چۆن سەرۆکێکمان دەوێت

لقمان موستەفا صالح
پارێزەر

دەزانن بەشێک لە هۆکارەکانی دانانی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە:(لە هەر سیستەمێکی سیاسیدا سەرۆکێك هەیە، یەکێتی گەل و وڵات بەرجەستە دەکات‌ و بە ناوی ئەوەوە لەسەر ئاستی سیاسیی و نێودەوڵەتی دەدوێت و وەك سەرۆکی باڵای ڕاپەڕاندن چاودێری بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیان دەکات و پاڵپشتێکی سەرەکی یە بۆ سەقامگیری باری سیاسیی و پێشکەوتنی کۆمەڵگا (پاڵپشت بە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١ی ساڵی ٢٠٠٥ لــە ٢٠٠٥/٦/٧) لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوێندراوە. بەپێی ماددە (٢٠) یاساکە.


بەڵام بە داخەوە ئەم پۆستە چارەنووس ساز وگرنگەی گەلەکەمان، لە هەرێمەکەی ئێمەدا بە حیزبی و بە شەخسەنەکراوە.! پێش وەختە لەلایەن حیزبەکانەوە بڕیار لەسەر کەسێکی دیاریکراو دەدرێت، بێ گوێدانە شیاوی و توانای کەسەکە بۆ ئەو پۆستە.! ئەم دیاردەیەش ڕێگرییەکە بۆ ئەوەی هەنگاوە سەرەتاییەکانی بنەماکانی دیموکراسی لە هەرێم، جێگیرنەبێت و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەکوردستان نەببێتە کلتور.


ئەم پۆستە بەردەوام چەقی کێشەو ململانێکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان بووە، بۆیە ماوەیەکی زۆرە هەڵپەسێردراوە. پاشانیش بە قودرەتی قادر لایەنە ناکۆکەکان ڕێککەوتن کە سەرۆکی هەرێم لە پەڕلەمانەوە هەڵبژێردرێت. لێرەدا ناچمە سەر بوون و نەبوونی بڕوانامە، لەبەر ئەوەی زۆری لەسەر ووتراوەو بە دڵنیایەوە بوونی بڕوانامە گرنگە بۆ سەرۆکێک کە نوێنەرایەتی گەلێک دەکات، بەڕەوای نازانم هەر گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، بۆیە هاوڕایانم.


بەڵام  لێرەدا ئەوە گرنگە کەچۆن و بە چ شێوەیەک دەست لەسەر کەسێک دابنرێت ومتمانەی پێ بدرێت؟ ئەو ڕابەرە دەبێت کێبێت؟ دەبێت چۆن بێت لەڕووی کارامەیی و ئەزمونی سیاسیەوە؟ ئایا تاچەند بەئاگایە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی؟ ئایا تاچەند بەسەلیقەیە لە دبلۆماسیەتدا؟ چونکە
سیاسەت و دبلۆماسییەت دوو چەمکی تەواوکاری یەکترن، ئایا توانای ڕووبەڕووبونەوەو پاراستنی هەرێمی لە مەترسی دەرەکى و ناوخۆییەکاندا هەیە؟ لەگەڵ ئەمانەشدا وەک یاساییەک بەپێویستی دەزانم کە بە بڕوای بەندە دەبێت گرنگترین شت کە لێی چاوەڕوان دەکەین لەسەر ئاستی ناوخۆدا، بەلانی کەم، بڕوای تەواو و کردارەکی بەسەروەری یاسا هەبێت، نمونەی(وینستۆن چەرچڵ)مان هەیە، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لەجەنگی جیهانی دووەم کاتێک دەگەرێتەوە بەریتانیا، بەناو یەکێک لەو شارانەدا دەڕوات کەزیانی زۆری پێگەشتووەو وێران بووە(بەڵام داگیرنەکراوە)، بە خێرایی تێدەپەڕێت  و زۆر دڵتەنگ دەبێت بەو وێرانەیە، لە ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگاتە یەکێک لە چوارڕێیانێک، پۆلیسی هاتوچۆ دەیوەستێنێ ... ئەویش دەڵێ من چەرچڵم و ئیشی پێویستم هەیە، پۆلیسەکەش پێی دەڵێ گەورەم ئەمە یاسای هاتوچۆیە حەقی چەرچڵی چییە؟ ئەویش دەست دەکات بەگریان لەخۆشیدا! هاوەڵێکی دەڵێ ئەوە گەورەم بۆ دەگریت؟ ئەویش دەڵێت مادام یاسا ماوە کەواتە هیچ لەناو نەچووە، بینا زوو دروست دەکرێتەوە

لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە چەرچڵ چۆن ڕێزی لە یاسای وڵاتەکەی گرتووەو بەرز ڕایگرتووە. 
هەروەها بڕوای تەواوی بە بنەماکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ هەبێت، کە دەڵێین بنەماکانی دیموکراسی ئاشکرایە بڕوای تەواوی بە دەستاو دەستکردنی دەسەڵات هەبێت. وەک ڕابەری ڕۆحی ئەفەریقییەکان(نیڵسۆن ماندێلا)، کە ڕابەرایەتی شۆڕشی دژ بە ڕەگەزپەرستی دەکرد و زۆربەی ژیانی لە زینداندا بردەسەر، پاش ئازادبوونی سەرەڕای ئەوەی گەلەکەی لە بندەستەیی ڕزگارکرد و هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کردەوە بە هاوڵاتی پلەیەک، کەچی پاش تەواوبوونی وادەی یاسایی سەرۆکایەتییەکەی لە خولی یەکەمدا ڕاگەیاند: "لەپێناو پاراستنی دیموکراتی لە وڵاتەکەمدا، ئامادەنیم جارێکی تر خۆم کاندید بکەمەوە، هەرچەندە دڵنیاشم کە زۆرینەی دەنگەکان بەدەستدەهێنم"، ئەو هەڵوێستە وای لە ماندێلا کرد، بۆ هەمیشەیی لە بیر و هزری ئەفەریقییەکان و هەموو مرۆڤایەتیدا بەشێوەیەک بمێنێتەوە، کە وەک ڕابەرێکی رۆحی ئازادکەری مرۆڤە ژێردەستەکان و پارێزەری دیموکراتی تەماشای بکرێت.  


نیڵسۆن ماندێلا کە بەشێکی زۆری ژیانی خۆی لەپێناو خەباتی ئاپارتاید تەرخانکرد، فرۆشتنەوەی خەباتی سەرکردەکان بە گەلەکانیان بە (بێ ڕەوشتی) ناودەبات و دەڵێت:"بێ ڕەوشتترین سەرۆکەکانی جیهان ئەوانەن خەبات و ماندوبوونیان بە گەلەکانیان دەفرۆشنەوە و لەسەریان دەکەن بەبار و بەمنەت، من ئەگەر سەرکردەیەکیش نەبوایەم، وەک هاوڵاتییەکی ئاسایی لەپێناو نیشتیمانەکەم تێدەکۆشام ئەوە ئەرکێکی ئەخلاقی نەتەوەییە، من بۆ ئەوە خەباتم نەکردووە، ئازارم نەکێشا و زیندانی نەکرام کە ئازادکرام تاکۆتایی ژیانم سەرۆک بم، پێویستە گەنجەکان بێنە پێش باخەباتی چەکداریشیان نەکردبێت، با لەمەودوا خەباتی مەدەنی بکەن و لەرێی کورسی دەسەڵاتەوە خزمەت بەگەل و نیشتیمان بکەن، من ئەو کورسیە جێدەهێڵم پەیامی خۆم گەیاندو چاوەڕێی پەیامی ئەوانی دیکەم".

 
هەروەها نمونەی
 (لۆلا داسیلڤا)ی سه‌رۆكی پێشووی به‌رازیل، كه‌ نزیكه‌ی (٣٠) ملیۆن كه‌سی له‌ هه‌ژاریی ڕزگاركرد و وڵاته‌كه‌ی كرده‌ هه‌شته‌مین زلهێزیی ئابوری جیهان، دوای هه‌شت ساڵی سه‌رۆكایه‌تی، سه‌ره‌ڕای داوای زۆرینه‌ی خه‌ڵكی به‌رازیل بۆ هه‌مواركردنی ده‌ستور و مانه‌وه‌ی بۆویلایه‌تێكی دیكه‌، به‌ڵام ئه‌و ڕازی نه‌بوو، وازی له‌ كورسی سه‌رۆكایه‌تی هێنا. کاتیک ماوەی سەرۆکایەتی کۆتایی هات زۆرینەی خەڵکی بەرازیل ڕژانە سەرشەقام بۆئەوەی ویلایەتەکەی بۆجاری سێیەم دریژبکرێتەوە. بەڵام وتی هەرگیز قبوڵ ناکەم ویلایەتەکەم دریژبکرێتەوە، چونکە بۆماوەی ٢٠ ساڵ خەباتم بۆدیموکراسی ودادپەروەری کۆمەڵایەتی تەرخانکردووە، ئیستاش ڕێگا بەخۆم نادەم دژی ئەو پرانسیپە ناوەستمەوە، هەروەها وتی دایکم بەهەژاری ئیمەی پەروەردە کرد، بەڵام ئەوەی فیرکردووین سەربەرزبین.


هەروەها بڕوای تەواوی بە بە ئازادی ڕادەربرین و مافەکانی مرۆڤ هەبێت، هەروەک (
ژه‌نەراڵ دیگۆل) كه‌ فه‌ره‌نسای له‌ده‌ست هێزه‌كانی نازیزم ڕزگاركرد، ساڵی(١٩٦٩) له‌ ڕیفراندۆمێكدا خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی ده‌نگیان به‌پرۆژه‌ی چاكسازییه‌كانی نه‌دا، بۆیه‌ به‌ ڕسته‌یه‌ك ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند و وتی: "له‌مڕۆوه‌ ده‌ست له‌كاری سه‌رۆكایه‌تی كۆمار هه‌ڵده‌گرم"، له‌باره‌ی ئه‌وه‌یش كه‌ خه‌ڵك شه‌رمه‌زاریان كرد، وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بوو كه‌: "نمه‌كحه‌رامی، خه‌سڵه‌تی گه‌له‌ مه‌زنه‌كانه‌". ئەو سەرۆکە ناڕەزایی گەلەکەی لە بەرامبەر چاکسازییەکەی لە ڕێگەی میدیا نزیکەکانی خۆی بە کاری تێکدەرانە و دەستی دەرەکی و هەوڵدان بۆ کودەتا ناونەبرد.


هەموو ئەم
نمونانە دەرخەری ئەوەن کە ئەو سەرۆکانە ناویان لە مێژووی وڵاتەکەیاندا هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە، کە چۆن ڕێزیان لە یاساو دیموکراسییەت و مافەکانی مرۆڤ گرتووە، ئەوەندە لە بیری قازانجی میللەتەکانیاندا بوون، ئەوەندە لە قازانجی تایبەتی دەستەوتاقم و بنەماڵە و خانەوادەکانی خۆیاندا نەبوون، بەرز ڕاگرتی یاساو بنەماکانی دیموکراسی و ڕێزگرتن لەمافەکانی مرۆڤ، ئەوانی وەک سەرۆکێکی هەمیشە زیندوو لە دڵی میللەتەکانیاندا بەنەمری هێشتۆتەوە، هەر لەگەڵ تەواو بوونی ماوەی یاسایی دەسەڵاتیان سەربەرزانە کورسی دەسەڵاتیان بۆ نەوەکانی دوای خۆیان چۆڵکرد. هەرزوو درکیان بە ڕاستییەکان کردو خۆیان لە گێلی نادا و لە ڕێگەی میدیا و ڕاگەیاندن و دەستەوتاقمی خۆیانەوە، لە هەوڵی ئەوەدا نەبوون بیانوو بهێننەوە بۆ مانەوەیان لە سەرکورسی دەسەڵات.

ئەم وتارە گوزارشتە لە راى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.


 

 


PM:02:59:12/05/2019



ئه‌م بابه‌ته 113 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر