تاوانى ناوزڕاندن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

لقمان موستەفا صالح
پارێزەر
ھەموو تۆمەت و ناوزڕاندنێک بە کەسی بەرامبەر تاوان دروست دەکات، ھەروەھا جیاوازی ھەیە لەنێوان ئازادی ڕادەربڕین و بۆچوون و ڕەخنەگرتن لەگەڵ تۆمەت بارکردن و ناوزڕاندن،‌ لەکاتی ئاخافتندا ئاساییە بوترێت فڵانە وەزارەت یاخود فڵانە فەرمانگە گەندەڵی بەڕێوبردن و بەھەدەردانی پارەی تێدایە، ئەمە ئازادی ڕادەربڕینە، بەڵام ئاسایی نیە بوترێ وەزیری ئەو وەزارەتە یا بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگەیە گەندەڵەو پارە بەھەدەر دەدات، ئەمە تاوان دروست دەکات ئازادی ڕادەربڕین نییە، بەڵکو ناوزڕاندن و تۆمەت دروستکردنە ئەگەر بەڵگەی تەواوەتى نەبێت.

بەڵام، ئەوەی جێی سەرنجە، بڕیاری دادگا پەیوەندی نییە بەئازادی ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتنەوە، بەڵکو ھەموو تاکێک لەم نیشتمانە ھەر وەک چۆن بانگەشەی دیموکراسی دەکرێت مافی ئازادی ڕادەربڕین و بۆچوونی ھەیە لەچوارچێوەی ئەو سنورەی کەبۆی دیاری کراوە بە پێی دەستور، ئاواش ھەموو ئەم مافانەی تاکیش پارێزراوە لەو وڵاتەدا، بەڵام ئەگەر ئەم ئازادی ڕادەربڕینە بوو بە تۆمەت و تاوان ئەوا بڕیاری دادگا دەیگرێتەوە و سزادەدرێت.

تارق حەرب شارەزا لە بواری یاسادا دەڵێت: ئەو بڕیارەی دادگای تێھەڵچوونەوەی بەغداد کە پێش ماوەیەک دەریکردووە لەبارەی ناوزڕاندن و تۆمەت دروستکردن لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڕیارێکی دروستەو لەچوارچێوەی یاسای سزادانی عیراقیدایە.

لەبەر ئەوەی ھەر وەک  جنێودان‌و تانە و تەشەر، لە ڕێگەی کەناڵە جیاوازەکانی ڕاگەیاندنەکانەوە بە ھەرسێ جۆرەکەی (بینراو و بیستراو و نووسراو)، دەچێتە چوارچێوەی تاوانەکانی ڕۆژنامەگەری‌و ئەنجامدەری تاوانەکە بەپێی دەقەکانی یاسای ڕۆژنامەگەری ژمارە(٣٥)ی ساڵی ٢٠٠٧ی ھەرێمی کوردستان سزا دەدرێت.

کەواتە، ڕوودانی تاوانی تۆمەت و ناوزڕاندن گرنگ نییە بە ھەر ڕێگایەک بێت، جا لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبوکەوە بێت یاخود لە تەلەفزیۆن یان، ھەر ڕێگەیەکی تری ڕاگەیاندنەوە بێت، ئەگەر تۆمەت و ناوزڕاندن بڵاوکرایەوە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەگشتی، ئەوا لەم کاتەدا دەبێتە ھۆی قورستربوونی تاوانەکە و زیادبوونی سزاکەی، لەبەر ئەوەی لەڕێگەی ڕاگەیاندنەوە زۆرترینی خەڵک دەیبینێت و تەماشای دەکات.

بەڵام، ئایا چۆن ئەم تاوانە دەسەلمێنرێت و چۆن بگەن بەکەسی تاوانبار؟ نەگەیشتن بەکەسی تاوانکار ئەوە ناگەیەنێت کە تاوان ڕووینەداوە، بەڵکو ئەمە کارێکی ئابڕووبەرەو دەبێت لێکۆڵینەوەی لێبکرێت و بەدوایدا بگەڕێن، ئەمەش لەزۆربەی تاوانەکاندا ڕوودەدات کاتێک کەسی تاوانکار بزر دەبێت، تەنانەت لەتاوانی گەورەی وەکو (تیرۆر) ھەندێک جار ناتوانرێت بگەین بەکەسە تیرۆرستەکە و دۆزینەوەی ئەستەمە.
 
بۆیە سەلماندنی ڕوودانی تاوانی تۆمەت و ناوزڕاندن لەسەرماڵپەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کارێکی قورسە، لەبەر ئەوەی بابەتی سەلماندنی تاوانەکە و ڕوودانی تاوانەکە دوو شتی جیاوازن لەیەک.

بڵاوبوونەوەی ھەموو تۆمەت و ناوزڕاندنێک لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبوک و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ھاوشێوەکانی، دەبێتە ھۆی توندکردنی تاوانەکەو زیادبوونی سزاکەی بەپێی یاسای سزادانی عیراقی.

دادوەر عەبدولستار بەیرقدار وتەبێژی پێشوتری فەرمى دەسەڵاتی دادوەری فیدڕاڵی دەڵێت: دەستەی پێداچوونەوە لەدادگای تێھەڵچوونەوەی (بەغداد-رەسافە) لەدووایین بڕیاریدا فەیسبوکی بەیەکێک لەئامڕازەکانی ڕاگەیاندن داناوەو، ئاماژەی بەوە کردووە تۆڕی کۆمەڵایەتی (فەیسبوک)یش ھەموو یاساکانی ڕاگەیاندنی بەسەردا جێبەجێ دەبێت و دەیگرێتەوە. ھەر بۆیە ئەو بڕیارەی دادگای تێھەڵچوونەوەی بەغداد کە پێش ماوەیەک دەریکردووە لەبارەی ناوزڕاندن و تۆمەت دروستکردن لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بڕیارێکی دروستەو لەچوارچێوەی یاسای سزادانی عیراقیدایە.

چونکە دادگاکان تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بە(فەیسبوک)یشەوە وەکو لایەنێکی ڕاگەیاندن ھەژمار دەکەن، لەبەر ئەوەی دەگاتە بەردەست گشت کەسێک و ئێستاکە لەجیھاندا بەربڵاوترین ڕێگەی ڕاگەیاندنەو دەبێت ڕێوشوێنی یاسایی توندوتۆڵ لەگەڵیدا بگیرێتە بەر بۆکەمکردنەوەی تاوانەکانی تۆمەت و ناوزڕاندن.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:03:55:03/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 131 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر