داكشانەوەی هەڵاوسان

سەرکۆ یونس
ئابوریناس

بازاڕەکانی جیهان بەقۆناغێکی دژواردا تێدەپەڕن ئاستی گشتی نرخەکان بەرزترینی تۆمار کردووە بەتایبەت لەئەمەریکا لەماوەی 40 ساڵی ڕابردودا نەگەشتووەتە ئەم ئاستە، بەرزبونەوەی نرخی نەوت و پێکهاتەکانی لەدوای شەڕی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و سزادارایی وبانکییەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر مۆسکۆ، هەروەها دەرئەنجامە خراپەکانی ووشکەساڵی و گۆرانکاری کەشوهەوا و بەرزبونەوەی تێچونی گواستنەوە وگەیاندن، بارگرانییەکی گەورەی خستوەتە سەرشانی حکومەت و هاوڵاتیانی زۆربەی جیهان و وڵاتانی دواکەوتوو.

بەتایبەتی لەئێستادا دیاردەیەکی تری ئابوری بەرۆکی بازاڕەکانی جیهانی گرتووە شارەزایان بە داکشانەوەی هەڵاوسان ناوی دەبەن ئەم دیاردە دەگمەنەی ئابوری بۆ جاری دووەمە توشی ئابوری جیهانی دەبێتەوە، یەکەمجار لەحەفتاوهەشتاکانی سەدەی ڕابردودا، ئابوری ئەمەریکاو ئەوروپای ڕۆژئاوای گرتەوە دوبارەبونەوەی ئەم دیاردەیە لەکاتێکدایە کەئابوری جیهانی لەدوای دەستبەرداگرتنی کۆرۆنا ڤایرۆس وبوژانەوەی کەرتە ئابورییەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو کەبوو بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر نەوت، سەرهەڵدەدات.

سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە کاتێک ڕوودەدات کە گەشەی ئابوری لەئاستێکی کەمدایەو ڕێژەی بێکاری بەرزە، هاوشان لەگەڵ بوونی هەڵاوسانێکی لەڕادەبەدەر زیادبوونی خواستی جیهانی لەبەرامبەری بەرهەمی جیهانی بەڕێژەی (15-20%) دەخەمڵێنرێت، هەر ئەمەش بەیەکێک لەهۆکارەکانی هەڵاوسان دیاری دەکرێت و گەورەیی قەبارەی دراوی جیهان و دابەزینی بەهای دراوەکان هێزی شت کڕینی دراوەکان دابەزیوە، واتە پێویستە بڕی پارەی زیاتر بدرێت بۆ بەدەستهێنانی پێداویستییەکان.

دابەزینی خواستی بەکاربەران، دەرئەنجامی بێکاری و لاوازی داهاتی تاکەکەس وخێزانەکان، وادەکات لەگەڵ بوونی هەڵاوساندا بڕی خواستی هەمووەکی کەمببێتەوە دەرئەنجام ئەم دیاردەیە سەرهەڵدەدات کە مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئابوری جیهانی بەگشتی و کەرتی بەرهەمهێنان بەتایبەتی ئەم دیاردە ئابورییە لەهەرێمدا زیاتر زەق دەبێتەوە، چونکە هەرێم بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی ناوخۆ بەڕێژەی (90%)ی پێداویستییەکان لەدەرەوە هاوردە دەکات، بەگشتی و بەتایبەتی لەهەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا، کەهەردوو وڵات بەدەست بێ بەهای دراوەکانیانەوە دەناڵێنن، لەئەنجامدا بەنرخی بەرزتر دەگاتە بازارەکانی هەرێمەوە و بارگرانییەکە لەسەر شانی هاونیشتیمانیانەوە دەکەوێت، ئەمە جگەلەوەی کەهەڵاوسانی جیهانی کاریگەری هەیە لەسەر هەرێم.

هەروەها لەبەرئەوەی نزیکەی (21%) دانیشتوانی هەرێم پشت بەمووچەی حکومی دەبەستن و لەئێستادا مانگێک لەوادەی خۆی دوادەکەوێت و ڕێژەی بێکاری و هەژاری لەئاستێکی بەرزی مەترسیداردایە داهاتی تاک و خێزانەکان لەئاستی پێویستدا نین، ئەمەش بارگرانیەکە گەورەتر دەکات، حکومەتی هەرێم تەنها بۆ خەرجی مووچە مانگانە نزیکەی(900) ملیار دیناری پێویستە بەداخەوە نزیکەی 9 ساڵە هەرێم بودجەی ساڵانەی نی یە بەبێ یاسای بودجە حکومڕانی دەکرێت، هەروەها بودجە بۆ وەربەهێنان سفرە، ئەوەی هەیە لەکەرتی تایبەتەوە دێت بەکەموکوڕییەکەی زۆرەوە.

دیاردەی داکشانەوەی هەڵاوسان، لەهەرێمدا قورسترو گرانتر دەبێت بەو پێ یەی کەداهاتی سەرەکی لەهەرێمدا تاڕادەیەکی گەورە تاک سەرچاوەییەو پشت بەداهاتی نەوتی فرۆشراو دەبەستێت، هەر گۆڕانکارییەک لەنرخی نەوت بەدابەزین ڕووبدات ئابوری هەرێم تووشی داڕمانی دارایی دەبێت ئەمەش جارێکی تر بارگرانییەکە زیاتر دەکات. سەرەڕای کێشە یاسایی و سیاسییەکانی هەولێروبەغدا لەمەڕ نەوت وبودجە و داهاتەکان کەبەبێ چارەسەری ڕیشەیی ماوەتەوە.


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:02:01:22/06/2022



ئه‌م بابه‌ته 76 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌