پشکی ھەرێم لەقەیرانی ئابوری ئێراندا

سەرکۆ یونس
ئابوریناس

ڕۆژی ھەینی(٢-١١-٢٠١٨)پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا وئێران قۆناغێکی ئاڵۆزتری بەخۆیەوە بینى، ئیدارەی ترامپ گەڕاندنەوەی قۆناغی دووەم وکۆتایی سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێرانی ڕاگەیاند، لەڕۆژی دووشەممە (٥-١١-٢٠١٨) سزاکان چوونەبواری جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەی بڕیارەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ سزاکانی ئەمجارە بوارەکانی بازرگانی، دارایی، تەنانەت وەرزشیش دەگرێتەوە. لەناویشیاندا ئەو کەرتە ئابورییانە دەکەونە ناو سزاکانەوە کەزیاتر ئابوری ئێران بەرەو ھەرەسھێنان دەبن، گرفتی ئابوری و دارایی زیاتر بۆ ئابوری ئەو وڵاتە دروستدەکەن، وەک: کەرتی نەوت وکەرتی بانکى.

 

ئارەزوی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران لەکەرتی نەوتدا ئەوەیە کە: کەرتی نەوت لەو وڵاتەدا بەتەواوەتی ئیفلیج بکات، ھەناردەی نەوت وگازی سروشتی ئێران بگاتە سفر. ئەمەش بەمانای ئەوە دێت کە: ئەمریکا نیازی پەراوێزخستنی ئێرانی ھەیە، بەتایبەت لەبواری ئابوری وداراییدا، چونکە بەم سزا ئابوری و داراییانە، ڕاستەوخۆ ئێران دەکەوێتە بەر مەترسی هەرەسهێنان.

 

بەھۆی ئەوەی کەئابوری ھەرێمی کوردستان، تاڕادەیەکی زۆر، پشتی بەستووە بەئابوری ئێران. هەر بۆیە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ھەر سزایەک بسەپێنرێت بەسەر ئێراندا، ئەوا کاریگەری بەچەند ئاستێکی جیاواز دەردەکەوێـت لەهەرێمى کوردستاندا.

 

لەئێستادا، ئەوەی گرنگە کەھەرێمی کوردستان ڕەچاوی بکات، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی سزاکانی سەر ئێرانە لەسەر ھەرێمی کوردستان. ھەروەھا پێویستە بەشێوەیەکی لۆژیکی مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە ئابورییەدا بکات. ئەمە باوردۆخێکی ئابوری ودارایی وسیاسی ئاڵۆزە، چونکە ھەرێم دەکەوێتە ناو دوڕیانێکی سیاسی ئاڵۆزەوە: لەلایەک ئێران کەوڵاتێکی ھەرێمی ناوچەکەیە وخاوەنی ھەیمەنەیە لەبواری ئابوری وسیاسیدا، لە لایەکی ترەوە ئەمریکا کەئەمڕۆ لەم ناوچەیەدا باڵادەستە.

 

ھەرێمی کوردستان لەچەند لایەنێکەوە لەدەرئەنجامی ئەو سزایانەدا توشی گرفت وتەنگەژە دەبێت، بەتایبەتی لەم لایەنانەدا:

 

 ١ھەرێمی کوردستان لەدوای ساڵی (١٩٩١)ەوە، لەڕووی ئابورییەوە تاڕادەیەکی زۆر پشتی بەستووە بەئێران. لەئێستادا زیاتر لە(٧٠%)ی کاڵا وشمەکی ناوبازاڕەکانی ھەرێم ئێرانین، زیاتر لە(٢٠٠٠) جۆر کاڵای ئێرانی ھاوردە دەکرێت. بەمانایەکی دیکە، ئابوری ئێران ھەرێمی داگیرکردووە. ھەرێم لەدوای چینو تورکیا زۆرترین مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندایە. بێگومان دوای جێبەجێکردنی سەرجەم سزاکان، ئابوری ھەرێم زەرەرمەندترین لایەن دەبێت بەتایبەتی لەڕووی: سەبەتەی خۆراک و میوە و کەلوپەلی بەرھەمھێنانی بیناسازی و گەلوپەکی مامناوەندی بۆ بەرھەمھێنان.

 

٢کەمبوونەوەی بەرچاوی کاڵا ئێرانییەکان بەگشتی، بەتایبەتی ماددە خۆراکییەکان لەبازاڕەکانی ھەرێمدا. زۆرینەی ئەو کاڵایانەی کەھەرێمی کوردستان پێویستی پێیانە دەکەونە لیستی ئەو کاڵایانەی کە لەناولیستی سزا ئابوری وبازرگانییەکاندان. بۆیە پێویستە ھەرێمی کوردستان لەماوەیەکی کەمدا ئەڵتەرناتیفی بۆ بدۆزێتەوە، بەپێچەوانەوە گەر لەماوەیەکی دیاری کراودا ھەرێم جێگرەوەی ئێران نەدۆزێتەوە بەجۆرێک کاڵاکان کەم دەبنەوە، ئەمەش دەبێتە ھۆی زیادبوونی خواست وسەرەنجام نرخ بەرز دەبێتەوە ودیاردەی ھەڵاوسان لە بازاڕەکانی ھەرێمدا دروست دەبێ. ھەرچەندە ئەمە ڕاستەوخۆ ڕوونادات بەڵکو کات وماوەیەکی دەوێ زیاتر لەسێ مانگ.

 

٣- یەکێکی دیکە لەزیانەکانی ئەم سزایانە بۆ ئابوری ھەرێم، زیاتربوونی ڕێژەی بێکارییە. ئەوەش بەهۆى ئەوەى کەھەرێمی کوردستان سێ مەرزی سەرەکی ونێودەوڵەتی وچەندین خاڵی سنوری لاوەکی وھەندێکی قاچاغ لەگەڵ ئێراندا ھەیە، ئەم مەرزانە ھەلی کاریان بۆ ھەرێمی کوردستان خوڵقاندوە، بەدەیان کرێکار و شۆفێر کاری تێدا دەکەن، بژێوی ژیانی سەدان خێزانی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئەم کەرتانەیە. بەڵام بە دڵنیاییەوە لەپاش سزاکان کارکردن لەسەر ئەم سنورانەدا نامێنێت و ڕێژەی بێکاری بەرزدەبێتەوە .

 

دەرئەنجامی ئەو سزایانە گەلێک زیاترە، چونکە ھەرێمی کوردستان تاڕادەیەکی زۆر پشتی بەئابوری ئێران بەستوە. دەکرێت دەرئەنجامە نێگەتیڤەکانی ئەم سزایانە بەئاشکرا لەتەواوی کەرتە ئابورییەکانی ھەرێمی کوردستان دەربکەوێت. سەرەنجام باری ئابوری ھەرێم بەھۆی ئەو پاشکۆیەتییە ئابورییەوە بەرەوخراپتردەچێت.

 

ئەوەی کەگرنگ بێت لەم قۆناغەدا ھەرێمی کوردستان لەڕووی ئابورییەوە ڕەچاوی بکات، ئەوەیە کە پێویستە بەوردی لەسەر ئەم خاڵانە ڕابمنێت، بەم شێوەیە پەستانی سزاکان لەسەر ھەرێمی کوردستان ڕەنگە سوکترببێت:

 

١یەکەمین ھەنگاو کەپێویستە حکومەتی ھەرێم بیھاوێت، ھەوڵدانە بۆ ڕێکخستن وبوژانەوەی ئابوری ھەرێم بەگشتی وکەرتی کشتوکاڵ وپیشەسازی بەتایبەتی، چونکە لەئێستادا بارودۆخەکە گونجاوە. کاتێک کەلوپەلی پیشەسازی و کشتوکاڵی ئێرانی نەگاتە بازاڕەکانی ھەرێم، ئەوا ھەرێم دەتوانێ ھەنگاوی جددی بنێت بۆ ھەستانەوە و بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی، بەتایبەتی کەڕەگەزەکانی ئەم دوو کەرتە گرنگ و ستراتیژییە لەناوخۆی ھەرێم بەردەستن، هەروەها دەتوانین شاری پیشەسازی تایبەت دابنرێت، ھەنگاو بەھەنگاو ھەوڵ بدرێت ئەم کەرتانە گەشەی پێ بدرێت .

 

٢پێویستە حکومەتی ھەرێم بەرلەگەیشتنی گاریکەرییەکانی سزاکان، بەزووترین کات، جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بکاتەوە. باشترین جێگرەوە دەوڵەتی تورکیایە چونکە ھاوسنوری ھەرێمە، هەروەها نرخی گواستنەوەی کەلوپەلەکان بەکەمترین تێچوون ئەنجامدەدرێت. پێشتر هەروەها لەکاتى ئێستاشدا ئەزمونی بازرگانی لەگەڵ تورکیا تاقیکراوەتەوە، لەهەمانکاتدا بەھۆی نزمی بەھای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار و تەنانەت دیناری عێراقی دەرفەت ڕەخساوە بۆ سوود وەرگرتن لەو هەلومەرجە. بەم شێوەیە ھەرێمی کوردستان دەتوانێت تاڕادەیەکی باش خۆی لەو قەیران و تەنگژانەی ئێران دووربخاتەوە.

 

٣ - لەئێستادا کەلەسەروەختی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتداین،  پێویستە لەم کاتەدا کابینەیەکی ئابوری پێکبھێنرێت، وەزارەتە ودەستە گرنگ و ئابورییەکانی وەک: دارایی، وەبەرھێنان، بازرگانی وپیشەسازی، کشتوکاڵ، بەکەسانی شارەزا و ئەکادیمی پڕبکرێنەوە. پێویستە پلانێکی ستراتیژی ئابوری دابنرێـت کە لە ماوەیەکی دیاریکراودا بتوانێـت تەواوی ئەو دەستکەوتانەی کەگرنگن بۆ ئابوریەکی بەھێز فەراھەمی بکات. نەک کابینەیەکی سیاسی بێت و ئامانجى ڕازی کردنی لایەنە سیاسییەکان بێت.

 

٤کەرتی تایبەت پێویستە ڕۆڵی گرنگ و ستراتیژی خۆى بگێڕێت لەم قەیرانەدا، بەچەشنێک بتوانێت بە ڕاستەوخۆ بەشداربێت لەپاراستنی بارودۆخی ئابوری ودارایی ھەرێمی کوردستان، هەروەها ڕۆڵ و کاریگەری زیاتربێت، بەمانایەکی دیکە کەرتی تایبەت بتوانێت ببێتە تەواوکەری کەرتی گشتی.

 

٥پێویستە  کۆی یاساکانی بواری ئابوری ودارایی، وەبەرھێنان، ھەمواربکرێنەوە، دووبارە بەشێوەیەکی ورد دابڕێژرێنەوە، کەبەشێوەیەکى کرداری لەبەرژەوەندی کۆی جوڵە و بزاوتە ئابورییەکانی ھەرێمدا بێـت، و بتوانێت بەئاڕاستەی چالاککردنی کۆی کەرتەکاندا کاربکات.

 

٦دەستەی وەبەرھێنان دەبێت لەو بارەی ئێستا دەربکرێت، هەوڵبدرێت کەببێتە سەنتەرێکی بەھێزی بزاوت و جوڵەی ئابوری، بگرە پێویستە دەستەی وەبەرھێنان بەئاڕاستەی بوژاندنەوەی کەرتە ئابورییەکان کاربکات بەتایبەتی هەردوو کەرتى: کشتوکاڵ و پیشەسازی. ھەموو ئاسانکاری وھاوکاریەک پێشکەش بەکۆمپانیاکان بکات، تاوەکو بەکەمترین ماوە ھەوڵ بدرێت پڕۆژەکانیان بخەنە بوارى جێبەجێکردنەوە .

 

بەچەشنێک دەبێت کابینەی داھاتووی حکومەتی ھەرێم لەسەر بەگەڕخستنی عەقڵی ئابوری کاربکات، کابینەیەکی ئابوریی بەگەڕبخات. بەم چەشنە نەبێت، ئەوا ھەرێمی کوردستان لە ناو موعادەلە ئابورییە ئاڵۆزەکانی ئێستادا، ناتوانێت ھەڵبکات. گەرچی لەڕابردوودا حکومەتی ھەرێم لەسەر بنەمای پلانی ئابوری کاری نەکردوە، ئێستاش خەریکی دانەوەی باجی ئەو ھەنگاوانەیە کە بەبێ پلان و عەقڵی ئابوری وەگەڕی دەخستن.

بەم چەشنە ڕەنگە بتوانێت ئەم بارودۆخە ھەرێمییە کە بەسوود و کەڵکی خەڵک و حکومەتی ھەرێم بشکێتەوە، بە کەمترین زیان لەو بارودۆخە دەربازببین. بەمانایەکی دیکە دەکرێت حکومەتی ھەرێم لێرەوە خاڵی بنیات نانەوە و خۆڕکخستنەوەی ئابوری دیاری بکات.


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:03:16:14/11/2018



ئه‌م بابه‌ته 1331 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌