ئەوەی لە ئەردەن ڕوویدا،دیوێكی تری بەهاری عەرەبی

مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی
سه‌رۆكی ناوه‌ندی چاوی كورد بۆ په‌ره‌پێدانی سیاسی

ئەوەی لە ئەردەن ڕوویدا، بەھەموو پێوەرێك مایەی نیگەرانی و زەنگی مەترسییە بۆ دەستەڵاتدارانی ناوچەكە. بە فیدباكێكی بچوك تێدەگەین مەسەلەكە تا چ ئەندازەیەك كاریگەر و مایەی مەترسییە.

ھەمووان ئەو ڕاستییە دەزانن كە ئەردەن، لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تاكو ئیستا،جگە لەماوەیەكی زۆر كورتی داگیركردنی كوەیت لەلایەن ئێراقەوە، ئیدی بەردەوام لەكامپی ڕۆژئاوادا سەنگەری گرتووەو، ئۆقرەترین و سەنگینترین دەوڵەتی ناوچەكەیە، بەجۆرێك زۆرێك لەچاودێران و بەرپرسان كاتێ باسی ئەردەن دەكەن، بە "چێشتخانەی سیاسەتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست" ئاماژەی پێدەكەن.

لەڕووی ئابوری و گەشەی دامەزراوەیششەوە، ئەگەرچی خاوەنی نەوت و ھیچ كانزایەكی گرنگ نیە، بەڵام ئابورییەكەی بەھێزەو تائیستا توانیویەتی زۆرینەی ئەو قەیرانانە تێپەڕێنێت كە وڵاتانی خاوەن نەوت تیایاندا گیرۆدەبوون! ئەوەش یەكێك لە ئیمتیازە گرنگەگانی سیستەمی پادشایی ئەردەنە. لەسەرەتای ئاژاوەكانی بەھاری عەرەبیدا، پێوانەكە ئەوەبوو ھەموو دەوڵەتانی كۆماری ناوچەكە بكرێنە گۆڕەپانی ئاژاوەكە، ئەوەبوو ھەموو دەوڵەتانی كۆماری لەجیهانی عەرەبیدا توشی بومەلەرزەی لەناوبەر بوونەوەو، كەچی وڵاتانی خاوەن سیستەمی پادشایی و میرەكانی كەنداو، پارێزراوبوون. ئەو پارادۆكسە لەكاتێكدابوو كە ئەوانەی بوونە عەڕابی بەھاری عەرەبی، كاتێ ڕێكلامیان بۆ بەھاری عەرەبی دەكرد دەیانگوت ھاوڵاتیان داوای دیموكراسی و كرانەوە و مافەكانیان دەكەن. ئیدی ھاوڵاتی سادە نەیدەپرسی: خۆ سیستەمە پادشاییەكان چەند ھەنگاوێك لەدوای سیستەمە كۆمارییەكانەوەن، ئەی بۆچی لەھەر وڵاتێك سیستەمی پادشایی ھەیە، جەماوەر ئەو داوایە بەرزناكەنەوە؟

ئێمەكاتی خۆی لەچەندین بۆنەو نوسیندا، ئەو پرسیارەمان زەق كردەوە، بەڵام وادیارە ئێمەو زۆرێك لەوانەش كە كۆمێنتیان لەسەر ڕووداوەكان ھەیە، كەمێك پەلەمانكرد. چونكە ڕووداوەكەی ئەردەن زۆر بەكورتی پێی گوتین: ئێوە پەلەتان كردو، شانۆگەرییەكە پەردەی دیكەی ماوە.

ڕەنگە ئەمجارە دەرھێنانی شانۆگەرییەكە بەشێوازێكی تربێت، بەجۆرێ جەنگی موخابەراتی لەشەقامەوە بۆناو كۆشكەكان بكشێت و، ئەوەش مەترسییەكی گەورەیە كە دەستەڵات بتوانێت دەست و پەنجە نەرم بكات لەگەڵ لێدوانێكی وەك ئەوەی جێگری سەرۆكوەزیرانی ئەردەن گوتی: شازادە حەمزە دەستی لەگەڵ لایەنێكی دەرەكی تێكەڵ كردووە بۆ ئەو كارە!.

پرسیارەكە ئەوەیە: لەم قۆناغەی تێكدانی نەخشەی سیاسی وڵاتانی ناوچەكەدا، ھیچكام لە سیستەمەكان پارێزراو نین و، نزیكترین كۆڵەكەكان دەكرێنە سەرەنێزەی تێكدانی نەخشەكان.

ئەگەر ئەردەن ترۆپكی ئۆقرەیی سیستەمی سیاسی، لەسەرەوەی ھەرەمەكەوە دابەش ببێت، ھەموو ھاوكاری ڕۆژئاواو ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەكە بەفریای نەگەن، ئەبێ سیستەمە شلەكانی تری چۆن بتوانن بەرگەی ئەم بومەلەرزەیە بگرن.

لەقۆناغی یەكەمدا، بەھاری عەرەبی سیستەمە كۆمارییەكانی كردە ئامانج، دوورنیە لە ئیستادا قۆناغی دووەم و لێدان لە سیستەمەكانی پادشایی ناوچەكە دەستی پێكردبێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجی زیاترە، پێداگری سعودیەیە لە ئازادكردنی "عەوەزوڵا" سەرۆكی پێشووی دیوانی پادشایی ئەردەن كە تێوەگلاوە لە كێشەكە. ھاوكات ئەو پرسیارەی كە "ئەمیر موسەوی" یەكێك لە دیپلۆماتكارانی ئێرانی نزیك لە سوپای پاسداران كردی و گوتی: ئایا ڕووداوەكەی ئەردەن دەرینەخست كە ئەو ڕژێمانەی پشت بە ئەمریكا و ئیسرائیل دەبەستن پارێزراو نین؟.

ڕاستە شاعەبدوڵا توانی ڕووداوەكە بخاتە جوغزی خێزانییەوەو، لەڕێی " حەسەن بن تەڵاڵ"ی مامییەوە، ئەو كێشە خێزانییەی چارەكرد، بەڵام چی بكەین لەو زانیارییە گرنگانەی كە خودی ئەردەن بەئاشكرا ڕای گەیاندن و جەختی كردەوە كە " پیلانێكی ئاڵۆز و درێژخایەن و مەترسیدار لە ئارادایەو دەستی دەرەكیش كاری خۆی كردووە لەناو كۆشكدا؟".


ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:10:17:07/04/2021



ئه‌م بابه‌ته 254 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌