چپەی شەیتان، بەیاساییكردنی ستەم و یاخی بوونەوەی بارزانی

مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی
سه‌رۆكی ناوه‌ندی چاوی كورد بۆ په‌ره‌پێدانی سیاسی

بێ هیچ پێشەكی و ڕێخۆشكردنێك ڕاستەوخۆ دەچمە سەر كرۆكی مەبەست:

عەرەبەكانی عێراق، سیناریۆیەكی مەترسیداریان داڕشتوە، لەڕێی ئەو سیناریۆیەوە، دەیانەوێ بەشێوەیەكی یاسایی و دەستوری كۆتایی بەهەبوونی كورد بهێنن و لەهەردوو ڕووی سیاسی و یاساییەوە، كورد سفر بكەوە!.

سیناریۆكە تەواو زیرەكانە داڕێژراوە، بەتەنها بیركردنەوە لەداڕشتنی سیناریۆیەكی لەو شێوەیە، نیشانەی ڕوونە لەسەر ئەوەی عەرەب بەشێوەی دیراسەكراو ورد ورد هەنگاوەكانی دەنێت و كارتەكانی بەكاردێنێت، لەهەموو هەنگاوێكیشدا، كورد زیاتر لاواز بووە.

بەلەوەی سیناریۆی خۆپیشاندانەكانی عێراق دەستپێبكەن، ڕۆژی 14/10/2019 لەپۆستێكی فەیسبوكدا نوسیم: پیلانەكە ئاوایە: عەرەبەكانی عێراقیش دەستورەكەیان هەمووار دەكەنەوەو، كۆتایی بەقەوارەی هەرێمی كوردستان دەهێنن!. دوای ماوەیەك وەك هەموومان دەیبینین، سیناریۆی خۆپیشاندانەكانی بەغدا دەستیان پێكرد، یەكێك لەو داوایانەش كە خۆپیشاندەران بەرزیان كردەوە، بریتییە لە هەموواركردنەوەی دەستور!.

سەد لەسەد ئەوەی پێشبینیمان كردبوو، بەهەموو وردەكارییەكانییەوە هاتە پێشەوە! بۆیە ئێستا كاتی ئەوە هاتووە، شێوازی دەرهێنانی سیناریۆكە شیبكەینەوە. هەروەها ئامانجە گشتییەكانی بخەینە بەرچاو. لەو ڕێگەیەشەوە دەرك دەكەین بەوەی، ئەم سیناریۆیە شەیتانی ترین فێڵە لەكورد دەكرێت بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتی داگیركەری عێراق تاكو ئەمڕۆ.

سیناریۆكە لەسەر چەند هێڵ داڕێژراوە، تەواوی هێڵەكان لەخزمەتی لەخشتەبردنی وشیاری گشتی و تێكدانی وێنەی كورددان لەئاستی جیهانی. بەڵام چۆن؟

ئەو ئەقڵ و پلانەی لەپشتی خۆپیشاندانەكانەوەیە، شەڕی كۆنە قینی خۆی لەگەڵ كورد لەڕووی فۆرم و ئەداوە بەتەواوی گۆڕیوە، فۆرمێكی وای پێبەخشیوە، كە هەر لایەنێك یان هەر سیاسییەك لەبەردەمیدا بوەستێ، بەدژایەتیكردنی داخوازییەكانی خەڵك تۆمەتبار دەكرێت.

گواستنەوەی شەڕی كۆنەقین، لەكەناڵە سیاسی و میلیتارییەكانەوە، بۆ شەقام و فۆرمەلە كردنەوەی وەك داخوازیی جەماوەر، یەكێك لەو فیڵە گەورە وكاریگەرانەیە كە پێم وایە لایەنی كوردی پێویستە ئازایی خۆی كۆبكاتەوە، تاكو بتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بكات. ئەویش لەبەر دوو هۆ:

یەكەم: لەبنەڕەتدا مۆدیلی شەقام، مۆدیلێكی زۆر تازەیە و سیاسیەكانی كورد ئەزمونێكی وایان نیە لەمامەڵەكردن لەگەڵ ئەو مۆدیلە سیاسیەدا.

دووەم: زیهنیەتێك بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت: هەر ڕاوەستانێك لەبەردەم ئەو داخوازییانەدا كەشەقام بەرزیان دەكاتەوە، دژایەتیكردنی شەقام و داواكانی خەڵكە! هەر لەبەر ئەوەش جورئەتێكی زۆری دەوێت مرۆڤ وەك دوژمنی شەقام و داخوازییەكانی بوەستێتەوە. ئەم تێگەیشتنە بەرهەمی بەهاری عەرەبییە كەئێستا سیاسییەكانی عێراق بەخراپترین شێوە لەدژی كورد بەكاری دێنن.

كرۆكی سیناریۆكەش لەپەنای ئەو تێگەیشتنەدا داڕێژراوە كە شەقام بە بێگوناه وەسف دەكات، تاكو كورد جورئەتی ئەوەی نەبێت بەرەنگاری ببێتەوە!!.

لەماوەكانی ڕابردوودا، جێكردنەوەی هەندێك لەمافەكانی كورد لە ناو مادەكانی دەستوردا، یەكێك لەو نیگەرانیانە بوو، كە ئۆقرەی لە نەیارەكانی كورد بڕیبوو، هاوكات ڕێگریش بوو لەوەی عێراقێكی مەركەزی بێتە كایەوە. ئەگەر بەڕێكارە دەستورییەكانیش بوایە، لەبەر ئەوەی كۆمەلێك مادەی دەستوری ڕێگرن لەهەمواركردنەوەی ئەو دەستورە و لەڕووی ئەكادیمیشەوە دەستوری عێراق بەدەستورێكی جامد دادەنرێت، ئەوا ئەستەم بوو بتوانن بەڕێگەی ئاسایی هەمواری دەستور بكەنەوەو، مافەكانی كورد سفر بكەنەوە.

لێرەدا شەیتان چپاندنی بەگوێی نەیارەكانی كورددا و، فێڵەگەورەكەی فێركردن، ئەویش ئەوەیەداخوازیەكە لەلایەن شەقامەوە بەرزبكرێتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەكانیش زووبەزوو ئەو داخوازییانە بقۆزنەوەو دەستبەكاربكەن بۆ هەمواری دەستور. چونكە ئەو هەمواركردنە داخوازیی خەڵكە!! قۆستنەوەی ئەو بابەتە بەجۆرێكە، بەرلەوەی تاكە ئەمپێرێك كارەبایان بۆ ئەو خەڵكە بەرهەمهێنابێت، گۆرینی دەستوریان بۆ خستنە بواری جێبەجێكردنەوە!!.

ئەوان تائێرە هەنگاوێكی چاوەڕوان نەكراویان نەناوە، بەڵام بەلای چاودێرانی ڕەوشەكەوە ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەوەیە ئەو ئەقڵە سەرقاڵی ئەم ئەركەیە، بیری لەوەش كردۆتەوە ئەگەر هەمواركردنەكە لەلایەن سێ پارێزگاوە ڕەتكرایەوە، ئۆتۆماتیكی ڕەت دەبێتەوە، كەواتە هاتوون بۆ مسۆگەركردنی تێپەڕاندنی هەمواركردنەوەكان، چپاندویانە بەگوێی هەندێك سیاسەتمەداری كورددا كەبڵێن: ترسی ئەوە هەیە كە خەڵكی كوردستان وەك تۆڵەكردنەوە لەدەستەڵاتی هەرێم دەنگ بە هەمواركردنی دەستور بدەن! ئەمەش بەناڕاستەوخۆ كارسازی كردنە بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان بەڵێ بۆ گۆڕینی دەستور بكەن.

كەواتە لایەنی عەرەبی، بەهاوكاری هەندێك سیاسەتمەداری ناوخۆی كوردستان، دەستبەكارن و وردەكارییەكانی سەرخستنی پرۆسەی سفركردنەوەی كوردیان جێبەجێكردووە، هەموو ڕێگەكانیان خستۆتەبەر میكرۆسكۆپی نەخشەكەوە. یەك ئەگەرنەماوە بیریان لێنەكردبێتەوەو، چارەسەریان بۆ دانەنابێت.

گەورەترین گرەوی كورد لەسەر ئەوەیە مافەكانی دەستورین، هەروەها دەستوریش هەمواركردنەوەی ئاسان نیە، چونكە سێ پارێزگای هەرێمی كوردستان دەنگ نادەن بەو هەمواركردنەوەیە! ئەو خەیألە خۆشە وا پوچەڵ دەبێتەوە. زەنگی مەترسی لەناو خۆمانەوە لێدرا، كاتێ دەڵێت: ترسی ئەوە هەیە خەڵكی كوردستان وەك تۆڵە لەدەستەڵاتی هەرێم، دەنگ بدەن بۆ هەمواركردنەوەی دەستور!.

كێشەكە لەوەدایە لەسەرەتاوە كەس گوێ بۆ هاوارو بانگی نوسەرەكان و سەنتەرەكانی دیراسات ناگرێت تاكو دەكەوینە قوڵایی كێشەكانەوە، دواتریش گریان و واوەیلا سودمان پێناگەیەنێت. ئێستا كە بەشی زۆری قۆناغەكانی سیناریۆكە ئیخراج كراون، كاتەكەی درەنگە بۆ ڕێگرتن لەو مەترسیەی كە ڕووی لەكورد و دەستكەوتەكانی كردووە.

بەشێكی تری ئەو سیناریۆیە ئاوایە: مادەم لەڕێی دەستور و یاساوە مافەكانی كورد سفر دەكرێنەوە، كەواتە هیچ حیزب و كەسایەتییەكیش زاتی ئەوەناكات دژایەتی بكات، چونكە یەكسەر وا وێنادەكرێت كە ناڕازییە لەدەستور و لەدەستور یاخی دەبێت! ئەو تۆمەتە دەدرێتە پاڵ هەركەسێك كە ناڕازی بێت بە ئەنجامی دەنگدان لەسەر هەمواری دەستور!!.

كەواتە ئەوان بیریان لە سێ خاڵی سەرەكی كردۆتەوە كاتێ ئەو هەنگاوە دەنێن:

یەكەم: هەنگاوەكە داخوازی جەماوەربێت!.

دووەم: زەمانەتی ئەوە بكرێت پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان پشتیوانی لێ بكات یان دژی نەوەستێت!.

سێیەم: زەمانەتی ئەوەش بكرێت هیچ كەس و لایەنێك نەتوانێت دژایەتی ئەنجامەكەی بكات، چونكە یەكسەر وا وێنادەكرێت كە لەدەستور یاخی دەبێت!.

لەپەنای ئەم سیناریۆ مەترسیدارەدا، ئەركی مێژووی گرنگ لەسەرشانی بارزانییە، وەك تێبینی دەكەین، ئەویش لەو ئەركە تێگەیشتوەو دەستی كردووە بەئەنجامدانی ئەوەی مێژوو لێی دەخوازێت، لەئێستاوە پەیامەكانی خۆی ئاراستەی لایەنە سیاسی و پەیوەندیدارەكانی عێراق كردووە، ناوبەناو ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە ڕێگەنادرێت هیچكام لەمافەكانی كورد كەم بكرێنەوە.

پرسیارە جەوهەریەكە ئەوەیە: وەك دەزانین لەلیژنەی هەمواری پێشنیاركراو، تەنها سێ نوێنەری كوردی تێدایەو، بە ئەكیدی ناتوانن هیچ بەرگرییەك لەكورد بكەن چونكە بە سیستەمی دەنگدان ئەوان كەمینەن و بەدەنگدان دەدۆڕێن لەلیژنەكەدا، دواتر زەمانەتی ئەوەشكراوە كە هەرێم نەتوانێت هەرسێ پارێزگاكەی بۆ ڕەتكردنەوەی هەموارەكە بهێنێتە سەر سندوقی دەنگدان، كەواتە هەموارەكە تەحسیل حاسڵە.

چی بكرێت بۆ ئەوەی بارزانی بتوانێت بەربگرێت بەو مەترسییەی دێتە پێشەوە؟ قسەیەك هەیە دەڵێت كاتێ ستەم بوو بە یاسا، یاخی بوون دەبێت بەئەرك، قۆناغی داهاتوو ڕێك ئەو قۆناغەیە كە نەیارەكانمان بەرهەڵستی كردنی بەیاخی بوونی نێگەتیڤ وێنادەكەن، ئێمەش دەبێت خاوەنی ئەو ئەزمون و ئالیەتە بین كە یاخی بوون بەمانای شۆڕش وێنا بكەین.

لەكاتێكدا وەك ڕونمان كردوە، ستەمەكە دەكەنە یاسا، وادیارە لەئێستاشەوە بارزانی قۆڵی هەڵماڵیوە بەو ستەمە ڕازی نەبێت و، یاخی بوون وەك ئەركی مێژووی گەورەی خۆی قبوڵ بكات. ئەمەش درگای هەموو ئەگەرەكان دەخاتە سەرپشت.

PM:10:33:03/11/2019



ئه‌م بابه‌ته 7503 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر