زیندووی مردوو یان مردووی زیندوو؟!

بەهرە حەمە ڕەش
نوسەر

وەک چۆن سەرەتا و لەدایکبوون هەیە، ئاواش مردن و کۆتایی هەیە، کەواتە دەبێت ئێمە بۆ ئەم دیاردە سروشتییە ئامادەبین و وەکو ڕووداوێکی سروشتی وەری بگرین.


ئەم قسەیە بۆ هەموو بونەوەرێک ڕاستە، بەڵام جیاوازی مردنی مرۆڤ و گیانلەبەران ئەوەیە، کە مرۆڤەکان دوای مردن وەکو ڕێز گۆڕیان بۆ هەڵدەکەندرێت و نەوە دوای نەوەی ئەم کەسە، بەشێوازی جۆراوجۆر مەزارەکان دەپارێزرێن.


مێژووی هەبوونی گۆڕ بۆ مرۆڤەکان کۆنە، زۆربەی ئاسەوار و زانیاری دەربارەی مرۆڤایەتی سەدەکانی ڕابردوو لە ناو گۆڕەکان بەتایبەتیش گۆڕی پاشا و شازادەکان دۆزراوەتەوە. هەتا زۆرجار ئەو کەلوپەلانەش هەن، کە لە ژیانیدا بەکاری هێناون.

بۆیە دەکرێت بڵێین، ئەم نەریتە هاوکاربووە بۆ ئاشنابوون بە مێژووی کۆن و ژیان لە ڕابردوودا.


لە کلتورە پێشکەوتووەکاندا، ئەم دیاردە سروشتییە وەکو خۆی وەردەگیرێت و مرۆڤەکان تا هەن هەوڵی باش ژیان و ڕێزگرتن لە یەکتر دەدەن. دوای مردنی، ئازیزانیشیان درێژە بە ژیانی ئاسایی وەکو خۆی دەدەن.


مرۆڤەکان تا لە ژیاندان زۆر کەم چاکە، رەفتار و خەسڵەتە باشەکانیان دەبینرێت، بەپێچەوانەوە دوای لە دەستدانیان زیاتر هەستی پێدەکرێت، ئەمە زیاتر لە کلتوری دواکەوتوودا باوە. هەربۆیەش کورد وەکو نەتەوەیەکی ژیان دۆست و عەقڵانی لە لاپەڕەکانی مێژوودا تا ئەمڕۆ دەرناکەوێت.هەمیشە لە زیندووەکان زیاتر بەتەنگ مردووەکانەوە بووە.


لە گەڵ ئەوەشدا، مردن وەکو هەرشتێ لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە. هەندێکجار مردنی کەسێ لە پێناو نیشتیمان یان هەر ئەرکێکی تری مرۆیی دەبێتە جێی شانازی. هەروەها مردنی ئەوانەی، کە خزمەتی مرۆڤایەتی دەکەن، تەنیا فیزیکییە و ئەوان بەرنامە، رێباز و خزمەتەکانیان لە ناو خەڵکدا پەیڕەو دەکرێن و زیندوون. نمونەی ئەوانەش مردنی گیڤارا، غاندی و ماندێلایە، کە هەریەک بەجۆرێک خزمەتی مرۆڤایەتییان کردوویە.

ئەوان بەجۆرێک لە ناو خەڵکدا زیندوون، کە پێویستیان بە پەیکەر و ڕەمزەکانی وەبیرهێنانەوە نییە. کەواتە تا ئەوان لە زاکیرەی خەڵکدا بمێنن زیندوون و بوونەتە بەشێک لە مێژوو. ئەوانەش کە ناویان دەچێتە مێژوو بەزیندوویی دەمێننەوە.


نەریتێکی تری باو بۆ زیندوو هێشتەنەوەی مردووەکان، هەڵگرتن و بەناوکردنی کەسانی ترە بە هەمان ناو، بەمجۆرەش ناوی ئەو کەسە لە مردن دەپارێزرێت. هاوکات هەڵگرتنی فۆگرافی کەسانی کۆچکردوو هاوکاری مانەوەی شێوە و بیرەوەرییەکانی ئەو کەسە لە هزرو چاوی زیندووەکاندا.


لایەنێکی تری مردوو دۆستی لە کلتوری ئێمەدا، کردنی گۆڕەکانە بە زیارەتگەو پاڕانە و سەردانیانە بەمەبەستی هاتنەدی مەرام و ئاواتەکانیان. لە جیاتی هەوڵدان و وەرگرتنی هاوکاری لە زیندووەکان، بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان پەنا دەبەنە بەر نزاکردنی گۆڕستان.

ئەم مردوو دۆستییە لە ئێستاشدا لە ئاستی نوخبەی سیاسی و بوارەکانی تریشدا باوە. دەبینین کە حزبەکان کەسی زۆر شیاویان هەیە، بەڵام خولیای کاربەدەستانی حزبەکان لە دەوری سەرۆکە مردووەکە دەخولێتەوە. لە جیاتی درێژەدان بە رێبازەکەی پشێوی و نائارامی دروست دەبێت.


مردنی باوکە بایۆلۆژی، مەعنەوی و ڕەمزییەکانیش لە کلتوری کۆمەڵگەی ئێمەدا، نسکۆیە. ئەگەرچی دەتوانرێت مردنی ئەوان تەنیا فیزیکی بێت و درێژە بە هەوڵ و خەباتیان بدرێت، بەڵام ئەو گیانە مردوو دۆستییەی، کە لە هزری ئێمەدا چێنراوە. باسەکانمان تەنیا پابەندی پرسەگرتن و بێهیوایی دەبێت، چونکە باوکەکان شان بە شانی هەبوونی دەسەڵاتی ڕەهایان لە ژیاندا، خاوەنی خزمەت و خەباتی بەردەوامیش بوون. بۆیە دەکرێت ژیان وەکو بەرخودان بۆ زیندووڕاگرتنی مۆڕاڵی ببینین و مردنی ئەوان تەنیا فیزیکی بێت و بە درێژەدان بە خەباتی ئەوان ناویان زیندوو راگرین.

ئەگەرچی زۆرجار پێمانوایە، بۆ ڕزگاربوونی هزری پێویستە باوکەکان لە هەندێ بواردا بمرن، خودی تاکە کەس ببێتە خاوەن بڕیار، بەڵام دەکرێ لایەنی ئەرێنی و نەرێنی ئەم هزرەش شەن و کەو بکرێت و لەم ڕووەوە توشی زیان گەیاندن بە باوکەکانمان لە ڕووی مەعریفی و مرۆڤ دۆستییەوە نەبین.


جۆرەکانی مردن، بەپێی پیشە و چۆنێتی بەشداری لە گۆڕەپانی ژیاندا دەگۆڕێت. کاتێک نوسەرێک لە ژیاندا لە نوسین دابڕا، دەکرێ بڵێین وەکو پیشە و ئەرک مردووە. هەروەک ماوتسی تونگ دەڵێت ڕۆشنبیر وەک ماسییە، کە لە بوارەکەی دەرچوو دەمرێت. ئەگەر نوسەرێک دوای خۆی کتێب و هزری جوانی جیهێشت و بەم ڕێگایە خزمەتی مرۆڤی کرد، ئەوا مردنی ئەو تەنیا فیزیکی دەبێت. مرۆڤ تا لە خزمەتکردن بەردەوام بێت، نەمردووە.


نیتچە دەڵێت: "باشترین لە دایکبوون، دوای مردنە"، لێرەدا باشتر تێدەگەین، کە ماندێلا نەمردووە. ئەو لە دوای مردنی فیزیکیشی خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکات و ناو و کارەکانی یارمەتیدەرن بۆ ڕزگارکردنی مرڤایەتی لە ستەم.


لە کۆمەڵگەی کوردیدا دیندار و ئەوانەش، کە پەیڕەوی دین ناکەن، زۆر سەرسەخت و وابەستەی بەرنامەکانیان دەردەکەون. لە گەڵ ئەوەشدا، لە کاتی مردنی کەسەکاندا دەبینی، کە هیچیان ئەو پەیڕەوکارە سەرسەختە نین و پەیڕەوانی هەردوو لا وابەستەییان زیاتر وەکو قسە دەمێنێتەوە، چونکە بەپێی ئاینەکان "مردن حەقە"، هەموو بونەوەریک دەبێ بمرێت. بەپێی پەیڕەوکارانی غەیری ئاینیش "مردن ڕووداوێکی سروشتییە"، دەکرێ ئاسایی وەربگیرێت.

ڕاستە مردنی ئازیزان، دەکرێ خەمخواردن و پرسەگرتنی بەدواوە بێت، بەڵام هەردوولا لەو ئاستەدا نین، کە بەر لە ڕووداوەکە باسیدەکەن. لە گەڵ مردنی باوکەکان یان کەسێک لە ئازیزان مردوودۆستی هەوادارانی هەردوو بەرنامە دەردەکەوێت. ئەوەندەی گرنگی بە کۆچکردووەکە وەکو ڕازاندنەوەی مەزار و پرسەگرتن دەدرێت، ئەوەندە گرنگی بە بەرنامە و ئامانجەکانی ژیانی نادرێت. بۆیە دەکرێت کاتێک خۆمان بە زیندوو بزانین، کە لە مردوو دۆستییەوە بگەینە  ئاستی ژیان دۆستی و لەجیاتی پرسەگرتن و خەرجکردنی بڕە پارە و کات و وزەی زۆر مەراسیمی پرسە و مەزارەکان، بخرێتە خزمەت پەروەردە و پێگەیاندنی تاک و خێزان.

بەوە دەتوانین لایەنە ئەرێنییەکانی ئامانج و ژیانی کەسی کۆچکردوو ڕوناک و زیندوو ڕاگرین. لەجیاتی خزمەتی کۆچکردوان خزمەتی زیندووەکان بکەین.

 

 

 ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نوسەر وچاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە


PM:09:01:13/03/2019



ئه‌م بابه‌ته 278 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر