تورکیا وعێراق و ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٧٨

لقمان موستەفا صالح
پارێزەر
تێپەڕکردنی سنوورەکانی باشوری کوردستان و عێراق لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە  بە قڕکردن و ئینکارکردنی گەلی کورد پێش ھەموو شتێک تاوانێکی ئاشکرا و پێشێلکردنێکی دیاری یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بوونی کورد وەک نەتەوەیەکی زیندووی ناوچەکە، تورکیای فاشستی تووشی ھیستریاکردووە. لەبەر ئەوەی گومان لەوەدا نییە کە بوونی ھێزەکانی پەکەکە تەنھا ڕووپۆشێکە بۆ چەندین ئامانجی تر و بیانوێکی ئاشکراشە بۆ ڕەواییدان بە  دەستێوەردان و ھێرشی سەربازی لەھەلومەرجی ئێستای عێراق و بەدیاریکراویش لە ھەرێمی کوردستاندا.

ئەم ئامانجانەی تورکیا وئەم جموجۆڵ و ھەڕەشە بەردەوامانەی بۆ ئەم ئامانج و بەرژوەندییانە دەستی داوەتێ، لە ئێستا ناوچەکەی ھەژاندوەو فەزای ترس و دڵەڕاوکێیەکی گەورەی بەسەر خەڵکی کوردستان و ناوچەکەدا زاڵکردووە، دەست ناپارێزێت، خەڵکی سیڤیلی و دەستکەوتەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستانی کردۆتە ئامانج، ئەم دەست درێژیکردنە بۆ  پاراستنی مافی مرۆڤ و درۆی شاخداری دیموکراسییەوە، کە بێ دەنگیان ھەڵبژاردووە، سەرجەمی ئەو دام ودەزگا بەناو مرۆڤدۆستانە درۆزنانەی خستۆتە ژێر پرسیارەوە.!؟ 

ھەر بۆیە دەوڵەتی تورکیا ئەم بێ دەنگی نێودەوڵەتییەی قۆستۆتەوە، بێ ڕەچاوکردنی سەرجەم یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، لەسەر ھەمان ڕێککەوتننامەی سەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو دەڕوات، کەپێشتر لە کۆتایی ھەشتاکاندا کە ئەوکاتیش بەبێ ئەوەی ھیچ جووڵەیەکی چەکداری لە باکوری کوردستان ھەبێت، ساڵی ١٩٧٨ تورکیا ڕێککەوتننامەی ڕاوەدوونانی خێرای لەگەڵ عێراق ئیمزا کرد، بەپێی ئەم ڕێککەوتننامەیە تورکیا دەیتوانی بۆ سەرکوتکردنی ھێزە چەکدارە کوردییەکانی نەیاری خۆی بە قوڵایی ٥ کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی عێراقەوە.

بە داخەوە تائێستا ئەم ڕێککەوتنە ھەڵنەوەشاوەتەوە، کە دەبوو نوێنەرانی کورد لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق کاری جددیان بۆ بکردایەو ھەڵیان وەشانایەتەوە، چونکە زۆربەی ئەو ڕێککەوتنانەی سەردەمی بەعس چ وەک یاسا ئەگەر ھەبووبێت ھەموارکراوەتەوە، هەروەها ڕێککەوتنەکانیش ھەڵوەشێنراونەتەوە. تەنھا ئەو یاساو ڕێککەوتنانە نەبێت کەلە دژی کوردە وەک خۆی ماونەتەوە.!

ھەرچەندە بەپێی بنەما یاساییە نێودەوڵەتییەکان ھێرش بۆسەرھەرێمی کوردستان بە پێشێلکردنی  یاسای نێودەوڵەتی لەقەڵەم دەدرێت، چونکە ئەو یاسایەی کە  لە ساڵی  ١٩٩١ ەوە  بووە ھۆکاری سەرەکی درووست بوونی ھاوپەیمانیەتی لە نێوان زیاتر لە ٣٦ وڵاتانی ڕۆژئاواو ڕۆژھەڵات لە دژی داگیرکردن و بەزاندنی سەروەری دەوڵەتی کوەیت لە لایەن ڕژێمی بەعسی لەناوچوو، کەواتە بەشێوەیەکى ئۆتۆماتیکى ئەو ڕێککەوتنامەیەی ساڵی ١٩٧٨کۆتایی پێدێنێت، بەھۆی ئەو ژینگە نێودەوڵەتییە ونەمانی ڕژێمی بەعسەوە، بەو پێوەرە سیاسی ویاساییە، دەبێت تورکیا بەداگیرکەر ئاژمار بکرێت، لە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق، لەبەر ئەوەی حکومەتی تورکیا بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، تەنھا بۆی ھەیە سنوری خۆی بپارێزێت، بۆی نییە سنوری ووڵاتێکی تر ببەزێنێت.

بەھۆی بوونی ئەم ڕێککەوتنە نەگریسەوە، ڕۆژانە بە بەردەوامی پەلاماری باشوری کوردستان دەدرێت، نیگەرانی و ترس و دڵە ڕاوکێی لەلای ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بە تایبەییش دانیشتوانی سۆران و برادۆست و باڵەکایەتی و بناری قەندیل درووستکردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە، حکومەتی ھەرێم و  عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ دەنگن لە بەرامبەر ئەو پەلامارانە، ھیچ سکاڵایەک ناجوڵێنن لەدژی دەست درێژییەکانی تورکیا، ئاشکرایە ھەرێمی کوردستان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت لەڕووی یاساییەوە سەر بە عێراقە، کەواتە دەبێت ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕابسپێرێت، بۆ ئەوەی پەلە بکرێت و سەرەتا نوسراوێکی ناڕەزایی ئامادە بکات پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش بکات سەبارەت بەوپێشێلکاری وسنوربەزاندنانەی ڕژێمی تورکیا کە بە ئاشکراو زۆر بێ شەرمانە سنوری عێراقی پێشێلکردووە، پاشان عێراق وەک ھەر وڵاتێکی تر دەتوانێت و مافی ڕەوای خۆیەتی ھەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر دژ بەو دەست درێژیانەی تورکیا.

بۆ زیاتر جوڵاندنی ئەم کارە یاساییە و دژ بەم دەست درێژیەی ڕژێمی تورکیا، دەبێت نوێنەرانی کورد لە حکومەتی فیدراڵدا، ھەموو توانای خۆیان بخەنەکار لەڕووی ھەموو ھاوکاریەکەوە کە پەیوەستە بەم دەست درێژییە نایاساییەی دەوڵەتی تورکیا، دەبێت ڕای گشتی جیھانی لێ ئاگاداربکرێتەوە، تا نەتەوە یەکگرتووەکان ناچاربکرێن وبەفەرمی بێنەسەرهێڵ و ڕێگری لەم ھێرشە وەحشیەگەراییەی وڵاتی تورکیا بگیرێت. هەروەها لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستانیش، بۆپاڵپشتی خەڵکی لێقەوماوی دەڤەرەکە، پێویستە دانیشتوانی سەرجەم شارو شارۆچکەکانی ھەرێم بڕژێنە سەرشەقامەکان و یاداشت بەرزکەنەوە بۆ بەردەم قونسڵ خانەکان و بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان، مەترسی بارودۆخەکە بۆ ڕای گشتی جیھان بەیان بکرێت.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:03:24:13/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 237 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر