لەکام زانکۆ و کۆلێژە بخوێنم؟

سەرکۆ یونس
ئابوریناس


ساڵانە لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوە زیاتر لە (100)هەزار قوتابی و خوێندکار، ڕەوانەی زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و کەرتی تایبەت دەکرێن. چەند ساڵێکە بەهۆی "کۆرۆنا ڤایرۆس" و قەیرانەداراییەکانەوە، خوێندن نەلەکاتی خۆی دەستپێدەکات و نە پرۆگرام تەواو دەکرێت، هەرچۆنێک بێت دیزەبەدەرخۆنە دەکرێت و ڕێژەیەکی گەورەی خوێندکاران نمرەی بەرز بەدەستدەهێنن و داواکاری و حەزەکانیان بەهۆی سنوورداری توانای زانکۆکانەوە نایەتەدی. دوای کێشمەکێشێکی زۆر، وەزیری خوێندنی باڵا وەک خەمخۆرێکی نەتەوەیی و بەگشتی و بۆ خوێندکارانی کەمدەرامەت بەتایبەتی، کاری خۆی ئەنجام داو ڕەخنە و سەرنج کێشەکانی سیستەمی زانکۆلاین و وەزارەتەکەی خستەڕوو، تاڕادەیەک چارەسەری کێشەی زۆرێک لە خوێندکارانی کرد و سەنگ و پێگەی کەسێتی خۆی بەهێزتر کرد کە جێگای دەستخۆشییە.

ئەوەی کە لێردەدا گرنگە قسەی لەسەر بکەین، ئایا کوڕ و کچەکانمان، لەکام زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگای شارەکانی کوردستان درێژە بەخوێندن بدەن؟ هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە بارودۆخێکی نائاسایی ئابووری و هەندێجار سیاسی و نەبوونی هەلیکار لەهەردوو کەرتی گشتی و تایبەت و نائومێدی هاووڵاتیانی هەرێم و کۆچی بەردەوامی گەنجان و لاوان و خێزانەکان بۆ وڵاتانی ئەورووپی و چەندین کێشەی تری وەک گرانی نەوت و غاز و پێداویستیەکانی تری ژیانی ڕۆژانەدا گوزەر دەکات. پێمان وایە؛ بۆ هەموو ئەو خوێندکارانەی کە دایک و باوکیان سەرچاوەی داراییان کەمە یان لاوازە، جا مووچەخۆری حکومی بن یان بەڕەنجی شانی خۆیان نان و بژێویی پەیدا بکەن، باشترە ئەم کوڕ و کچانە، لەنزیکترین شوێن لەشارەکەی خۆیان یان نزیکترین زانکۆ لە شوێنی نیشتەجێبوونیانەوە درێژە بەخوێندن بدەن، چونکە ئەزمونی دە ساڵی ڕابردوو ئەوەمان پێدەڵێت کە دامەزراندن و دەستکەوتنی هەلیکار نییە و نەماوە. جا بۆ ئەوەی لەلایەک بڕوانامەکە بەدەستبهێنن و لەلایەکی تریشەوە نەبنە بارگرانی بەسەر داهاتی کەمی دایبابانەوە، ژیرترین بڕیار با ئەو بڕیارە بێت کەلەزانکۆ وپەیمانگای شارەکەی خۆی بخوێنێت.

لەلایەکی ترەوە؛ بۆ هەندێک لەخوێندکاران، لەبەرئەوەی هەمان بەش و کۆلێژ لەزانکۆی شارەکەی خۆی هەیە و هەمان بڕوانامەیە، باشتر وایە بارگرانی دارایی نەخەنە سەر دایک و باوکان، وەک خەرجی هاتوچۆ و مانەوە لەبەشی ناوخۆیی و خەرجییەکانی ڕۆژانەی تری خوێندکاران، کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەهەڵکشاندایە. ناکرێت باوک بەکرێکاری و دایک بەنانکردن، داهاتێکی کەمیان دەست بکەوێت و جەنابیشت بەبیانووی خوێندنەوە مانگانە خەرجییەکی زۆر بخەیتە سەرشانییان، هەرچەندە دڵنیام باوک و دایکان لەپێنا و دڵخۆشی کچ و کوڕەکانیان ئامادەی هەموو قوربانییەکن. ئەوەشمان لەبیرنەچێت خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە لەشارێکی تر و ناوچەیەکی تر، ئەزموون و کارامەیی بۆ فێرخوازان بەدەستدەهێنێت، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری ودارایی و تاڕادەیەک تێکچوونی بارودۆخی کۆمەڵایەتی واباشترە دوور نەکەونەوە، چونکە بەدەستهێنانی خودی بڕوانامەکە هەر بۆ لایەنی ئابوورییە لەداهاتوودا.

بۆیە ڕووی دەممان لەو کوڕ و کچانەیە کە هەستی بەرپرسیارییەتیان هەیە و نابنە بارگرانی بۆ سەرشانی دایک و باوک و بەخێوکەرەکانیان، چوونکە کۆتایی تونێلەکەیان لێ دیارە، دوای تەواوکردن و بەدەستهێنانی بڕوانامەکانییان، بەداخەوە زۆربەیان بێکار دەبن و کاریان دەستناکەوێت و بازاڕی کار لەهەرێمدا لەگەڵ زۆربەی پسپۆڕییەکانی ئێستا یەکناگرنەوە، هەندێ بەش و کۆلێژ نەبێت کە سنووردارن. ئەم پرۆسەیە، هەر بەردەوام دەبێت و نابێت بوەستێت هەربۆیە بەهیوای ئەوەی بازاڕی کاری هەرێم، لە ئایندەدا توانای وەڵامدانەوەی خواستی دەستی کاریان هەبێت و کەرتە ئابوورییەکانمان ببوژێنەوە، چیتر کوڕان و کچانی خاوەن بڕوانامەکانمان لەماڵەوە بێکار دانەنیشن، چونکە بەڕاستی بێکاری دەردێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەندێجار سیاسی کوشندەیە، کەدەرئەنجامەکانی دەیان دەردو دیاردەی نەخوازراوی بێ چارەسەر، دێنێتە ناو کۆمەڵگاوە.


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:10:43:06/11/2021



ئه‌م بابه‌ته 114 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌