تۆ حەز دەکەیت خوشک و دایکت وابن

ناسك واحید
نوسه‌ر و ڕۆشنبیر
ئەمە ئەو دێڕە بێ ماناو باوەیە کە زۆرترین کات ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبێتەوە کە پشتگیری لە ئازادییەکی کەسی دەکەن، هەروەها ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبێتەوە کە فیکرێکی جیاواز لە خێزان و کۆمەڵگایان ھەیە. ئەو کەسەنەی لە ھەوڵی گۆڕینی کلتووری سەپێنراوی ھەزار ساڵەدان، زۆرترین ئازاری  ڕۆحی و دەروونیان دەدرێت، چونکە ھەمیشە گەمژەکان دەمکراوەترو ئازادترن لە دەربڕینی دێڕە بێ ماناکانیان، هەروەها ھەمیشە نەزانی، ھێزی بڵاوبوونەوەی زیاترە لە ژیری.

ئەو پرسیارەی کە دەڵێت(ئەی تۆ حەزدەکەی دایک و خوشکت وابن؟)پرسیارێکە ئەوپەڕی بێ ئاگایی و پوچی  فیکری ئەم کۆمەڵگایەت پیشان دەدات و، ئازار ئەوەیە کە ھەمیشە زۆرینە خۆی بە ڕاست دەزانێت و، پێی وایە حەقیقەتی موتڵەق بە ژمارەی زۆرینەو کەمینەیە، لە کاتێکدا ڕەنگە یەکێک لە ھەمووان ڕاستربێت.

ئەو پرسیارەی کە یەکسەر وشەی خوشک و دایک دەدات بە گوێماندا، دەرخەری ئەو ڕاستییە کە ئەم کۆمەڵگایە، چەند چێژ لە خاوەندارێتی یەکترو قۆرغکردنی ئازادی یەکتر دەبینن، باشە کەسێک گەر فیکری جیاواز بێت چ پەیوەندییەکی بە خوشک و دایکەوە ھەیە!؛ بۆ نمونە گەر پیاوێک پشتگیری لە سەما بکات، ڕاستەوخۆ لێی دەپرسن تۆ ڕازیت خوشک و دایکت سەما بکات، بێ ئاگان لەوەی کە خوشک و دایکی پەروەردەی دەست کۆمەڵگان نەک ئەو کەسە، هەروەها خوشک و دایک لە تانەو دەمی کۆمەڵگا دەترسن، لەو کەسانە دەترسن کە بەردەوام ھەموو پرسیارو قسەکانیان، هەروەها تەنانەت جوێندانەکانیشیان بە خوشک و دایک دەست پێ دەکات، سیفەتی خاوەندارێتی سیفەتێکی زاڵە لەم کۆمەڵگایەدا لە کاتێکدا خوشک و دایک مێشک و دڵ و جەستەی خۆیان ھەیە و، پێویستیان بەوە نییە کەس لە بری ئەوان بیربکاتەوەو بڕیار بدات، کەس لەم سەر زەوییە لەبری کەس لەدایک نەبووە تا مافی ئەوەی ھەبێت لەبری کەسێکی تر بڕیار بدات و بیربکاتەو قسەبکات، براکانمان خاوەن فیکری خۆیانن بە ھەمان شێوە خوشکەکانیشمان، جا ھەر بۆیە مرۆڤی باڵاو تەندروست  لەبری ئەوان قسە ناکات، مرۆڤی ژیر لەبری خۆمان پرسیاری خوشک و دایک ناکات.

گرفتی سەرەکی ئەم جۆرە  کۆمەڵگایانە ئەوەیە کە خاوەنی فیکری تاک نین، بەڵکو لەگەڵ فیکری بەکۆمەڵ و قەرەباڵەغیدا ھاتووەو ڕێ دەکات، بۆیە ھەمیشە ھەوڵیان داوە ئەو مرۆڤانەی کە بێ ماسکن و خاوەن فیکری خۆیانن بەم دێرە بێ مانایە(تۆ پێت خۆشە خوشک و دایکت وابن؟) بیوەستێنن لە دەربڕینی ڕای خۆی.

بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ ھۆکاری چەقبەستنی کۆمەڵگایە، چونکە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی ھەموو داھێنان و فیکرێک تاکێک خاوەنێتی نەک کۆمەڵێک، ھەموو داھێنانەکانی دنیا سەرەتا لە فیکری تاکەوە درووست بووەو دواجار ھەموو کۆمەڵگا و جیھان سودیان لێ بینوە، بەڵام  لەم جۆرە ژینگانەدا ھەمیشە بیرکردنەوەی تاک ڕێگری لێ کراوەو ڕێگە درەوە بەو کۆمەڵە کەسەی کە بەدرێژای مێژوو خۆیانیان پێ ڕاست بووە.

ئەو کەسانەی کە خاوەن فیکری جیاوازی خۆیانن گەرچی مرۆڤێکی بێ ماسک و ئازادن لە ناخی خۆیاندا، بەڵام بەرگەگرتن و ھێزێکی زۆری ڕۆحیان پێویستە بۆ مانەوە لە وەھا کۆمەڵگایەکی پڕ کەپت و پڕ تانەدا، 
ئەو کەسانەی کە خاوەن فیکری خۆیان نین و بە لاسایی پێشینەو زۆرینە دەژین، ئەوانە ھەرگیز ژیان ناکەن بەڵکو کۆپی پەیستی پێشینەو زۆرینەن، واتە شتێکیان نییە بە ناوی ژیان و فیکری تایبەت بە خۆیان، مرۆڤە دووبارەو ماسکدارەکان ئامادەنین بگۆڕێن و ڕێگرن لە گۆڕانی ئەو کەسانەی کە خاوەن فیکری خۆیانن، چەکی دەستیشیان ناوھێنانی خوشک و دایکە، چونکە دڵنیان کە پەیوەندییەکی سۆزی و ڕۆحی لە نێوان خوشک و براکان ھەیە بۆیە ھەوڵ دەدەن بە ناوھێنانی وشەی خوشک و دایک کار لە عاتیفەی بکەن و بیوەستێنن.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:04:19:28/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 1048 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر