردەمی. چاولێکەری سەرکەوتوو ئەوەیە، کە بتوانرێت لە ئاستی چاولێکەری دەربازی ئاستی دامەزراندن/ داھێنان بێت. یان چەند دەتوانرێت ئەو مۆدێل و چەمکەی، کە لاسایی دەکاتەوە، تێکەڵاوی عەقڵ و کلتوری خۆی/ خۆماڵی بکات.

میللەتی کورد، لە ژێر ستەمی داگیرکردن و سڕینەوە، کە بریتییە لە سڕینەوەی (کلتور، داب و نەریت و ئاین...هتد). کاراکتەری مرۆڤی کورد، لە کەسایەتییەکی ئۆرجیناڵەوە کردۆتە کاراکتەرێکی کۆپی، کە لە ڕەسانەیەتی کورد داماڵراوە. بووەتە کەسایەتییەک، کە بڕوای بە خۆی نەبێت و لاسایی ھەموو شتێک بکاتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، ھەڵگری کاراکتەرێکی دوودڵ و بێ بڕیارە. ئەگەر چاولێکەری لە قۆناغێکدا بۆ کورد ڕاست و پێویست بووبێت. ئەوا کاتی ئەوە ھاتووە، ئیتر لەم قۆناغە دەربازی بنیاتنانی کەسایەتی و خۆناسین بێت، چونکە لەم سەردەمە، کە پیی دەڵێن گلۆباڵ، ھەموو دەرگا و پەنجەرەی دنیا، فۆرم و ڕێبازی شیکردنەوەی تێکست/ ھێرمنیوتیک ــ ڕاڤەکردن، کرایەوە. ئەوە وادەکات، کە بتوانین جارێکی تر پێداچوونەوە بە کلتوری خۆماندا بکەین. ئەو کلتور و ناسنامە شێواوەی، کە داگیرکار کاری بۆ سڕینەوەی کردووە، دووبارە دروست بکرێتەوە. دەتوانین لە ڕێگەی ئەو چیرۆک و فۆلکلۆرەی، کە قۆناغ بە قۆناغ ماوەتەوە ڕزگارکراوە، دەستنیشانی برینەکان بکرێت و ئەو کۆسپ و تەگەرانەی، کە ھۆکاری بەرھەمھێنانەوەیی کەسایەتی کۆپی مرۆڤی کوردن، بناسرێن و کاریان لە سەر بکرێت. بە راستی، شاعیری کلاسیکی کورد، کە لە ناو شعرەکانیاندا دیارە، ھەوڵیان داوە، دەستنیشانی ھەندێ خاڵی لاوازی کورد بکەن. کێشەو گرفتەکانیان خستۆتە ناو  ئەدەبیاتی کوردی و بەشێوەی شعرو پەخشان خستوویانەتەڕوو.

لەم سەردەمەدا نوخبەی/ ئەلیتەی کورد، دەتوانن لە ڕێگەی گروپی ئەلیکترۆنی بۆ ئەو شتانە بگەڕێن، کە کەلەپوری کوردن و ماونەتەوە و دەبنە ھۆکاری بەھێزکردنی کاراکتەر، چونکە دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین، کە کاراکتەری چاولێکەر، ھەمیشە ھەست بە لاوازی دەکات و ناتوانێت دیالۆگ بکات. یان ڕادەست دەبێت یان دوژمنایەتی دەکات. لە کاتێکدا، ھەموو نەتەوە پێشکەوتووەکان، لە شۆڕشی عەقڵ و ڕزگاربوونی کەسایەتییەوە، دەستیان پێکردووە.

ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی سەیری جیھان بکەین، ئەو گەلانەی کە دەتوانن بەرگری لە گلۆبال بکەن، ئەوانەن، کە کلتوریان تا ئیستا تەندروست و لە سەر بنەمای خۆیەتی، وەک (ژاپۆن، ھیندستان و چین)، کە خاوەنی کلتورێکی دەوڵەمەند و میترۆپۆلن. ئەوان کەمتر پێویستیان بە لاساییکردنەوە ھەیە، چونکە کەرەستەی خۆماڵی زۆریان لە بەر دەستە و توانیویانە بەرگری لە کاراکتەر و ڕەسانەیەتی خۆیان، لەھەموو قۆناغ و دۆخێکدا بکەن.

بۆ دەستپێکردن و ھەنگاونانی عەقڵانی و ڕێنیسانس، وەک ئەزموونی ڕێنیسانسی ئیتاڵیا و فەرەنسا، دەبێت کارکردن لە سەر کۆمەڵگە و کاراکتەرەوە دەست پێبکەین، چونکە بنیاتنانی کاراکتەری بە ھێز، واتە ھەبوونی ناسنامەی ڕەسەن و دامەزراندنی کۆمەڵگەی بە ھێز.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.



PM:06:26:21/06/2019



ئه‌م بابه‌ته 318 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر