داگیرکاریەک بە پێشچاوی هەموو دونیاوە

لقمان موستەفا صالح
پارێزەر
هەروەک هەمووان ئاگادارین سوپای تور کیا بەهاوبەشی لەگەڵ هاوشێوەکانی داعش و بە پشتیوانی ناڕاستەوخۆی ناتۆ، لەسەرووی هەموویشیانەوە ڕێکەوتنی بازرگانی و مامەڵەکردن بە خوێنی مناڵانی کوردەوە لەلایەن ئەمەریکاو تورکیای چاچنۆکەوە، تورکیاو چەتەکانی دەستیان کرد بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی چڕ، لەژێر ناونیشانی (کانی ئاشتی) کە سەرەتا ئامانج لێی بریتی بوو لە چونە ناوخاکی سوریاوە بە قوڵای (30 بۆ ٣٢)کم لە سنوری ڕۆژئاوای کوردستانەوە، بەڵام ئەسڵی نیەتەکەیان چاوچنۆکی و تەماعیانە بۆ داگیرکردنی تەواوی ڕۆژئاوای کوردستان، کە لە لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئۆردۆگان و دارودەستەکەیەوە، ئەم چاوجنۆکیە پشتڕاستکرایەوە. ڕەنگە لەئێستادا نەتوانن داگیرکارییەکەیان بەتەواوی سەربگرێ، بەڵام ئەوە لە ستراتیجیاندایە.

تورکیا هەمیشە یەکینەکانی پاراستنی گەل کە بەشێکی سەرەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات پێکدەهێنن، بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئەوان بەشێکن لە پارتی کرێکارانی کوردستان، کە پارتێکی کوردییەو لە قۆناغی خەباتی رزگاری نەتەوەیی و نیشتیمانیدایە دژی تورکیا، ئەمە لەکاتێکدا یەکینەکانی پاراستنی گەل ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوان هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆیان لەگەڵ پارتی کریکارانی کوردستان نیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەیان شاردۆتەوە کە بەڕێز( ئۆج ئالان ) بە سونبوولی نەتەوەیی دەزانن.

بەڵام.... تورکیا بێ گوێدانە یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکان، هێرشی بەربڵاوی دەستپێکرد، هەروەک ئاشکرایە لەپاش جەنگی جیهانی دووەمەوە بەتایبەتی لەدوای دەرکردنی بڕیاری نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بەدەق یاساغی کردووە کە هیچ وڵاتێک بۆی نیە دەستدرێژی بکاتە سەر وڵاتێکی ترو کوشتوبڕی خەڵکەکەی بکات، بەڵام لەئاست نەتەوەیەکی مەزڵوم و بێکەس، کەڕوو لاڵ و کوێرن.

ڕێکخروای نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوێکی  جیھانیی نێونەتەوەیی‌یە، کە بیرۆکەی درووستبوونی دەگەرێتەوە بۆ ١٢ی ئۆگستی ١٩٤١، واتە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم. مەرجەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بەمەبەست لێی:-
–  ئاشتی و ئاسایشی تێونەتەوەیی، بۆ پاراستنی ئاشتی لەسەر ئاستی جیھانی بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکی برادەرانە لە نێو نەتەوەکان. 
 – یارمەتیدانی نەتەوەکان بۆ کارکردن لەگەڵ یەکدا بۆ باشترکردنی باری گوزەرانی هەژاران، سەرکەوتن بەسەر نەخوێندەواری و نەخۆشی و برسیەتی یەکترو بۆ ھاندانی ڕێز بۆ ماف و ئەرکی ببێ بە مەڵبەندێک بۆ یارمەتیدانی نەتەوەکان بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە.

هەروەها هۆکارێکی تری ڕێگریکردن لەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر وڵاتان. دامەزراندنی جاڕنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤ بوو،‌ کە ئامانج لێی:-  
پارێزگاری له‌ مافی مرۆڤ و به‌رگری له‌ ڕوودانی شه‌ڕێکی تری وه‌ک شه‌ری دووی جیهانی، که‌ پتر له‌ 60 میلیون ئینسانی تێدا کوژرا، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی جیهانێکی نوێ، له‌سه‌ر بناغه‌ی ئازادی و یه‌کسانی و ڕێزگرتنی مافی مرۆڤ دابمه‌زرێت و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌کانی نێوان گه‌لان و ده‌وڵه‌تان له‌ ڕێگای وتووێژ و حاکمییه‌تی یاساوه‌ چاره‌سه‌ر بکرێ.

له‌ یاسای نێونه‌ته‌وه‌ییدا، حوکمی ئه‌م بانگه‌وازه‌، له‌ سه‌ره‌وه‌ی یاسای هه‌موو ئه‌م وڵاتانه‌یه‌ که‌ ژێره‌که‌یان ئیمزا کردوه‌. هەروەها  گەشەسەنی بیرۆکەی دیمۆکراسی و دامەزراندنی چەندین ڕێکخراوی مرۆیی وەک ( جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ ) وایان کرد تواناو هێزی وڵاتە چاوچنۆکەکان بۆ سەر نەتەوە ژێردەستەکان بوەستێنن، کە لە جاڕنامەکەدا لە مادەی  ٢١  بە سێ خاڵ ئاماژەی پێکردووە:-

١) ھەموو کەسێک مافی ئەوەی ھەیە کە لە کاروباری بەریوەبەرایەتی گشتی ولاتی خۆی، بەشیوەی ڕاستەوخۆ، یان لە ڕێگەی ھەلبژاردنی نوینەرانێک کە ئازادانە ھەلبژێردراون، بەشداری بکات.

٢) ھەموو کەسێک مافی ھەیە بە یەکسانی ھەلومەرجەکان، کاروباری گشتی وڵاتی ھەبێ.

٣) ئیرادەی گەل، بنچینەو سەرچاوەی دەسەڵاتی حکومەتە. ئەم ئیرادەیە دەبێ بە شێوەی ھەلبژاردن بێتە ئاراوە کە بەپێی راستگۆیی و بەشێوەی نھێنی، یان ھاو‌شێوەکانی بەڕێوەبچیت کە ئازادی دەنگدانی تێدا مسۆگەر دەکات.

لەگەڵ بوونی ئەم هەموو یاساو بڕیارانە کە وەک میتۆد و دەق ئامادەگی هەیە، بەڵام مەخابن لە ئەرزی واقع یەک بڕگەو مادەی لە بەرژەوەندی گەلانی بندەستی ستەملێکراوی وەک گەلی کورد لێ جێبەجێ نەکراوە. ئەوا ڕۆژئاوای کوردستان بە پێشچاوی ئەو ڕێخراوانەو هەموو دونیاوە تورکیا و هاوپەیمانەکانی هێرشی بۆ سەر خاک و دانیشتوانەکەی ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە، زاڵمانە کوشتوبڕی خەڵکی سڤیلی کردو تا هەنووکەش بەردەوامە، کە لەلایەن هەندێ وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ پشتیوانی دەکرێت کە هەندێ لەو وڵاتانە خۆیان بە پارێزەر و داڕێژەری  ئەو یاساو بڕیارانە دەزانن بۆ ڕێگرتن لە دەستدرێژی و پاراستنی مافی نەتەوەکان! هێرشەکەیان هاوکار لەگەڵ هێزە بەناو ئیسلامییە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەو وەکو هاوشێوەکانی داعش بە هەموو جۆرە چەکێکی مۆدیرن بەربوونەتە گیانی خەڵکی بێتاوان. سووربوونی هێزە سەرەکییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانیش هۆکاری سەرەکین لەم تراژیدیایەی ئێستادا کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتییان بەرەو نائارامی تەواو بردووەو ڕوبەڕوی کوشتوبڕو قاتوقڕی کردۆتەوە لە سەرانسەری دونیاو ناوچەکە بەتایبەتی.

PM:10:14:01/11/2019



ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر