بچوککردنەوەی حکومەت، هەنگاوێک بۆ چارەسەر

سەرکۆ یونس
ئابوریناس

حکومەتی هەرێم لە (19) وەزارەت، پێنج فەرمانگەی باڵا، (6)دەستەی سەربەخۆ پێکهاتوە. جگە لەوەی هەرێم خاوەنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم و، پەرلەمان و، چەندین نوێنەرایەتی دیبلۆماسییە لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان. بەپێی ئامارەکان نزیکەی (680)هەزار فەرمانبەر لە دام و دەزگاکانی حکومەتدا هەن، سەرەڕای (30)هەزار فەرمانبەری گرێبەستی کاتی داوا دەکەن ببن بە فەرمی، بۆ مووچەی یەک مانگی مووچە خۆران و، فەرمانبەران بەبێ لێبڕین، هەرێم پێویستی بە (894)ملیار دینار هەیە.

بە لێبڕینی ڕێژەی(21%) پێویستی بە نزیکەی (754)ملیار دینار هەیە، بەهۆی قەیرانی دارایی و، نەبوونی بودجە و مووچە لەلایەک، سەرهەڵدانی کۆرۆنا ڤایرۆس و لێکەوتەکانی لەلایەکی ترەوە زۆربەی کارو چالاکییە ئابوری و، خزمەتگوزارییەکان تا ڕادەی ئیفلیج بوون گەشتوون،  بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی؛ لە هەر پێنج فەرمانبەرێکی میری، چوار فەرمانبەر زیادەن!.

واتە؛ بەرهەمداری ڕۆژانەیان یەکسانە بە سفر، تەنها بارگرانین بەسەر بودجەی گشتییەوە و، بە بێکاری شاراوە ھەژمار دەکرێن، بەم شێوازی ئیدارەدانە لەهەرێمدا، زیاتر ڕەهەندی سیاسی زاڵترە تا ڕەهەندی ئابوری و کارگێڕی. زۆربەی کات بۆ ڕازیکردنی لایەنێکی سیاسی، پۆستی وەزیر و تەنانەت، هەندێجار وەزارەتێکی بۆ دادەتاشرێت کە ئەمە خۆی بۆ خۆی لە دوو لاوە سەرچاوەی ئاریشەکانە، لەلایەک بنکە فراوانی کابینە و، زۆری ژمارەی وەزارەت لە ئێستادا بە هەدەردانی دارایی گشتییە، لە ئایندەدا، خانەنیشینی چەندین پلەدار دروست دەبێت کە دیسان بارگرانی دروست دەکات بۆ بودجەی گشتی، هەرێمی کوردستانیش لەم ڕووەوە پێشەنگە لەخانەنیشینکردنی پلەداری نا یاسایی و حزبی. 

لەلایەکی ترەوە زۆر و بۆری کابینە بۆ خودی سەرۆک وەزیران و، جێگرەکەی کێشە و سەرئێشەیە. بەتایبەت لەکاتی بڕیاردان لەسەر بابەتی سیاسی و، ئابووری و، کارگێڕی، چونکە ڕازیکردنی ئەو ژمارە زۆرە ئەستەمه‌ لەڕووی کارگێڕییەوە، سەلمێنراوە هەتا فەرمانبەرانی حکومی کەم بێت؛ کار و چالاکی کارگێڕی، ڕۆتیناتی ڕایکردنی هاوڵاتیان باشتر و، خێراتر و، سەرکەوتوتر دەچێت بەڕێوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە؛ هێشتا حکومەتی هەرێم لەسەر ڕەوتی کارکردن بەردەوامە ، چارەسەری واقعی و، زانستی پەیدا نەکردوە بۆ دەربازبوون لەم هەموو محنەتانە. یەكێک لەچارەسەرە ئیدارییەکان لەکاتی تەنگەژە و قەیرانی دارایدا؛ بچوککردنەوەی کابینەی حکومەتە، دەکرێت  زۆر بە ئاسانی وەک ڕێگا چارەی کاتی هەموو ئەو وەزارەت و، دەستە و، دامەزراوانەی کە پەیوەندییان بەیەکەوە نزیکە لەکاروباری ڕۆژانەدا پەیوەستن بە یەکەوە، پەیوەست بکرێن و کار و بارەکانیان یەکبخەن.

بۆ نمونە؛ وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، پێشمەرگە و ناوخۆ، کشتوکاڵ و، پیشەسازی و بازرگانی...  بێگومان بەم هەنگاوە ڕێژەیەک لەخەرجییە زۆر و نا پێویستییەکانی حکومی کەم دەبێتەوە، هەر لە میزانیەی مانگانەی وەزارەت و، پلە و، پۆستی وەزیر و، بەڕێوەبەرە گشتییەکان و، ڕاوێژکاران و، فەرمانبەران و، کرێی بینا و، ئۆتۆمبیل و، سوتەمەنی و، پێشینەکانی سەردان و، لیژنەکان و.... هتد.

لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە ڕۆتیناتی ڕۆژانەی ئیش و کاری هاوڵاتیان کەم دەبێتەوە، گەندەڵی سنوردار دەکرێت، دەکرێت ئەم هەنگاوە کاتی بێت تا ئەوکاتەی لەقەیرانی دارایی و، مووچە و، کۆرۆنا دەرباز دەبین، هەر بۆیە داواکارین؛ ئەم پلە و پۆستە سیاسیانە وەلا بنرێت تا کاتی خۆی، لەم بارودۆخە قورس و ناهەموارەدا بارگرانی زیاتر بەسەر بودجە و، قوتی هاونیشتیمانیانەوە نەکرێت.


ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:02:05:06/01/2021



ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر