هەڵبژاردن و خەرجییە بێ سنوورەکانی

سەرکۆ یونس
ئابوریناس


ئێراق نزیک دەبێتەوە لەوادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، کە بڕیارە لە(10) ئۆکتۆبەر ئەنجام بدرێت، لەناو کێبڕکێیەکی تووندی لایەنە سیاسییەکاندا، لەگەڵ پەیڕەوکردنی یاسای هەڵبژاردنی تازە کە پشت دەبەستێت بەچەند بازنەیەکی هەڵبژاردن، لەناو خودی هەرپارێزگایەکدا. بەپێچەوانەی هەموو خولەکانی پێشووی هەڵبژاردنەوە، بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە مانگێک پێش وادەی هەڵبژاردنەکانەوە دەستی پێ دەکرد، ئەمجارە بانگەشە لە 3 مانگ پێش وادەی هەڵبژاردن دەستیپێکرد و بەردەوامیش دەبێت تا 24 کاتژمێر پێش ڕۆژی هەڵبژاردن، کە پێی دەوترێت بێ دەنگی هەڵبژاردن. بێگومان بەهۆی زۆری ماوەی بانگەشەوە بارگرانی و تێچوونی زۆر لەسەر کاندیدان و لایەنە سیاسییەکان دەوەستێت. لەکاتێکدا یاسای ئێراقی هیچ سەقفێکی بۆ خەرجی بانگەشە دیاری نەکردووە.

خەرجییەکی بێ سنوور
تائێستاش دۆسیەی خەرجییەکان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن لە ئێراقدا، جێگای سەرنج و لێکۆڵینەوەی زۆرێک لەچاودێرانی بواری ئابوورییە، لەگەڵ نەبوونی میکانیزمێک بۆ دیاریکردنی خەرجییەکان کە دەبێت کەس و لایەنەکان بەکاریبهێنن. هەر لەم بارەیەوە وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەلبژاردنەکان لە ئێراق، جەختی کردەوە کە یاسای ئێراقی هیچ سنوورێکی دیاری نەکردووە بۆ خەرجی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان. هەروەها کۆمیسیۆن ناتوانێت چاودێری بڕی پارەی خەرجکراوی لایەن و کاندیدەکان بکات لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا. پەرلەمانی ئێراقی یاسای لایەنەکانی لەساڵی 2015دا دەرکرد لەم یاسایەدا هیچ بڕگە و ماددەیەکی باسی چۆنییەتی پارەدارکردنی لایەنەکان ناکات و لایەنەکان سەربەستن لەبڕ و چۆنییەتی خەرجکردنی سامانەکانیان. گومانی تێدا نییە نەبوونی یاسایەک بۆ دیاریکردنی خەرجکردنی پارە لەهەڵمەتی هەلبژاردندا دەبێتە هۆی پەنابردنی لایەنەکان بۆ دەستکەوتنی پارە لەسەرچاوەی دەرەکییەوە. زۆربەی زۆری وڵاتان، بەیاسا بڕی پارەی خەرجکراویان دیاریکردووە، کە پێویستە لایەنەکان و کاندیدەکان لەماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا لەڕێگەی کردنەوەی حسابی بانکییەوە، ئەمەش لەیاسای ئەحزاب و یاسای تازەی هەڵبژاردنی ئێراقیدا باس نەکراوە.
دیارینەکردنی بڕی پارەی خەرجکراو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، دەبێتەهۆی پەنابردنی زۆرێک لەلایەنەکان بۆ سەرچاوەی پارەدارکردنی دەرەکی و ئیقلیمی، بێگومان ئەمەش لەداهاتوودا ڕەنگدانەوەی سلبی دەبێت لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران. بەهۆی دەستکراوەیی لایەنەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و کێبڕکێی لایەنەکان و کاندیدەکان، وادەکات نزیکەی (150) ملیۆن دۆلار خەرج بکەن. بەشێکی تێچوونەکانی لایەن و کاندیدەکان، بۆ لەچاپدانی پۆستەر و ریکلام و کەمپینەکان دەبێت. لەلایەکی ترەوە، بەهۆی زۆری ماوەی بانگەشەوە، زۆرێک لەلایەن و کاندیدەکان، پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن، ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر کۆی پارەی تەرخانکراو بۆ بانگەشەکان. لەم نێوەندەدا، لایەنە سیاسییە گەورە و کاندیدە دەوڵەمەندەکان سوود لەم کاتە دەبینن، بەپێچەوانەی لایەنە سیاسییە بچوکەکان.

سەرچاوەی پارەدارکردنی لایەنەکان

ئاشکرایە، سەرچاوەی پارەدارکردنی کوتلە و لایەنە سیاسییەکان لەدوو ڕێگاوە دەبێت، یان ئەوەتا پارەدارکردنیان دەرەکییە لەڕێگای وەبەرهێنانی دەرەکی سامانی حزبەکان و هاوکاری وڵاتانی ئیقلیمی ڕاستەوخۆ، یان پارەدارکردنی ناوخۆ، کە لەڕێگای  پارە و سامانی سیاسی و گرێبەستە حکومییەکان و قۆستنەوەی دامودەزگاکانی دەوڵەت و پڕۆژەبازرگانییەکانی لایەنەکانەوە دەبێت. هەرچەندە سەرۆک وەزیرانی ئێراق (موستەفا کازمی) ئاشکرای کردووە، کە نابێت لایەن و کاندیدەکان، دامودەزگای حکومی بقۆزنەوە لەبەرژەوەندی خۆیان و حزبەکانیان. هەروەها کازمی ئاشکرای کرد، لەماوەی ڕابردوودا هەندێ سکاڵا هەبوون لەبابەتی قۆستنەوەی موڵک و ماڵی دەوڵەت لەلایەن هەندێ وەزیری کاندید و بەرپرسان کە پاڵپشتی سیاسییان هەیە لەحکومەتدا. هەموو ئەمانە و پارەبەخشینەوە بەسەر لایەنگر و دەنگدەران و خێڵ و بنەماڵــە و عەشیرەتەکاندا، تێچوونەکانی بانگەشە گەورەترو زیاتر دەکەن.

خەرجی و بودجەی کۆمیسیۆن

خەرجی و تێچونی خودی کۆمیسیۆن و پرۆسەی دەنگدان لەرۆژی هەڵبژاردندا، گەورەترین تێچوون و خەرجییە لەسەر بودجەی گشتی ئێراق و بارگرانییەکی ترە لەسەر شانی هاونیشتیمانییان. بەپێی زانیارییەکان، هەڵبژاردنی 10 ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، بەنزیکراوەیی نزیکەی (250 بۆ 300) ملێون دۆلاری تێ دەچێت. تێچوونەکانی هەڵبژاردن، دابەش دەبن لەنێوان کرێی کارمەندانی کاتی ڕۆژی دەنگدان و تێچونی کارتی دەنگدان و ئامادەکارییەکانی تری لۆجیستی لەوانە، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان. شایانی وه‌بیرهێنانەوەیە، کە یاسای بودجەی گشتی ئێراق، بۆ ساڵی دارایی 2021 پارەدارکردنی بودجەی کۆمیسیۆنی گشتی هەڵبژاردنی بە بڕی (327.5) ملیار دینار،(224.3 ملیۆن دۆلار) دیاریکردووە. کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوو ساڵی 2018 نزیکەی (296) ملیار دینار ئێراقی تێچوونەکەی بووە، واتە نزیکەی(224.6) ملیۆن دۆلار، بەپێی نرخی ئاڵووێری دۆلار بەرامبەر دینار لەوکاتەدا کە(1200 دینار بۆ هەر دۆلارێک بوو) لەلایەکی ترەوە، بەهۆی لاوازی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە ئێراقدا، چاپکردنی کارتی دەنگدان و کارتی بایۆمەتری، لەدەرەوە هاوردە دەکرێن، هاوردەکردنی ئامێری دەنگدانی ئەلیکترۆنی و ڕاهێنانی تیمەکان و کارمەندان و پرۆسەکانی تر، تێچون و خەرجییە لەسەر بودجەی تەرخانکراو. بەپێی زانیارییەکان، تێچوونی تەنها یەک کارتی دەنگدان، نزیکەی (3) دۆلارە! ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە تێچوونی هەڵبژاردن لە ئێراقدا زۆر بەرزە و ناگونجێت لەگەڵ دەرهاویشتەکانی هەڵبژاردنەکاندا، هەر بۆ نمونە دوای دووساڵ لەهەڵبژاردنی خولی چوارەم، کابینەکەی دکتۆر "عادل عەبدولمەهدی" دەستی لەکارکێشاوە و خەرجییەکی زۆر لەسەر ئێراق کەوت.

لەلایەکی ترەوە، بەهۆی گرێبەستی کۆمیسیۆن لەگەڵ (400) هەزار فەرمانبەری کاتی، تەنها بۆ رۆژی هەڵبژاردن، نزیکەی(41) ملیۆن دۆلار تێچوونییەتی. ئەمەش وادەکات تێچوونەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە، زیاتر لەبڕی بودجەی تەرخانکراوی کۆمیسیۆن زیاتر بێت، کە پەرلەمانی ئێراقی بەیاسا بۆی دیاریکردبوو. هەروەها لەپێناو سەلامەتی پرۆسەکە و بەدەستهێنانی ئامانجەکانی هەڵبژاردنەکە، حکومەتی ئێراقی بەهەزاران کارمەند و پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ و تەنانەت هەندێ لەهێزەکانی سووپای ئێراقی لە ئامادەباشیدان، ئەمەش بێگومان تێچوونێکی ترە و دەچێتەپاڵ سەرجەم تێچوونەکانی ترەوە. ئێراق، لە ئامادەسازیدایە بۆ چوونە ناو پێنجەمین ئەزموونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە. ئەم هەڵبژاردنە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بەوەی هەڵبژاردنێکی پێشوەختەیە و دەرئەنجامی هەموو ئەو خۆپیشاندانە بەرفراوانانە بوو، کە لەئۆکتۆبەری 2019 دەستی پێکرد وبەردەوام بوو، بۆ داواکاری چاکسازی باروگوزەران و کەمکردنەوەی گەندەڵی و ڕەخساندنی هەلیکار.



ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:01:20:06/10/2021



ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌