خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆژی بۆ چەمکی ئەخلاق

بەهرە حەمە ڕەش
نوسەر

چەمکی ئاکاری مرۆیی(ئەخلاق) یەک لەو چەمکانەیە، کە ڕۆژانە ویردی سەرزاری زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵە. زۆرترین باس و کەمترین شرۆڤەی دروستی بۆ کراوە. ڕاستە کۆمەڵی ئێمە لە ژێر فشاری ئەخلاقی ئایینییە، بەڵام ئایا وەکو خۆی پابەندی ئەخلاقی ئایینی بووین؟ یان چەند ڕۆشنبیر و کۆمەڵناس، توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی دروستیان بۆ ئەم چەمکە کردووە و ناساندوویانە؟


ئایا ئەو خاڵانەی لەم کۆمەڵگەیەدا بە ئەخلاق ئەژمار دەکرێن، دەکەونە ناو کام بەرنامە و تێگەیشتنی ئەخلاق؟ لە کام بواردا، یەک دەگرنەوە؟ کۆمەڵگەیەک، کە خەڵکی بەبیانووی ئەخلاق تێدا دەکوژرێت، بەکام پێوەر دەڕوانێتە ئەخلاق؟


وێڕای ئەوەش ئەگەر بمانەوێ پێناسەیەکی ئاکار بکەین، دەبێت سەرەتا بزانین بەکام پێوەر و لە ڕوانگەی کام بەرنامەوە پێناسەی دەکەین. پێناسەی ئەخلاق بە پێوەری نەتەوەیی، پاراستنی بەها نەتەوەییەکان و ڕێزگرتن لە خەبات و ڕەمزەکان، هەروەها خزمەتکردنی وڵات و ناپاکی ئەنجام نەدانە. بەپێوەری ئاین، دەرنەچوونە لە فەرمانە ئاینییەکان. بەپێوەری داب و نەریت، پاراستنی بەها نەریتییەکانە. بەپێوەری مرۆیی، خزمەتکردنی مرۆڤ و سنور نەبەزاندنە بۆ سەر ئازادی ئەوانیتر، بەپێچەوانە خۆت ئازادی لە هەڵسوکەوت و چۆنێتی ژیانکردن. لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، پێناسەی ئەخلاق بەپێی تێگەیشتن و ڕوانگە مرۆییەکانە. تەجاوزکردن بۆ ژیانی ئەوانیتر بێ ئەخلاقییە.


پێویستە خوێندنەوەیەکی وردی سۆسیۆلۆژی بۆ هەموو ئەو چەمکانە (دەوڵەت، دیموکراسی، ئازادی، ئەخلاق، کۆمەڵگەی مەدەنی...) بکەین، کە ڕۆژانە بەکاریان دێنین، چونکە بەبێ ناسین و زانینی بنەما، ڕەگ و واتایان ناتوانین بەشێوەیەکی تەندروست مامەڵەیان لە گەڵ بکەین. بۆیەش باسکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ چەمکەکان بەدرێژایی مێژوو، لای ئێمە ئەنجامی نەبووە و تەنیا لە سنوری قسەکردندا دەمێنێتەوە و ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.


کۆمەڵگەی مەدەنی، یەک لەو چەمکە باوانەیە، کە ڕۆژانە لەم کۆمەڵگەیە بەکاردێت، بەڵام لە ئەنجامدا لە جیاتی کۆمەڵگەی مەدەنی گەڕاوینەتەوە بۆ کۆمەڵگەی عەشایەری. چەمکێک هەڵقوڵاوی خودی کۆمەڵگەکە نەبێت، دەبێت بەر لە وەرگرتنی ژینگەی وەرگرتن و هوشیاری کۆمەڵایەتی بۆ بڕەخسێنرێت. بۆیە نابێتە بەشێک لە پرۆسسی کۆمەڵایەتی ئێمەو هەمیشە بە مردووی دێتە ناو واقعی کۆمەڵگە و تەنیا وەکو قسە و ڕووکەش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بۆیە وەرگرتن و بەکارهێنانی چەمک بەبێ ژینگەیەکی لە بار بۆی، جێگیر نابێت و زۆر جاریش دووچاری ڕەوشی پێچەوانە دەبێتەوە.


ئەخلاق لە کۆمەڵی ئێمەدا یەکێک لە باوترین چەمکەکانە، کە لە هەر چەمکێک زیاتر باس دەکرێت، بەڵام کەمترین پێناسە و تێگەیشتن بۆ ئەم چەمکە هەیە. نەمانتوانیوە وەکو پێویست شرۆڤەی بکەین، بۆییەش وەکو پێویست جێبەجێ نەکراوە. تەنیا وەکو چەمک لەگەڵی ژیاوین، مێژووی پەیدابوون و جۆرەکانی شارەزا نین و نەچووینە بناوانی دروستبوونی.


بەها ئەخلاقییەکانی مرۆڤ، بەپێی تێگەیشتن و ڕوانگەکان جیاوازن، بەڵام خاڵی هاوبەشیان هەیە. ئەمەش وادەکات کە لەگەڵ یەکتر ناکۆک نەبن. ئەو مرۆڤانەی، کە خاوەنی بەهای ئەخلاقین، دەتوانن نزیکبوونەوەیەکی مرۆییان هەبێت، چونکە ئەنجامدانی چاکە، بەپێی مێژووی فەلسەفەی ئەخلاقیش. یەک لە پرەنسیپەکانی ئاکاری مرۆڤە، کاری ئەرێنی و چاکەکردنیش، لە زۆربەی بەرنامە ئایینی و زەمینییەکاندا هەیە.


تێگەیشتن بۆ ئەخلاق و بەها ئەخلاقییەکان ڕێژەییە. هەر هەوڵدانێکی تیۆری و پراکتیکی، کە مرۆڤ لە شتی خراپ لابدات ئەخلاقە. پەیگیری مرۆڤ بۆ ئەخلاق لە ئەنجامی هەستکردن بەبەرپرسیارێتییە بەرامبەر مرۆڤەکان یان خوا یان هەر نمونەیەکی باڵا لە زیهنی خۆیدا. دەکرێ بە لە بەرچاوگرتنی هەموو ئەو خاڵانە پرسیاری زیاتر بۆ شیکردنەوە ناسینی زیاتری چەمکی ئەخلاق بێتە ئاراوە.


هەر مرۆڤێک پابەندی ئەو ئەخلاقەیە، کە خۆی باوەڕی پێیەتی، ئایا ئەو پرەنسیپە ئەخلاقییانە ئایینی، نەتەوەیی و نیشتیمانی یان مرۆیین؟ ئەو بنەما ئەخلاقییانەی، کە لە ئایین وەرگیراون زیاتر وابەستەی جەستەی/ ڕەگەزی ژن کراون. ئەو کەسانەی، کە پابەندی ئەخلاقی مرۆیین، زیاتر بە پێوەری ئەرک و ماف گوزارشت لە ئەخلاق دەکەن، چونکە لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا، پەیڕەوکردنی ئاکار، ئەنجامدانی ئەرکێک بەرامبەر بە مافێکە. بۆ سەقامگیربوونی ئەم جۆرە لە ئەخلاق پێویستمان بە شکاندنی بتەکان و دروستبوونی تاکێکە، کە سنوری "عەبد و شێخ" و "ئاغا و کۆیلەی" بەزاند بێت. بەمجۆرە دەگاتە دروستبوونی هاوسەنگییەک، کە مرۆڤەکان هەست بە دادپەروەری دەکەن، تا ئاستی بیناکردنی ئەخلاق بە پێوەرە مرۆییەکان. لەوێوە کۆمەڵگە دروست دەبێت.


بێدەنگبوون لە سەر مافی خود جۆرێک بێ ئەخلاقی نەرمە، خۆشکاندن و ڕێزی خۆ نەگرتنە بەرامبەر ئەوانیتر. هەروەها بێدەنگی بەرامبەر هەموو ئەو خۆسەپاندنانەی، کە لە سەر بنەمای ئایین و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێتە سەر سنوری ئازادی تاک، دیسان جۆرێکە لە بێ ئەخلاقی.


کۆمەڵگەی ئێمە لە چوارچێوەی کۆمەڵگە دواکەوتووەکانە، وەکو پێویست پەیڕەوی هیچ ئەخلاقێک ناکات. بەڵکو تێکەڵەیەکی نەخوازراوی لە ژێردەستەیی و چەوساندنەوە بەبیانووی نەتەوەی سەردەست و ئایین تێکەڵی کلتوری کراوە. ئەمەش وایکردووە، کە لە سەر خاکەکەی خۆی داگیرکارەکانی بە ئاغای خۆی بزانێت، چاو لە هەموو دەستدرێژییەکانیان بنوقێنێت و ئەم چاو نوقاندنەش نەخاتە سنوری بێ ئەخلاقییەوە. ڕازی بێت چەوسێنەرەکەی حوکمی بکات و هەمان کات سوکایەتیشی پێبکات، هاوکات ئەگەر مێینەیەکی خیزانەکەی پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ نێرینەیەک هەبێت. ئەو کارە دەخاتە چوارچێوەی ئەخلاق و لە زۆربەی حاڵەتدا باجەکەی ژیانی کەسەکان دەبێت.


کۆمەڵگەی کوردی، هەر لە چوارچێوەی داگیرکاریدا بەبێ خواست، خراوەتە ژێر فشاری کلتوری ئایینییەوە. لەبەر ئەوەی کلتوری ئایینی بازنەییە مرۆڤ تێیدا دەخولێتەوە و بواری پێشکەوتن و گۆڕانکاری نییە. ئەگەر هەشبێت زۆر کەمە، بەپێچەوانەی کلتوری مرۆیی، کە ستونییە ئەم گەلانەی پابەندی ئەم جۆرە لە ئاکار دەکەن، لە پێشکەوتنی بەردەوامدان.


ئەگەر بەدرێژایی مێژووی کلتوری ئایینی بڕوانین، دەبینین چەندان کەس بەهۆی هەبوونی پەیوەندی جەستەیی بەشێوەی ناشەرعی "زینا" کوژراوە، بەڵام سەردەم دوای سەردەم وێڕای ئەم سزا قورسە، ئەم جۆرە پەیوەندییە لە زیادبووندایە!! بەتایبەت لە کۆمەڵگە ئایینییەکادا. کەواتە رێنماییەکانی ئەخلاقی ئایینی وەکو پێویست، لە ناو خەڵکدا جێی نەگرتووە و بە ژیانی سروشتی نامۆیە.


هەر کۆمەڵگەیەک قسەی زۆر و پراکتیکی کەم بێت، نیشانەی تێنەگەیشتنییەتی بۆ چەمکەکان و قەدر نەزانیی خود و کاتە، چونکە لە کۆمەڵگەی وەهادا، کە پێشکەوتن و هەنگاوەکان تێیدا زۆر سستن، نە چەمکەکان و نەکات وەکو هەیە حسابیان بۆ ناکرێت.


کاتێک چەمکی ئازادی بەکاردێنی دەبێت بزانی، ئەم چەمکە چۆن و کەی پەیدابووە؟ چی و چۆن مێژوویەک لە پشت سەرهەڵدانیەتی؟ دەبێ بزانین، کە (ئازادی) دەرئەنجامی هەزاران ڕیفۆرم، شۆڕشە و قوربانی بێ شوماری بۆ دراوە. هەر بۆیەش ئەم وڵاتانەی گەیشتوونە ژیان، لەم چەمکەدا قەدری ئازادی دەزانن و دەشزانن چۆن ڕێزی بگرن و کەی و لە کوێ بەکاری بێنن. بۆیە ناتوانی چەمکێک بێنینە ژیان، کە هیچ لە بارەی مێژووی هاتنە ژیانییەوە تێنەگەیشتووین و نازانین. شۆڕشە فکرییەکانیان هاوشانی شۆڕش و بزووتنەوە چەکدارییەکانیان بووە.


دنیا و ئاکاری مرۆڤەکان جیاوازە، هەموو جۆرەکانی ئاکار پێویستی بە تێگەیشتین و قبوڵكردنیەتی بەپێی جێگە و پێگە و سنوری جوگرافی کەسەکان. دەکرێ بەدین و بێ دینێک، لە باسی چەمکی ئەخلاقدا وێڕای جیاوازی قسەکردن و دژایەتییان هەردووکیان راست بکەن، چونکە تێگەیشتن و ڕوانینی هەریەکیان بۆ ئەخلاق بەپێی بەرنامەی خۆیەتی. ئایا سنوری تێگەیشتن و دنیابینی تاکی کۆمەڵی ئێمە، ئەوەندە فراوان بووە، کە جیاکردنەوە و تێگەیشتنە جیاوازەکان بکات و وەکو خۆی قبوڵیان بکات؟ ئایا مرۆڤی کورد، لەوە تێگەیشتووە، کە سەرجەم بەرنامە ئاسمانی و زەمینییەکان بۆ خزمەتی مرۆڤ هاتوون، بۆیە ناکرێت مرۆڤ بخرێتە خزمەتی ئەوان؟ کاتێک هەموو ئەو سنورانەمان بۆ تێگەیشتنی زانستی کۆمەڵایەتی بەزاند، ئەوکاتە دەتوانین شرۆڤە و پێناسەیەکی پوخت و گونجاو بۆ ئەخلاق بکەین و شرۆڤەی ئەم چەمکە بە گونجان لەگەڵ هەڵکەوتەی جوگرافی و مێژوویی ئەم میللەتە بکەین. هەموان بزانین، ئایا کام لە ڕەفتار و کردەوەکانی ڕۆژانەمان بەکام پێوەر و بەرنامە دەکەونە سنوری پەیڕەوی ئەخلاقی باڵای مرۆیی یان بێ ئەخلاقی؟


ئەم وتارە گوزارشتە لەڕاى نوسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.

PM:04:18:25/03/2019



ئه‌م بابه‌ته 748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر