تاوانى فێڵکردن

لقمان موستەفا صالح
پارێزەر
وەک ئاشکرایە بەردەوام بوون لەسەر ھەر خەسڵەتێکی ئەرێنی یان نەرێنی لە نێو کۆمەڵگەدا دەبێت بەکلتور، ئەگەر پێشی پێ نەگیرێت بەپێی تێپەڕبوونی کات کلتورەکە برەوی پێ دەدرێت و کەسانێکیش دەبنە ھەڵگری ئەم کەلتورەو دەیگوازنەوە بۆ نەوەی داھاتوو.

فێڵ و کاری ساختەکاریی لە ژیانی ڕۆژانەدا، ھیچ پەیوەندیی بە ئاستی وشیاری تاک و کۆمەڵ، بڕوانامە، شار، یان شوێنی کارکردن نییە، بەڵکوکەسی فێڵاوی بەشێوەیەکی پیلان بۆ داڕێژراو بو بەدەستھێنانی سودێکی تایبەت و ئەنجامێکی کاتی و پڕلە گیانی خۆپەرستییداو، بێ گوێدانە ئەنجامە نەرێنییەکەی ومەترسیەکانی ھەڵدەسێت بە فرتو فێڵ و قۆڵبڕینی کەسانیتر لە پێناو بەرژەوەندی کەسیدا.

نموونەی ئەم تاکانە لە نێوکۆمەڵگادا لەھەر پلەو پایەیەکی کۆمەڵایەتیدابن بەم کارەیان لەکۆمەڵگادا چاوەڕێی کاری باشەیان لێناکرێت، چاوەڕێی پێشکەوتن و داھێنانیان لێناکرێت، تەنھا لە بوارەکەی خۆیاندا نەبێت، بێگومان لەکۆتایی دا باجەکەشی بەزیادەوە دەدەن.

لە ئێستادا فێڵکردن زۆر باوە، ھەر لە ئاستی تاکەوە بگرە تادەگاتە ئاستە باڵاکانی دەسەڵات و کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکاندا، کە دەکرێت بەم شێوەیە پۆلێنیان بکەین و بەنموونەوە باسیان لێوەبکەین:-

نموونەکانى فێڵکردن


یەکەم: لەسەر ئاستی تاک، یاخود کەسێک یا چەند کەسێک ھەڵدەستن بە ھەڵخەڵەتاندنی کەسانی بەتەمەن، یان کەمئەندام  یان کەم دەرامەت یا بیرکۆڵ، بەڵێنى کارێکێان پێ دەدەن بۆ ئەم مەبەستە پارە و موڵک و ماڵیان دەست بەسەرادەگرن و بۆ خۆیان بەکاری دێنن.

دووەم: لەسەر ئاستی دەسەڵات، بۆ نموونە کەسانێک کە بەر پرسیاریەتیەک وەردەگرن لە دام و دەزگا حکومیەکاندا، بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و کەسی، ھەڵدەسێت بە کڕینەوەی ئەشیاو مومتەلەکاتی زیادەو بەکار نەھاتوو یاخود خراپ بووی دائیرەکەی بەناوێکی خوازراوەوە یاخود بەناوی یەکێک لەفەرمانبەرە دەست و پێوەندەکانی خۆیەوە، بەنرخێکی ھەرزانتر لە بازاڕ ھەڵی دەگرێتەوە.

سێیەم: لەسەرئاستی کۆمپانیا بیانی و نێوخۆییەکان، نموونەی کۆمپانیاکانی گەیاندنی ھاوکاریە مرۆییەکانی تایبەت بەفەرمانبەری کۆمپانیا ناوخۆییەکانی ئاژانسە ئەمریکییەکان، لەکاتی گرێبەستەکاندا، فێڵ وکاری ساختە ئەنجامدەدەن، بۆنموونە مادە خۆراکییەکان دەگۆڕن، بە کوالیتی خراپ و ھەرزان. لەڕابردووشدا چەندین کۆمپانیای وەھمی نێوخۆیی ھەبوون بە ناوە ئۆتۆمۆبیل بە قیست دەدەن بە ھاوڵاتیان، پارەیەکی زۆریان لەھاوڵاتیان وەرگرت، پاشانیش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون، ھەندێکیان دۆسێکانیان تائێستاش لە دادگاکاندان.

چوارەم: لەسەر ئاستی بازرگانی، نموونەی لاسایی کردنەوەی ھێما و لۆگۆ بازرگانییەکان، خەڵکانێک دەیانەوێت نیشانە و ھێمای کاڵا ڕەسەنەکە بەساختەکراوی لەسەر شمەک و کاڵاکەی خۆیان دابنێن بۆ ئەوەی وەکو ڕەسەنەکە بێتە پێش چاو و دەرکەوێت. ئەمە دروست نییە، لەبەر ئەوەی فێڵ وتەڵەکەیە وخواردن وبردنی ماڵی یەکترە بەناڕەوا، چونکە کڕیار ئەو کاڵا وشمەکە دەکڕێت لەبەر ئەوەی بەھۆی بینینی ئەو نیشانە ھێمایەوە لەسەری بە ڕەسەن تێدەگات ئەگینا نایکڕێت، هەروەها ئەمەش بە درۆ و فێڵ وغەش و کاری ساختە ھەژماردەکرێت، ئەوەشی بەم کارە بزانێت ئەوا نابێت ئەو کاڵایە بکڕێت، لەبەرئەوەی ھاوکاری فرۆشیارەکەی تێدایە لەکاری ساختەدا. 

سزای یاسایی

بۆ ئەم جۆرە فرت و فێڵانە یاسا سزای بۆ دیاری کردوون:
تاوانی ( فێڵکردن ) و سزاکەی لە چوارچێوەی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ ی ساڵی ١٩٦٩ ی ھەموارکراو بەم شێوەیەیە؛ لە مادەکانی ( ٤٥٦ , ٤٥٧ , ٤٥٨ , ٤٥٩ ) لە یاسای سزادانی عێراقی باسی تاوانی فێڵکردن ( قۆڵبڕین ) کراوە. لێرەدا زیاترتیشک دەخەینە سەر مادەی (٤٥٦) لە (یاساى سزادانى عێراقی) .

ماددەی ٤٥٦ 

بڕگەی یەکەم ( ٤٥٦ / ١ ):
سزادەدرێت بە بەندکردن (الحبس) ھەرکەسێک ھەستێت بە ڕادەستکردنی سامانێکی گواستراوە لە خاوەنداری کەسێکەوە بۆ خۆی یان کەسێکی تر یان بۆ ژێردەستی خۆی یان کەسێکی تر بگوێزێتەوە لە یەکێک لەم ڕێگایانەی خوارەوە:
أ/ بەکارھێنانی ڕێگاکانی فێڵبازی.
ب/ بەکارھێنانی ناوی درۆ یان وەسفی ناڕاست یان باسکردنی شتێکی درۆ لەسەر ڕووداوێکی دیاریکراو کە ببێتە ھۆی فریودانی تاوان لێکراو و پاڵپێوەنانی لەسەر ڕادەستکردنی سامانەکە.


بڕگەی دووەم ( ٤٥٦ / ٢ ) :
بەھەمان شێوە سزادەدرێت ھەرکەسێک بە یەکێک لە ڕێگاکانی پێشوو وای لە کەسێک کردبێت کە بەڵگەنامەی بوونی قەرز یان دەستکاری کردنی سامانێک یان پاکانە یاخود ھەر بەڵگەنامەیەکی تر کە بکرێت بۆ سەلماندنی مافەکانی خاوەندارێتی یان ھەر مافێکی تری ڕاستەوخۆ ڕادەستکردبێت یان گواستبێتەوە، یان بەھەر ڕێگایەکی پێشوو وای لە یەکێک کردبێت کە بەڵگەنامەیەکی لەوجۆرە واژۆبکات یان ھەڵی بوەشێنێتەوە یان لەناوی ببات یان ھەمواری بکات.
 
لە ئەنجام دا... لەدەست دەرھێنانی سامانی کەسێک بۆ خۆت یان بۆ کەسێکی تر بە بەکارھێنانی ڕێگاکانی فێڵبازی، لەگەڵ ئەوەی تاوانە و سزای یاسایی لەسەرە لەھەمان کاتیشدا بەھۆی ئەوەی کە کردارێکی قێزەونە کۆمەڵگا بەچاوێکی سوکەوە لە کەسی فێڵاوی دەڕوانێت، بۆیە مامەڵەی ڕاست و دروست تاکە ڕێگایە بۆ خۆ دەربازکردن لە سزای فێڵکردن، نەوەک بە فێڵ و قۆڵبڕین مافی کەسێکی تر پێشێل بکەی.

تێبینی : حوکمی سزای بەندکردن (الحبس) لە نێوان ( ٣ ) مانگ بۆ (٥) ساڵ بەندکردنە لە گرتوخانە.


PM:02:19:03/08/2019



ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر