سزای خراپ مامەڵە کردن بە دامەزراوە ئایینییەکان

لقمان موستەفا صالح
پارێزەر
دامەزراوە ئایینییە جۆر بە جۆرەکان بە یەکێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ھەژمار دەکرێن و ئازادی بیروڕای ئایین و پەراوەی سرووتە ئایینییەکانیش یەکێکن لە پێویستیەکانی ئازادی ڕادەربڕین و ژیانی تاکەکەس، ھەمیشە کارکردن بۆ سەقامگیر بوونی ئازادی و تەرخانکردنی تەواوی وزەی کۆمەڵ بۆ چەسپاندنی بنەماکانی ئازادی ئەو ئەرکە دەخوازێت کە ڕێگە بە ھەموو بیر و بۆچوونێک بدات خۆی نمایش بکات بەبێ جیاوازی . وەک ھەرسەرچاوەیەکی بیرمەندانەی تر، ئایینەکانیش بەشێک دەبن لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی و ھەوڵ دەدرێت ھێندەی پێویست سوود لە بەشداریان ببینرێت، بۆ بەھێزکردنی دادپەروەری. لە ھەمانکاتدا لە سنووری دەسەڵات و حوکمڕانیدا یاسا و شەریعەتە ئایینییەکان جودان لە شەریعەتی ژیان و حوکمڕانی و شایستەی ئەوەن مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵدا بکرێت لەدەرەوەی خەون و پرسە گشتییەکانی فەرمانڕەوایی.

کەواتە.. بەم پێوەدانگەبێت سوکایەتیکردن بەم دامەزراوانەوە لە زۆربەی ووڵاتان یاسای تایبەت بە خۆی ھەیەو سزایشی بۆ دیاری کراوە، ھەر وەک چۆن یاسای سزادانی عێراقی لە ماددە (٣٧٢) دا بە ناوی تاوانی زیان گەیاندن بە ھەستی ئایینی سزای بۆ دیاری کردووە. کە ھەرکەسێک سوکایەتی بە دامەزراوە ئایینیەکانەوە بکات ئەوا بە بەندکردن سزا دەدرێت کە لە (٣) سێ ساڵ زیاتر نەبێت، واتە: 
١-ھەر کەسێک بە یەکیک لە ڕێگاکانی ڕاگەیاندن ھێرش بکاتە سەر بیروباوەڕی دەستەیەکی ئاینی یان سوکایەتی بە دروشمەکانی بکات.
٢-ھەر کەسێک بە ئەنقەست ڕێورەسم وئاھەنگ و کۆرو کۆبوونەوەی ئایینی تیرەیەکی ئایینی بشێوێنێ یان ڕێگری لێ بکات و لەکاری بخات.
٣-ھەرکەسێک باڵەخانەیەکی ئامادەکراو بۆ ڕیورەسمەکانی تیرەیەکی ئایینی یان ھێمایەک یان ھەرشتێکی تری پیرۆز لەڕووی ئایینی تێک بدات یا لەناوی بەرێت یا بیشێوێنێت یا پیسی بکات.
٤-ھەرکەسێک کتیبێکی پیرۆزی تیرەیەکی ئایینی چاپ بکات یا بڵاوی بکاتەوە بە ئەنقەست دەقی کتێبەکە بگۆرێت، بەو جۆرەی کە واتاکەی بگۆڕێت یا یەکێک لە حوکمەکانی یا یەکێک لە ڕێنماییەکانی سڕیبێتەوە.
٥-ھەرکەسێک بە ئاشکرا سوکایەتی بە ھێمایەک یا کەسێک بکات کە لەلایەن ھۆزێکی ئایینی بە پیرۆز یان پیاھەڵدان یان ڕێزگرتن دابنرێت.
٦-ھەرکەسێک بە ئاشکرا و بە مەبەستی گاڵتە پێکردن لاسایی خواپەرستی یا ئاھەنگێکی ئاینی بکاتەوە.

ھەروەھا لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستانیشدا، یاسای ڕۆژنامەگەری ژمارە ( ٣٥ ) ساڵی ٢٠٠٧ لە کوردستان دەرچووە. لەم یاسایەدا سزاکەی بەم شێوە دیاری کردووە
ئەم یاسایە بەتایبەت ماددەی ( نۆیەم )ی ئەم یاسایە، کە ئەمە دەقەکەیەتی:
ماددەی نۆیەم  

یەکەم

ڕۆژنامە نووس و سەرنووسەر، بە بڕێک پارە غەرامە دەکرێن کە لە ( ١٠٠٠.٠٠٠) یەک ملیۆن دینار کەمتر و لە 
( ٥٠٠٠،٠٠٠ ) پێنج ملیۆن دینار زیاتر نە بێت؛ کاتێک یەکێک لەم خاڵانەی خوارەوەی بڵاو کردەوە:
١- چاندنی تۆی ڕق و کینە و لێکترازاندنی پێکھاتەکانی کۆمەڵ.
٢- سوکایەتی کردن بە بیروباوەڕ و ڕێ و ڕەسمە ئایینیەکان.
٣- سوکایەتی کردن بە سیمبول و پیرۆزیەکانی ھەر ئایین و ئاینزایەک لەکەدار بکات.
٤- ھەر بابەتێک پەیوەندی بە نھێنیەکانی ژیانی تایبەتی تاکەوە ھەبێت، ھەرچەندە ڕاستیش بێت، بەڵام بڵاوکردنەوەی ببێتە ھۆی لەکەدار بوونی.
٥- جوێندان و توانجی ناڕەوا و ناوزڕاندن.
٦- ھەر بابەتێک زیان بە ڕێکاری لێکۆڵینەوە و دادوەری ( القضائی ) بگەیەنێت تەنیا مەگەر دادگا ڕێگای بە بڵاوکردنەوەی دابێت.
٧- پێشێلکردنی بەڵێن نامەکانی ( میثاق الشرف )ی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ساڵی 
( ١٩٥٤ )ی ھەموار کراو کە پاشکۆی ئەم یاسایەیە.

دووەم

ڕۆژنامەی بڵاوکەرەوە بە بڕێک پارە غەرامە دەکرێت کە لە ( ٥٠٠٠،٠٠٠ ) پێنج ملیۆن دینار کەمتر و لە 
( ٢٠،٠٠٠،٠٠٠ )بیست ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، ئەگەر یاکێک لەوانەی لە بڕگەی ( یەکەم )دا ھاتووە بڵاوکردەوە.

سێیەم

لە کاتی دووبارەکردنەوەدا دادگا بۆی ھەیە سزاداراییەکەی زیاد بکات، بەمەرجێک لە دوو ھێندەی پارەی سزاکە کە لە بڕگەکانی ( یەکەم و دووەم)ی سەروەدا ھاتوون پتر نەبێت.

چوارەم

داواکاری گشتی و زیان پێ گەیشتوو بۆیان ھەیە بە پێی یاسا داوا تۆمار بکەن.

پێویستە ڕاگەیاندنکاران و رٶژنامەنووسان بەدواداچوون بۆ ھەواڵەکان و ڕوماڵکردنیان بکەن چونکە کارێکی باشی دەسەڵاتی چوارەمە، بەڵام پێویستی بە وەرگرتنی ڕاستی و دروستی سەرچاوەی زانیارەکەیە لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکە و ئاگاداری ماددەی ( نۆ )یەمی ئەم یاسایەبن بۆئەوەی بەدووربن لە ھەڵەی کاری ڕۆژنامەوانی و حوکمی سزای ئەم ماددەیە.

تێبینی: لە ماددەی یەکەمی ئەم یاسایەدا بەشی ( چوارەم ) ھاتووە کە ڕۆژنامەگەری، پیشەی ڕۆژنامەگەریە لە کەناڵە جیاوازەکانی ڕاگەیاندندا. هەروەها بەشی ( پێنجەم ) لەماددەی یەکەمی ھەمان یاسادا ھاتووە کە ڕۆژنامەنووس، ھەرکەسێک لە بواری ڕۆژنامەگەریدا لەھەر کەناڵێکی ڕاگەیاندندا کاردەکات. واتا ئەم یاسایە ھەموو ڕاگەیاندن کارێک دەگرێتەوە. 

ھەروەھا لە ووڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیشدا یاساو سزای تایبەتیان ھەیە بەمەبەستی ڕێگرتن بە سوکایەتی کردن بە سرووت و بۆنە ئایینە جیاوازەکان.

لە وڵاتە ڕۆژئاوایی و ئەورووپیەکانیش بە ھەمان شێوە سزای تایبەتیان داناوە بۆ ئەو کەسانەی کە سوکایەتی بە بۆنە ئایینیەکان دەکەن، بۆ نمونە لە بەریتانیا تا ئێستاش لەھەموو وێڵزو ئینگلتەرادا جگە لە سکۆلەنداو ئیرلەندای باکور کە جنێودان بەپیرۆزییەکان قەدەغە دەکات ئەو یاسایە تەنھا سزای ئەو کەسانە دەدات کە جنێو بە پیرۆزیەکانی مەسیحیەت دەدەن.

پاش بڵاوبونەوەی کتێبی (آیات الشیطانیة )ى سەلمانی روشدی لە ساڵی ١٩٨٨ موسلمانان لە بەریتانیا ھەوڵیاندا یاسای قەدەغەکردنی جنێودان بە پیرۆزیەکان دژ بە نوسەرەکە واتا سەلمانی روشدی بەکاربینن بەڵام سەرکەوتونەبوون چونکە ئەو یاسایە تەنھا سزای ئەو کەسانەی دەدا کە جنێو بە پیرۆزیەکانی مەسیحیەت دەدەن بەم جۆرە سەلمانی روشدی لەو سوکایەتی کردنەی بە پیرۆزیەکانی ئیسلام بەدەرچوو لەھیچ یاسایەکی بەریتانی دانەنرا.

دەرەنجام ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە سەرجەم دامەزراوە ئایینیەکان لە فەزای دیموکراسییەتی کرچ وکاڵیشدابێت دەکرێت وەک بیروڕایەکی ئازاد ڕێزی لێ بگیرێت، بە مەرجێک لە چوارچێوەی یاسای دەوڵەت وشریعەتی خودی ئایینەکە دەرنەچێت، خۆ ئەگەر ئەم دامەزراوە ئایینیانە بەباشی بەکار بھێنرێت و دوور لە دەمارگیری زیادەڕەوی تیانەکرێت، دەکرێت وەک ھەر دامەزراوەیەکی تری کۆمەڵگای مەدەنی، مرۆڤایەتی لە سایەیدا بحسێتەوە.

ئەم وتارە گوزارشتە لە راى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.
 


PM:03:34:22/06/2019



ئه‌م بابه‌ته 198 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر