نزیكه‌ی 4 تــرلــیۆن دینار، زیاتر هه‌ژماركراوه‌

جیهانگیر سدیق گوڵپی
پسپۆڕی ئابوری و دارایی گشتی

داهاتی نه‌وتی له‌یاسای بودجه‌ی ئێراق، هـه‌ڵــه‌ و نـاڕوونـی‌

پاش ئه‌وه‌ی وێنه‌ی یاسای بودجه‌ی "ئێراق" بۆ ساڵی 2021 كه‌وته‌ به‌رده‌ست و ویستمان سه‌رنجێكی خێرای بده‌ین،  پێش هه‌موو شتێك گومان نەبوو له‌وه‌ی كه‌ هه‌ر وه‌ك ساڵانی پێشوو لێكۆڵینه‌وه‌ و باسكردنی كه‌موكوڕییه‌ جۆراوجۆره‌كانی پێویستیی به‌چه‌ندین كاتژمێر و ڕه‌شكردنه‌وه‌ی ده‌یان لاپه‌ڕه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام كاتێك سه‌رنجی یه‌كه‌مین مادده‌ی یاساكه‌ماندا؛ كه‌‌ تایبه‌ته‌ به‌ "داهات"، پاشان به‌راوردمانكرد به‌ بڕگه‌ی دووه‌می مادده‌ی دووه‌م، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ خشته‌یه‌كی تایبه‌ت به‌هه‌ژماركردنی داهات و خه‌رجی و كورتهێنان،  هه‌ڵه‌یه‌كی سه‌یر و چاوه‌ڕوان نه‌كراومان بەدی کرد،‌ وه‌ك له‌خواره‌وه‌ ڕوونی ده‌كه‌ینه‌وه؛

له ‌مادده‌ی یه‌كه‌م-بڕگه‌ی (ب) هاتووه‌؛ كه‌ داهاتی خه‌مڵێنراو له‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاو  له‌سه‌ر بنه‌مای (45) دۆلار ده‌بێت بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، وه ‌تێكڕای هه‌نارده‌كردنی ڕۆژانه‌یش (3250)هه‌زار به‌رمیله‌، له‌ناویشیدا (250)هه‌زار به‌رمیله‌كه‌ی هه‌رێم، وه‌ نرخی ئاڵوێریش (1450)دیناره‌ بۆ یه‌ك دۆلار. به‌م پێیه‌و به‌هه‌مان میكانیزمی هەژمارکردنی ساڵانی پێشوو پێویسته داهاتی نەوتی خەمڵێنراوی ئەمساڵ‌ (77،402،812،500،000 ) حه‌فتاوحه‌وت ترلیۆن و چوارسه‌دو دو ملیارو هه‌شت سه‌دو دوازده‌ ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار دینار بێت، به‌گوێره‌ی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ی خواره‌وه؛

3250000 * 365 * 45$  * 1450 =   77،402،812،500،000 دینار به‌ڵام كاتێك سه‌رنجی خشته‌ی‌ هه‌ژماركردنی داهات و خه‌رجی و كورتهێنانماندا؛ له‌ بڕگه‌ی دووه‌می مادده‌ی دووه‌م؛ بینیمان كه‌ كۆی داهاتی نه‌وتی به‌ ( 81,171,112,500,000) هه‌شتاویه‌ك ترلیۆن و سه‌د و حه‌فتا و یه‌ك ملیار و سه‌د و دوازده‌ ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار دینار دانراوه‌.

 واته؛‌ به‌جیاوازیی (3,768,300,000,000) سێ ترلیۆن و حه‌وت سه‌دو شه‌ست و هه‌شت ملیار و سێ سه‌د ملیۆن دینار.

به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ڕونكردنه‌وه ‌و ورده‌كاریه‌ك بدرێت سه‌باره‌ت به‌و جیاوازییه‌، یان میكانیزمی هه‌ژماركردنه‌كه‌ی، له‌كاتێكدا پێویسته‌ مادده‌كانی تایبه‌ت به‌خه‌مڵاندنی داهات و خه‌رجییه‌كان له‌ بودجه‌دا  تێروته‌سه‌ل بن و  زانیاری و میكانیزمه‌كانی هه‌ژماركردن و خه‌مڵاندن ڕوون و دیار بن، چونكه‌ ئه‌ركی یه‌كه‌م و سه‌ره‌كیی بودجه‌؛ بریتییه‌ له‌ خه‌مڵاندنی داهات و خه‌رجییه‌كان، ئینجا ته‌رخانكردن و دابه‌شكردن، ئینجا گوزارشت کردن لە ئامانجه‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كان به‌گشتی.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:09:48:02/04/2021



ئه‌م بابه‌ته 170 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌