دۆلــــار یان دینــــــار

سەرکۆ یونس
ئابوریناس

ئەو پرسیارە دووبارە و گوماناوییەی کە زۆربەی هاوڵاتیانی "ئێراق" بەگشتی و هەرێم بەتایبەتی ڕۆژانە لەم بارودۆخە نا-سەقامگیرییە سیاسی و ئابورییەدا بەدوای وەڵامەکەیدا دەگەڕێن؛ دۆلار یان دینار کامیان باشتر و گونجاوترە بۆ پاشەکەوتکردن؟ پەسەندکردنی بودجەی گشتی "ئێراق" و جێگیرکردنی نرخی گۆڕینەوەی دۆلار بەدینار، بەپێی بڕیارەکەی بانکی ناوەندی(1$= 1145دینار)  تاڕادەیەک سەقامگیری بازاڕی دراوی جێگیرکرد، ئەگەر گۆڕانکاری لەسیاسەتی داراییدا نەکرێت و سەقامگیری سیاسی و ئەمنی هەبێت، هەروەها ڕێگە بەجامباز و دەڵاڵەکان بگیرێت، پێمان وایە؛ بەلایەنی کەمەوە زیاتر لەساڵێک بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لەم ئاستەدا دەمێنێتەوە، چونکە جگەلە بانکی ناوەندی، حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانیش پشتگیری بڕیارەکە دەکەن، ئەمە بۆخۆیشی ڕاسپاردەی ناوەندە داراییەکانی جیهانیش بووە، وەک بانکی جیهانی.
 
سەرەڕای ئەوەی ئاشکرایە "بانکی ناوەندی" دامەزراوەیەکی  سەربەخۆیە و لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت و پەرلەماندایە، دەستووری ئێراقیش لە ماددەی(103) ئەو مافەی پێدراوە. بۆئەوەی هەندێ بە ووردی لەهەردوو دراوەکە تێ بگەین، واباشترە هەردوو دراوەکە بناسێنین.

دۆلاری ئەمەریکی چییە؟
"دۆلار" دراوی فەرمی ویلایه‌تە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە، بۆ یەکەمجار لەساڵی(1792) دا لەلایەن "بانکی ناوەندی" گەنجینەی ئەمەریکا-وە لەچاپ دراوە و کاری پێ دەکرێت، لەئێستادا زیاتر لە(90%) ی مامەڵە بازرگانی و دارایی و نەختینەیی جیهانی بە دۆلار دەکرێت و نرخی شمەکە گرانبەهاکانی وەک؛ زێر و زیو و ئەڵماس و نەوت و غازیش هەر بەدۆلار ئەژماردەکرێت.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی زۆربەی بانکەناوەندییەکانی وڵاتانی جیهان، یەدەگی دراوەکانیان بەدۆلار هەڵدەگرن.
لەدوای ڕاپەرینەکەی (1991)ەوە، زۆربەی هاوڵاتیانی هەرێم ئاشنان بە "دۆلار" و بە دراوی دڵخوازی خۆیان دادەنێن و لەدیناری ئێراقی خۆشەویستترە!

دیناری ئێراقی چییە؟
دیناری ئێراقی،دراوی نیشتیمانی دەوڵەتی ئێراقە، لەساڵی (1932) لەلایەن "بانکی ناوەندی" ئێراقییەوە دەرکراوە. چەندینجار گۆڕانکاری لە بەهاو یەکەکانیدا کراوە، لەئێستادا سەرەرای داڕمان و لاوازی ئابووری ئێراق، تاڕادەیەک بەهاکەی بە بەراورد بەدراوی وڵاتانی دراوسێی وەک (ئێران و، تورکیا و،سوریا)  لەدۆخێکی باشدایە و جێگیرترە.

هاووڵاتیانی ئێراقی بەهۆی بڕیارەکەی بانکی ناوەندییەوە، زۆرێک لە هاونیشتیمانیان و خاوەنکار و بازرگان و تەنانەت هاوڵاتی ئاسایی، لە دڵەڕاوکێ و گوماندان، کە ئایا پاشەکەوتەکانیان و پارەکانیان بەکام لەم دوو دراوە هەڵبگرن؟.

پێمان وایە؛ هەڵگرتن و پاشەکەوتی پارەکانیان بە پێی جۆر و ئیشی کەسەکان دەگۆڕێت، ئەو کەسانەی کە بازرگان و سەرمایەدارن پێویستیان بە دۆلارە، واباشترە زیاتر دۆلاریان هەبێت وەک لە "دینار"، بۆئەوەی لەکاتی گۆڕینەوەدا، تووشی لەدەستدانی چەند یەکەیەک لەدیناری ئێراقی نەبن، هەرچەندە نرخەکە جێگیرتر بووە، بەڵام هەر مەترسی لەسەرە.

هاوڵاتی ئاسایی و فەرمانبەران، کە مووچەکانیان بەدینارە و پێویستییان بە "دۆلار" نییە، باشترە سەری خۆیان نەیەشێنن، واباشترە هەر خاوەنی دینارەکانی خۆیان بن، دوور لەکێشەی گۆرینەوە و مەترسییەکانی، بەو بڕە دینارانە پێویستییەکانی خۆیان دابین بکەن، ئەوانەیشی تەنها پارە پاشەکەوت دەکەن، بەبێ بەکارهێنان، باشترە دۆلار بێت


ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:09:51:05/04/2021



ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌