بۆچی قەیرانی کارەبا چارەسەر نابێت

کاوە ڕیشێنى
نوسەر

لە جیھاندا، کارەبا بە دوو جۆری سەرەکی بەرھەم دەھێنرێت: 

یه‌كه‌م؛ گەرمە کارەبا، پشت بە نەوت و، گازی سروشتی و، یۆرانیۆم و، خەڵوزی بەردین دەبەستێت. 

دووه‌م؛ کارەبای ھایدرۆلیکی، پشت بە ئاوی تاڤگە و بەنداوەکان دەبەستێت.

جگە لەو دوو جۆرە سەرەکیە، لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا سودێکی زۆر لە وزەی خۆر و، با وەردەگیرێت بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا، تەنانەت لە ھەندێ وڵاتدا سوود لە گەرمی ناو زەوی و، ھەڵکشان و داکشانی ئاوی دەریاو زەریاکانیش وەرگیراوە. 

ھەرێمی کوردستان؛ لەبەر ئەوەی ناوچەی پێشکەوتوو نییە، بۆیە تەنھا پشت بە کارەبای گەرمی و ھایدرۆلیکی دەبەستێت. ئەگەر بەدوای سەرچاوە بەردەستەکانی بەرھەمھێنانی کارەبادا بگەڕێین، دەبینین ناوچەیەکی تەواو دەوڵەمەندین.

بە پێی خەمڵاندنەکان هەرێمی کوردستان خاوەنی  (50-ملیار) بەرمیل نەوتی یەدەگی ژێر زەوییە، دەکاتە زیاتر (%30)ی یەدەگی نەوتی عێراق و (39%) ی نەوتی کوردستانی گەورە. جگە لەوەش، ئەوەی تا ئێستا زانراوە هەرێم خاوەنی نزیکەی(200 تریلیۆن) پێ سێجا گازی سروشتییە، لە ڕووی سەرچاوەی ئاوە وە بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا، خاوەنی دوو دەریاچەیە کە توانای کۆکردنەوەی(11 ملیار) مەتر- سێجا ئاوییان هەیە. 

لە ھەمان كاتدا خاوەنی بڕێکی زۆر لە ئاوی شیرینی سەرزەوی و، ژێرزەوییە. کۆی گشتی ئاوی ساڵانەی هەرێمی کوردستان دەگاتە(900م3/چركه‌)، وڵاتی تورکیا ساڵانە (31م/3) چرکە ئاوی شیرین دەفرۆشێت بە ئیسرائیل بە (1) ملیار دۆلار. 

ئەگەر ئەو ئاوە شیرینەی هەرێمی کوردستان هەیەتی بەهەمان ئەو نرخە بفرۆشرێت، ساڵانە بایی (29-ملیار) دۆلارە، جگە لە ژمارەیەکی زۆر لە تاڤگەی سروشتی، ساڵانە بڕێکی زۆریش بارانی لێ دەبارێ، کە زۆربەی ناوچەکانی لە هێڵی بارانی هەمیشەیدایە و، خاوەنی(13) ئاو-گرە (خەزان )ی مەزنی ژێر زەوییە. لەلایەکی تر، جوگرافیای سروشتی ئەم هەرێمە هەڵکەوتەکەی بەجۆرێکە ڕێگە خۆشکەرە بۆ دروستکردنی چەندین بەنداو، بۆ گلدانەوەی ئاو، ھەم بۆ بەرھەمھێنانی کارەباو ھەمیش بۆ کشتوکاڵ و، ڕاوەماسی و گەشت و گوزار و ڕێگەگرتن لە بەفیڕۆ چوونی ئاو لە وەرزی باران باریندا. 

ئەگەر بەدوای وزەی خۆرو با-دا بگەڕێین؛ یەکێکە لە ناوچە لەبارەکان لە سەر زەویدا بۆ سوود وەرگرتن لە وزەی ئەم دوو سەرچاوە خاوێنەی وزە، ئێمە خاوەنی ئەم هەموو سەرچاوە لەبارەین بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، کەچی ساڵانە تەنھا بۆ دابینکردنی سوتەمەنی کارەبا (4- ملیار) دۆلار خەرج دەکەین.

بەداخەوە! ئەبوو تا ئێستا سوود لەم سەرچاوە زۆرانەی وزە وەربگیرایە، ئێستا کارەبامان لە پێویستیەکانی خۆمان زیاتر بەرھەم بھێنایە.


ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:01:55:06/01/2021



ئه‌م بابه‌ته 183 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر