دەسەڵاتی دادوەری وھەیمەنەی لۆژیکی ھێز

لقمان موستەفا صالح
پارێزەر

ئەنجومەنی دادوەری بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لەھەرێمی کوردستان ودەسەڵاتی سێیەمە لەپاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان) و دەسەڵاتی جێبەجێ کردن (حکومەت)، ھەتا ساڵی ١٩٩٢ دەسەڵاتێکی دادوەری سەربەخۆ لەھەرێمی کوردستان نەبوو، کاری سەرجەم دادگاکانی کوردستان بەیاسای ژمارە (١٦٠)ی ساڵی (١٩٧٩) رێکدەخران و سەر بە وەزارەتی دادی بەغداد بوون.

 

بەڵام لە دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ی گەلی کوردستان و دوای ئەوەی لەساڵی ١٩٩٢ ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان ھاتەکایەوە، یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (١٤) ی ساڵی ١٩٩٢ لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوو، کە لەرێککەوتی (١٩٩٣/١/١٤) کاربەم یاسایە کرا، دواتر سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان لەژێر ڕۆشنایی ئەم یاسایە دامەزرا وسەربە وەزارەتی دادی ھەرێمی کوردستان بوو.

 

ھەروەک ئاشکرایە سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی وبەھێزی سیستەمی سیاسی ھەر وڵاتێکە، کەلەسەر بنەمای دیموکراسییەت دامەزرابێت، بەھیچ جۆرێک ناکرێت و نابێت دەستێوەردان بکرێت لەم دامەزراوە گرنگەی دەوڵەت، بەڵام مەخابن کە دەسەڵاتی حیزبی وحکومی ئەم دامەزراوە باڵایەیان بەشێوەیەک بچوک کردۆتەوە شکۆ وھەیبەتیان بۆ نەھێشتۆتەوە، بەتەواوی باڵادەستبوونی لۆژیکی ھێز، دامەزراوەی دادوەری لەکوردستاندا شەرمەزار کردووە.

 

مەبەست لەسەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری بەومانایەیە کەھیچ لایەنێکی سیاسی یان کارگێڕی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوحۆ بۆی نییە دەست وەربداتە نێو کاروباری دەسەڵاتی دادوەری، یان بەھەرشێوەیەک کاریگەری ھەبێت وھیچ کەسێک یا دەزگایەک لە دەزگاکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، ھەتا ئەگەر وەزیری داد بێت یان سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت) بێت، نابێت دەست وەربداتە کاروباری دادگاکان یان فشار بخاتەسەر دادوەرەکان لەکاتی حوکم وبڕیارداندا .

 

دەستوری عێراق جەخت لەپرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری دەکاتەوە، وەک لەمادەی ٨٧ی دەستورەکەدا ھاتوە: "دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە ‌ودادگاکان بەڕێوەدەبەن بەجیاوازی جۆر و پلەکانیەوە و بڕیارەکان بەگوێرەی یاسا دەردەچن"... ھەروەھا لەمادەی ٨٨ی ھەمان دەستوردا داھاتووە "دادوەرەکان سەربەخۆن وجگە لەیاسا لەژێر رکێڤی ھیچ دەسەڵاتێکی تردا نین و نابێت ھیچ دەسەڵاتێک دەستبخاتە کاروباری دەسەڵاتی دادوەرییەوە".

 

ئەوەی کەدەستوری عێراق جەختی لەسەر دەکاتەوە تەنھا مورەکەبی سەر کاغەزە! بەتایبەتی لەھەرێمی کوردستان بەقسە یاسا سەروەرە، هەروەها دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیی تەواوی ھەیە، بەڵام بەداخەوە بەکردار پێچەوانەکەی ڕاستە، زۆرێک لە نمونە و بەڵگەی حاشا ھەڵنەگر ھەیە کەئەوە دەسەلمێنن کەدەسەڵاتی دادوەری لەھەرێمی کوردستان چەندە شەرمنە و دەستەمۆی دەسەڵاتی حیزبی و تەنانەت دەسەڵاتی جێبەجێکردنیشە، کاتێک کەکەسێکی ئاسایی تۆمەتبار دەکرێت و پەلکێشی دادگا دەکرێت خوا و خۆی و کەلبچەکەی دەستی نەبێت کەسی لەپشت نییە، بەڵام بەرپرسێک ئەگەر زات بکرێت بانگھێشتی دادگای بکەن ئەوە بەمەراسیمێک دەیھێنن زۆرجار خودی دادوەر تووشی شۆک دەبێت سەری سوڕدەمێنێت ! ئەم ھەڵسوکەوتە ھەڵەو سەقەتە وایکردووە کە لەماوەی ڕابردوودا سەرنجی زۆرێک لەڕێکخراوەکانی کۆمەڵگە مەدەنییە جیھانییەکانی بەلای خۆیدا راکێشاوە، کارگەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی ببێتە شوێن سەرنجی رێکخراوێکی وەک : رێکخراوی ( ASK) کە رێکخراوێکی ئەمریکییە لەھەرێمی کوردستان راپۆرتێکی لەسە ڕەوشی دادوەری ودادگاکانی ھەرێمی کوردستان بڵاوکردۆتەوە. تیایدا بەڕاشکاوانە لەراپۆرتەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کەدەستێوەردانی حیزبی وبەرپرسانی حکومەت لەدەسەڵاتی دادوەرى لەھەرێمی کوردستاندا ھەیە، هەروەها دەستێوەردانەکان بەزەقی دیارن.

 

ھەربەپێی ڕاپۆرتەکەی رێکخراوە ئەمریکییەکە دادوەرەکان ھەندێک لەکێشەکان لەبەرژەوەندی حیزبەکان یەکلایی دەکەنەوە. ئەو رێکخراوە دەستێوەردانەکانی حیزب و بەرپرسانی حیزبی لەکاروباری دادوەری لەھەرێمی کوردستان بەم شێوەیە پۆلێن کردووە:

 

یەکەم: دەستێوەردان لەپێکھاتەی ئەنجومەنی دادوەری.

دووەم: دامەزراندنی دەستەی دادگاکان.

سێیەم: دەستێوەردانی بڕیارەکانی کارگێڕی دادگاکان.

چوارهەم: دەرھێنانی فایلی ژێردەسەڵاتی دادگاکان.

پێنجەم: ھەروەھا فشاربۆسەر دادگا بەمەبەستی دەرکردنی بڕیار لەبەرژەوەندی لایەنێک.

 

ئەم دەست تێوەردانەی کەلەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە دەکرێت بۆ سەر دامەزراوەی دادوەری ھەروەک رێکخراوە ئەمەریکیەکە ( ASK ) ئاماژەی پێکردووە کاریگەرییەکی تەواو دەکاتە سەر ناو وناوبانگی ئەم ئەزمونەی ھەرێمی کوردستان بەجۆرێک ئەو بانگەشە بەناو دیموکراسی و کۆی گشتی ئەزمونی دەسەڵاتداری دەخاتە ژێر پرسیارەوە .!؟.

 

ئەم بێ سەروبەرییە وپاشاگەردانییە کە لەمەڕ ھەرێمەکەماندا دەگوزەرێت، دەکرێت بپرسین ..؟ ئایا ھۆکارەکەی نەبوونی سەروەری یاسایە .؟ یاخود نەبونی دەستور ھۆکارە .؟ یان دەسەڵاتی دادوەری وەک دامەزراوەیەک بوونی نییە وئەگەر ھەشبێت دەسەڵاتێکی شەرمنە و لەبەردەم لۆژیکی ھێزدا دەستەوەستانە و دۆشداماوە!.

 


PM:10:44:07/11/2018



ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر