کوردستان، ئەو ھێلکەیەی ئەمریکا بۆی سپی ناکرێ

هەڵوێست میرانی
پارێزەر
کوردستان باشترین جێگرەوەیە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا جێگای ھاوپەیمانە کۆن و ستراتیژیەکانی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوین بگرێتەوە. لەماوەی ڕابردوودا، بەشێک لەو وڵاتانەی بەھۆی گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبردن لە ھاوپەیمانیەتیەوە بوون بە دوژمن و نەیاری ئەمریکا، ھەندێکیشیان بەھۆی خواستی سیاسی و بەرژەوەندیەکانیانەوە لە ئەمریکا ھەڵگەڕاونەتەوە .

دوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی ئێران لە پاشایەتیەوە بۆ کۆماری، ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران (آیة اللە الخمینی) دروشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا"ی بەرز کردەوە، بەمەش ئەمریکا دۆستێکی دێرین و ھاوپەیمانێکی ستراتیژیی لەدەستدا، چونکە بەر لە شۆڕشی ئیسلامی ئێران، سیستەمی پاشایەتی حوکمی ئێرانی دەکردو پاشاو دەسەڵاتەکەی ھاوپەیمانی نزیکی ئەمریکا بوون. دوای ئێران، ھاوپەیمانانی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوین وردە وردە لە ئەمریکا ھەڵگەڕانەوە، ئەگەرچی ڕژێمی بەعس بەھۆی پیادەکردنی سیستەمی ئیشتراکی و نزیکییان لە یەکێتی سۆڤیەت و بلۆکی کۆمەنیستی، بەڵام تا داگیرکردنی کوەیت پەیوەندییەکی ئاساییان لەگەڵ ئەمریکا ھەبوەو گەلێ جار بەرژەوەندی هەردوو وڵاتی خستبووە سەنگەرێکەوە، لەوانە شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق لەگەڵ ئێران. بە داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراق و دواتر  دەرپەڕاندنی سوپای بەعس لە کوەیت لەلایەن ئەمریکا و ھاوپەیمانیەکانیەوە، پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق پچڕان تا پڕۆسەی ئازادی عێراق. دوای پڕۆسەی ئازادییش، ئەمریکا، عێراقی لەسەر سینییەکی زێڕین پێشکەشی ئێرانی دوژمنی کرد، ناو ناوەش بەرپرسانی عێراق ھەڕەشەی دەرکردنی سوپاو ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەن. کەواتە ئەمریکا دوای پڕۆسەی ئازادی نەیتوانی عێراق بەتەواوی بخاتە ژێر هەژموونی خۆی.

بە گشتی ئەوەی وەک ھاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوین چاوی لێ دەکرێ، تورکیا و سعودیەن.

ئەوەی سعودیەی وەک ھاوپەیمانی گوێڕایەڵی ئەمریکا ھێشتۆتەوە، فراوانبوونی ھەژموونی ئێرانە لە ڕۆژھەڵاتی ناوین و بەھێزبوونی حوسییەکانی یەمەن و میلیشیا شیعەکانی ناوچەکەن کە ئێران سەپۆرتی داراییان دەکات و ئەوانیش گوێڕایەڵی ئێرانن، ئەمەش بەردەوامی وەک ھەڕەشە بۆ سەروەری خاک و دەسەڵاتی بنەماڵەی ئال سعود لەقەڵەم دەدرێن.

تورکیای سەردەمی ئەردۆغان وەک ھاوپەیمانێکی یاخی و سەرکێش بەرامبەر سیاسەتەکانی ئەمریکا مامەڵەی کردووە و تا ئێستاش وەک ھاوپەیمانێکی یاخی ھەڵسوکەوت دەکات، یەکەم دەنگی نەخێر، تورکیای سەردەمی ئەردۆغان  بەڕووی ئەمریکا بەرزی کردەوە. ئەوەبوو تورکیا ڕێگای نەدا ئەمریکا بۆ ڕووخانی ڕژێمەکەی صەدام حسێن خاکی تورکیا و بنکەی سەربازی  ئەنجەرلیک بەکاربھێنێ.

لەوکاتەوە چەندین جاری تر تورکیا لە ئەمریکا یاخی دەبێت و سیاسەتەکانی دژ بەبەرژەوەندیەکانی ئەمریکا ئاڕاستە دەکات، لەوانە کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس ٤٠٠  لە ڕوسیا، دەستگیرکردنی قەشە بۆریس جۆنسن لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئانکەرەوە ،  وە بە ھۆی ئاڵۆزیەکانی ھەشت ساڵەی سوریا و سەپۆرتی ئەمریکا لە ستاتیۆی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان بە تەواوەتی پەیوەندیەکانی ئەمریکا تورکیای بەرەو لێژی برد و تورکیاشی تاڕادەیەک خستە بەرەی ھاوپەیمانیەتی ڕوسیاوە ، ئەمەش وای کردووە ئەمریکا بیر لە گواستنەوەی پەنجا کڵاوە ئەتۆمیەکەی سەربازگەی ئەنجەرلیکی تورکیا بکاتەوە .

کورد و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا 
ئەگەرچی ئەمریکا بۆ کورد ھاوپەیمانێکی باوەڕپێکراو نیە لەبەرئەوەی لە چەند وێستگەیەکی چارەنوسسازدا پشتی لە کورد کردووە، دواجار بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا بوو لە ڕۆژئاڤای کوردستان کە ئەمەش وای لە کورد کرد ھەڵوەستەیەک لەو متمانەیە بکات کە لەسەر ئەمریکای ھەڵچنیوە، بەھۆی ئەو ھەڵوێستەی ئەمریکاوە تەنانەت چەند ھاوپەیمانێکی ئەمریکا لە ناوچەکە لەوانە ئیمارات و سعودیە  بیریان لە بەدیل کردۆتەوە و خەریکی توندوتۆڵ کردنی پەیوەندیەکانیانن لەگەڵ ڕوسیا ، لەگەڵ ھەموو ئەو ھەورازو نشێوەی لە تێڕوانینی کورد بۆ ئەمریکا ھەیەتی دەکرێ بڵێین کورد بۆ ئەمریکا ھاوپەیمانێکی باوەڕ پێکراوە و جێگای متمانەیە .

گۆڕانکارییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوین و باکوری ئەفریقیا ھەر لە ڕوخانی ڕژێمی بەعس تا دەگاتە کەوتنی دیکتاتۆرەکانی وڵاتانی عەرەبی و قەیرانی ناوەخۆی سوریا و ڕاگەیاندنی خەلافەتی داعش، نزیکە لە ڕووداوەکانى 1948 کاتێک بەرنامەى دروستکردنى ئیسرائیل لەلایەن بەریتانیاوە  جێبەجێ کرا، لێکچویەک لە نێوان ڕووداوەکانی ئەو چەند ساڵەیە و سەرەتای ساڵەکانی کۆتایی جەنگی جیھانی دووەم کە وڵاتانی موستەعمەری ڕۆژھەڵاتی ناوین دەستکاری سنورەکانی ناوچەکەیان کرد و بەریتانیا لە چوارچێوەی بەڵێنێک کە بە (بەڵێنی بەلفۆر) ناسراوە، کیانێکی بۆ جولەکەکان لە خاکی فەڵەستین دروستکرد.

ئەگەرچی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوین لەدوای جەنگی جیھانی دووەمەوە بەپێی بەرژەوەندییەکانی تائێستا بەشێوەیەکى کاریگەر وجودی ھەیە، ئەو وجودەش پێویستی بە ھاوپەیمانیەتێکی درێژخایەن و متمانەپێکراو ھەیە تا بەرژەوەندیەکانی بە پارێزراوی بمێنێتەوە، بۆ ئەمەش ھاوکاریکردنی کورد لە دروستکردنی کیانێکی کوردی، باشترین دەرفەتە بۆ ئەمریکا تا ببێتە خاوەن ھاوپەیمانێکی باوەڕپێکراو  لە ناوچەکە.

ھەوڵێکی لەو جۆرە تورکیاى خستۆتە ترسەوە 
ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشورى کوردستان و دروستکردنی ستاتیۆیەک لە ڕۆژئاڤای کوردستان، تورکیای خستە جوڵە تا ھەوڵی سەربەخۆیی کوردان لەبارببات، ئەگەرچی وڵاتانی عێراق، ئێران، تورکیا، سوریاو چەند وڵاتێکی ناوچەکە دژی سەربەخۆیی کوردستان ھەڵوێستیان وەرگرت، بەڵام جوڵەکەی تورکیا تەواو جیاواز بوو لەوانی تر، بە ماوەیەکی کەم دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، تورکیا شاری عەفرینی لە ڕۆژئاڤای کوردستان داگیرکرد، کە ئەمەش دەستی بەسەر ئەو ڕێڕەوەدا گرت کە کوردستان نزیک دەکاتەوە لە دەریای سپی ناوەڕاست.  تورکیا درێژەی بە جوڵەکانی دا تا بە بیانووی دروستکردنی ناوچەی ئارام ھاتە خاکی ڕۆژئاڤاو ھەوڵیش دەدا سێ پارچەکەی کوردستان (باکور، باشور، ڕۆژئاڤا) لێک داببڕێنێ لە ڕێگای گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەو جێگیرکردنی ھێزی سەربازی لە ڕۆژئاڤا.

ئەوەی ترسی خستۆتە دڵی تورکیا لەپاڵ ئەگەری لێکترازان و دابەشبوونی خاکی تورکیا لە دروستبوونی کیانی کوردی، کەمبوونەوەی ھەژموونی تورکیایە کە پێگە ستراتیجیەکەی پێی بەخشیوە، بە لەدایکبوونی کیانێکی کوردی لە باکوری عێراق و باکوری سوریا، تورکیا پێگە ستراتیژیەکە لەدەست دەدات و کوردیش دەبێتە ئەلتەرناتیڤی تورکیا بۆ ئەمریکا.

ئەمریکا بۆ ئەوەی ڕزگاری بێ لە ھەڵوێستە ناجێگیرەکانی تورکیاو ئەگەرى پاشەکشەی ھاوپەیمانە عەرەبەکانی لە ناوچەکە، ھاوکاری کردنی کوردە بۆ دروستکردنی کیانێکی سەربەخۆ کە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا کەشێکی سیاسی لەبار  ڕەخسابوو. کورد تەنھا دەتوانێ لەچوارچێوەی کیانێکی سەربەخۆدا ھاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆی پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاش بکات، بێ دروستکردنی کیان و لەچوارچێوەی عێراق و سوریا، کورد ناتوانێ پێگەو ڕۆڵێکی گەورە لەو چوارچیوەیە بگێڕێ.

ئەوەی جێگای پرسیارە ئەمریکا بۆ ھاوشێوەی بەریتانیای ساڵی ١٩٤٨ دەرفەتەکەی نەقۆزتەوە؟ یاخود ئەمریکا تا ئێستاش تورکیا و عێراق وەک دوو ھاوپەیمانی متمانەپێکراو دەبینێ و  بەکردەوە بە کوردیان گوت  کاتی دروستکردنی کیانی کوردی نیە!؟

PM:02:35:31/10/2019



ئه‌م بابه‌ته 467 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر