گرنگی پرۆژە یاسایەک بۆ درووستکردنی میدیای نیشتمانی

لقمان موستەفا صالح
پارێزەر
ئەگەر بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی گرنگ بێت بۆ مەبەستی کۆدەنگیی حیزبە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی کوردی لە ھەموو پارچەکانی کوردستان بە جیاوازیی ئایدیۆلۆجییەکان، بۆ گەڵاڵەکردنی دەنگی گەلی کورد، لە نێو ئەو دەنگ و ئەجندا جیاوازانەی کە لە سەرووی بزاوتی سیاسی و ڕۆشنبیری سەرجەم نەتەوە و پێکھاتە و توێژەکان دەرکەوتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا. ئەوە دەبێت میدیایەکی نیشتیمانیمان هەبێت بۆ ئەوەی وەک مینبەرێک بێت، بۆ کۆدەنگی و یەکدەنگی نەتەوەیی.

هەربۆیە لەم بەشەی باشوری کوردستان، مادام پەرلەمانێک هەیە وەک یەکەم ئەزموونی سەرکەوتووی کوردی لە سەردەمی نوێدا و، لە گۆرەپانی سیاسیدا بە هەموو کەمووکورتییەکیەوە بوونی هەیە. 
کەواتە ئەوە ئەرکی سەرەکی ئەو دەبێت کە پرۆژە یاسایەک گەڵاڵە بکات، یاخود داوا لە پسپۆرانی ئەو بوارە بکات کە پرۆژەیاسایەکی تۆکمە دابڕێژن، تابتوانن( پەرلەمانی کوردستان) لە بەرنامەی کاری ڕۆژانەیدا و، لە دانیشتنەکانیدا، لە هەوڵی ئەوەدابن کە پرۆژە یاساکە لەدوای دەنگدان لەسەری، بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە درووستکردنی میدیایەکی نیشتیمانی بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا، گرنگی خۆی هەیە و پێویستە لەپێش چاوبگیرێت، لەگەڵ ئەوەی پاڵپشتیەکی بەهێز دەبێت بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، لەهەمان کاتیشدا پارێزگاری‌ کردن وگەشەدان بەناسنامەی‌ نەتەوەیی‌ وکلتوری نەتەوەیی کەلەمەترسیدایە و لەبەردەم کەناڵە بازرگانییەکان و تەکنەلۆژیای نوێ دا. 

چونکە ناساندنی واقیعی ڕۆشنبیری و وێژەیی و ھونەری بەشەکانی کوردستان و ڕۆڵی ئەو بەشانە لە پەرەپێدانی ھەستی نەتەوەیی گەلی کورد و، گرتنەبەری ڕێگەکان و ئامڕازەکانی ناساندنی کلتوور و وێژە و ھونەری کوردی لەسەر ھەردوو ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتی. ناساندنی ڕۆڵی ڕاستەقینە و گرنگی کەرتی ڕاگەیاندن و چییەتی کاری زانستانەی ڕاگەیاندن، ئەو ڕاگەیاندنەی بە پیشەییانەوە ھەموو تواناکانی دەخاتە خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەکەیەوە، لە ئازادی و دیموکراتیدا ھەوڵ بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵگە و ڕیزەکانی کورد بدات، نەک خزمەت گەیاندن بە حیزبایەتی تەسکی فرە جەمسەر و پەرت و بڵاو، ھەروەھا ناساندنی ڕۆڵی ڕاگەیاندن وەک ھۆکارێکی ئەرێنی و کۆکەرەوەی کەرتە ھەمەچەشن و جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری، نەک ببێتە ھۆکارێک بۆ جیاکاری و ھەڵوەشانەوەی ڕیزەکانی کۆمەڵگە. 

دەرەنجام... دەتوانین بڵێین ئەوە تەنها میدیای نیشتیمانیە کە دەتوانێت ببێتە مینبەرێ بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، لەهەمانکاتدا پاراستنی کلتووری نەتەوایەتیمان و بۆناساندنی واقیعی ڕۆشنبیری و وێژەیی و ھونەری بەشەکانی کوردستان، ڕۆڵی ئەو بەشانە لە پەرەپێدانی ھەستی نەتەوەیی گەلی کورد و گرتنەبەری ڕێگەکان و ئامڕازەکانی ناساندنی کلتوور و وێژە و ھونەری کوردی لەسەر ھەردوو ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیدا، زەروریەتی ئەم قۆناغەیە.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.


 


PM:03:02:01/09/2019



ئه‌م بابه‌ته 82 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر