کلتوری یەکتر قبووڵ نەکردن

بەهرە حەمە ڕەش
نوسەر
کاتێک باسی کلتوری "یەکتر قبووڵ نەکردن" دەکەین، سەرەتا پێویستە بزانین بۆچی یەکتر قبووڵ بکەین؟ ئەگەر یەکتر قبووڵ نەکەین، چی ڕوودەدات؟ لە کام کۆمەڵگە دا،ئەم کلتورە وەک ئاستەنگی بەردەم پێشکەوتنەکان ماوەتەوە؟

ئەم سێ پرسیارە، دەروازەن بۆ وروژاندن و نوسینی ئەم بابەتە، چونکە ئێمە دەمێکە بەهۆی دۆخی داگیرکردن و چەوساندنەوەمان لە لایەن داگیرکارانەوە لەتەنگژەداین و پرسیارمان لا دروست دەبێت. ئێستا پێویستمان بە گەڕانە بەدوای وەڵامەکانە.

ئاستی بەرزبوونەوەی یەکتر قبووڵ کردن یان ڕەتکردنەوە، بەستراوە بە ئاستی هوشیاری تاک و کۆمەڵگە. کۆمەڵگە لە ئاستی کۆیلایەتی و سەرمایەداری یان کۆمەڵگە بە چەمکی کۆنەپەرستی و پێشکەوتن، ئەمە فاکتەری ئەم دووئالیزمەیە، کە چەمکی مرۆڤایەتی هاوتەریب و ئەلتەرناتیڤی چەمکی ئاین، نەتەوە و چینایەتی دەگرێتەوە.

هەموو بوونەوەرەکان لە سەر ئاستی ململانێی و پێکەوەژیان دەژین. کاتێک ژیان لە سەر بنەمای بەرژەوەندییەکان بنیات نرابێت یان بەڕێوەبچێت، دەبێت هۆشیاریمان لە سەر جۆر و ئاستی پەیوەندییەکانیش هەبێت. بەرژەوەندییەکان هەندێکجار بەرژەوەندی هاوبەش و هەندێکجار قۆرخکارین. لە بەشی یەکەمدا بەرژەوەندییەکان هەمیشە بواری پێکەوەژیانی تێدایە، بەڵام لە بەشی دووەمدا، کە قۆرخکردنە، بەسەر چەند ڕێچکەیەکدا دابەش دەبێت، کە بریتییە لە ململانێ، دژایەتی تا ئاستی سڕینەوە و بوارنەهێشتنەوە بۆ ژیان. بۆ نموونە کە موڵکییەت و بەرژەوەندی پەیدابوو، بووە هۆی ئەوەی کە هابیل، قابیل بکوژێت. بەهۆی بەرزبوونی نەرگسیەتی مرۆڤ یان گروپ و تەوژم، لە سەردەمی پەیدابوونی موڵکییەت و بەرژەوەندیدا ڕوویدا. کاتێک براکان یەکتریان قبووڵ نەکرد، کوشتن و سڕینەوە جێگای گرتەوە.

هەروەها پێویستە بزانین، کە مەبەست لە بەرژەوەندی هەمیشە بریتی نییە لە قۆرخکردن، ئەو کۆمەڵگایانەی، کە بەرژەوەندی هاوبەش لە بەرچاودەگرن و پرەنسیپەکانی مرۆڤایەتییان کردۆتە بەرژەوەندی هاوبەش. دەتوانن نەک یەکتر، بەڵکو خەڵکی بێگانەش قبووڵ بکەن، چونکە پێشکەوتنی ژیان و کۆمەڵگە، بووەتە بەرژەوەندی باڵای هاوبەش. هەر بۆیەش دەبینین، کە کۆچی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆ وڵاتە پێشکەوتووەکان بەردەوامە، لە کاتی بوونی هەر ئاریشە و گرفتێکدا، لە گەڵ ئەوەی وڵاتە موسوڵمانەکان ئەوان بە کافر دەزانن! بەڵام ئەوە لە ڕاستیدا ڕاکردنە بەرەو شوێنێک کە مرۆڤایەتی تێیدا باڵادەستە.

هۆکارێکی تری بنەڕەتی یەکتر قبووڵ نەکردن، مانەوەی عەقڵیەتە لە ئاستی چاولێکەری. لە کۆمەڵگەی بێ بەرهەمدا، هەمیشە چاولێکەری پەرەدەسەنێت. بۆیە کۆمەڵگە لە چاولێکەریدا دەمێنێتەوە ناتوانێ بگاتە ئاستی دامەزراندن و ئافراندن، لە وەها کۆمەڵگەیەکیشدا، مرۆڤ توانای بڕیاردان و بەرهەمهێنانی نابێت. کەواتە عەقڵ بەرهەمی نابێت و داینامیکییەتی کۆمەڵایەتی کز دەبێت، کە هەموان لە بازنەیەکدا دەخولێنەوە.
 
یەکتر قبووڵ نەکردن خۆی لە خۆیدا، کە مرۆڤ وەک تاک، گروپ و کۆمەڵگە، لە ئاستی قبووڵ کردنی یەکتر نەبێت و لە ئاستی دان پێدانان نەبێت، لەم کاتەدا خۆ فەرزکردن دێتە ئاراوە و پرۆسەی دیالۆگ لە ناو دەچێت، کەواتە لە جیاتی کۆمەڵگەیەک لە سەر بنەمای دیالۆگ دروست بێت، لە سەر بنەمای مۆنۆلۆگ دروست دەبێت. کلتوری مۆنۆلۆگیش، عەقڵی خۆی دەخوات. وا بیر دەکاتەوە، کە هەموو شتێ تەواوە، ئەم کلتورە بەجۆرێک بینا دەکرێت، کە هەموو ڕاستییەکان لای ئەوە، ئەوەش وادەکات، کە نە ئەویتر قبووڵ دەکەیت و نە دان بەهەڵەدا دەنێیت. 

کۆمەڵگەی جوتیاری هەڵگری عەقڵی مۆنۆلۆگە، بەپێچەوانەی کۆمەڵگەی پیشەسازی، کە لە سەر عەقڵی دیالۆگ بیناکراوە. ئەمەش وەک هەوڵدانێک، خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆژیە بۆ کلتوری یەکتر قبووڵ نەکردن.

هاوکات دەبێ بزانین، کە بەشێک لە ململانێ دەبێتە هۆی پێشکەوتن، بۆ نموونە ململانێی نێوان دوو فێرخواز، بەشی دووەمی ململانێ، کە "هەموو شتێکی من ڕاستە"، بە نەرگسییەت ناودەبرێت. دەبێتە بنەمای تەنگژەکان هەر لە ئاستی پەیوەندی نێوان دوو کەس، تا حزبە سیاسییەکان و ئاستی بەڕێوەبردنی وڵات. کاتێک کەسێک لە بیرکردنەوەیەکی ئەوەندە تەسکدا ماوەتەوە پێیوایە، کە ئەو "نموونەی باڵا"یە. لە هەندێ پەیوەندیدا دەگاتە ئاستی دژایەتی و شەڕکردن، تا ئەو ئاستەی "هی خۆم بۆ خۆم، هی تۆش دەخۆم".

پەیدابوونی بەرنامە زەمینی و ئاسمانییەکان (ئاین، یاسا، خوێندگای ئەدەبی، هزری، فەلەسەفی، دادگا و دامودەزگای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە) هەمووی بۆ ئەوەیە، کە مرۆڤایەتی لە یاسای دارستان ڕزگار بکرێت. هێزی هزر بایەخی پێبدرێت و هەرکەس شوێنی شایستەی خۆی وەربگرێت. هەموو ئەوانە لە پێناوی یەکتر قبووڵ کردن و پێکەوەژیانە. بۆ ئەوەی بەهێز و بێ هێزەکان پێکەوە بژین.

ئاین و فەیلەسوف و زاناکان، هەوڵیانداوە بواری پێکەوەژیان بڕەخسێنن. لەوانەش فەیلەسوفی یۆنانی پرۆتۆگۆراس ــ protqgoras، لە کتێبی (ڕاستی/٤٥٠پ.ز) دەڵێت: "مرۆڤ پێوەری هەموو شتێکە"، کەواتە لەو کۆمەڵگایانەی، کە هێشتا مرۆڤبوون نەبۆتە سەنتەر و پێوەر، نەگەیشتۆتە مۆدێرنێتە، زیاتر لە ژێر چەتری ئاین و خەیاڵدا ماونەتەوە، بواری یەکتر قبووڵ کردن کەمە و بەڵکو هێز بڕیار دەدات. 
بۆیە کاتێک گروپێک بەهێز دەبێت، هەوڵی خواردنی ئەوانیتر دەدات و لە جیاتی پێکەوەژیان، بێ هێز دەخورێت.

مرۆڤی کورد خاوەن عەقڵ و کەسایەتییەکە، کە ئازادی و سەربەخۆیی، لە عەقڵی باتنیدا لە دەستداوە و لە باسکردنی سەربەخۆیی چاوترسێن کراوە. ئەمە لە سایکۆلۆژیەتیدا چەسپاوە! بۆیە هەمیشە ئەمجۆرە کاراکتەرە لە ترس و گوماندا دەژێت. ناتوانێت نە ئاست، توانا و مێژووی خۆیی و نەهی دوژمن بناسێت. ناتوانێت ئامڕازەکان وەکو قبووڵ کردن و نەکردن، کە پێکەوەژیان دیاری دەکەن بەکار بێنێت. بۆیە تا ئەم سەردەمەش، ئێمە نەتەوەیەکی بێ قەوارەین و ناتوانین ئامڕازە دروستەکانی پەیوەندیکردن و ماف وەرگرتن دەستنیشان بکەین. مرۆڤ و بزووتنەوەکانی کورد تا ئێستا تەنیا لە سەر ڕزگارکردنی خاک تێکۆشاون و کاریان کردووە، بەڵام خەباتیان بۆ ڕزگارکردنی عەقڵ و کاراکتەر نەکردووە، لەبەرئەوە عەقڵی مرۆڤەکان بەکۆیلەتی ماوەتەوە، بۆیە کۆمەڵگەیەکی خۆشباوەڕ دروست بووە، ئەمجۆرە کۆمەڵگە و کاراکتەرە، لە سەر پلان و ستراتیژییەت کار ناکەن، بەڵکو لە سەر قەدەر و شانس دەژین!
 
نەخۆشییەکی تری کۆمەڵگەی کوردی، لە پاڵ یەکتر قبووڵ نەکردندا، خۆ بەلاواز پیشاندان و ملکەچبوونی ڕەها بۆ ئەویتر " نەتەوەی سەردەست" هەیە. ئەوەی لە ناو خودی کۆمەڵگەکە، کە دەبێت پێکەوە بژین، یەکتری قبووڵ ناکەن، بەڵام

 فەرمان لە بەرامبەری وەردەگرن!! ئەمەش بەرهەمی ئەم عەقڵیەتە مۆنۆلۆگەیە، کە خود نەناسین و کاراکتەری لاواز بەرهەم دێنێت.

عەقڵی هەژار و کاراکتەری لاواز دەتوانێت، لە ئاستی خۆی دژی بەرامبەر شەڕ بەرپا بکات، بەڵام لە بەرامبەر ئەو کەسەی، کە لە هزریدا وێنای بە بەهێزی کێشراوە، بە ئاسانی ڕادەست دەبێت و بۆشاییە دەرونییەکەی بەمجۆرە پڕدەکاتەوە. واتە باوەڕ بەخۆ نەبوون کەسایەتی لاواز بەرهەم دێنێت و ڕادەستی یەقینی بەرامبەر دەبێت.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.

 

 

AM:07:43:22/05/2019



ئه‌م بابه‌ته 450 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر