حەفت خاڵی سادە

زیكری موسا
نوسەر و ڕۆشنبیر
یەكەم: ئێستا شەقامی عێراقی لە لایەن شۆڤێنییەكانەوە بارگاوی كراوە لە دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان. تێكڕای لایەنە سیاسییەكانی عێراقی حەز بە بووژانەوە و پێشكەوتن و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان ناكەن و لاوازكردنی كوردستان خاڵی هاوبەشی ئەوانە.


دووەم: وڵاتی ئێمە دابەش كراوە و داگیر كراوە. نابێ چاوەڕێی ئەوە بین داگیركار بە لۆژیكێكی دۆستانە و هاوسەنگ و دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ داگیركراو بكات. چونكە هەر لە بنەڕەتدا پڕۆسەی داگیركاری بابەتێكی نادادپەروەرانە و دوژمنكارانەیە.


سێیەم: ئەگەر ناكۆكیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم قووڵ و ئاگرین و بەرفراوانیش بێت بەڵام هەر هەموویان دۆزێكی ڕەوای هاوبەشیان هەیە. دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان دۆزێكی سیاسی و دەستووری و مێژووی و جیۆگرافی و وجوودییە.


چوارەم: ئەگەر دەرگەی جیهانی دەرەوە بەسەرماندا داخراو بێت، ئەگەر داگیركاران فرت و فێڵ و ئینكار لەدژمان بەكار بهێنن ئەوە ڕێگەیەكی تر هەیە بۆ ڕزگاربوون و سەركەوتن. دەرگە بەسەر یەكتردا بكەینەوە و لەیەكتر لە فێڵ نەبین و یەكتری ئینكار نەكەین.

پێنجەم: ململانێ سیاسییەكانی ناوخۆ بەشێكە لە پڕۆسەی گەشەسەندنی سیاسی و پێگەییشتن بە مەرجێك هێڵێكی ستراتیژی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی گشتی لەسەرووی هەموو ململانێكان و هێما و ئامانجە حزبییەكان هەبێت.


شەشەم: ئەگەر كێشە و گرفتەكان هەر چەندە گەورە بن بەڵام بیانوو نییە بۆ خۆبەدەستەوەدان. هەموو دەستكەوتەكان بەنێو ژاندا تێپەڕیون.

حەفتەم: سەیری وڵاتانی ڕۆژئاوا بكەن.. دەوڵەتەكانیان لەناو دۆزەخدا بەرپا كردووە و بە ژان و تڕاژیدیا و نەبوونی و برسییەتی و تاعوون و پەتاكاندا تێپەڕیون.

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

AM:09:52:19/05/2020



ئه‌م بابه‌ته 491 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌