لەدەستدانی متمانەی سیاسی

لقمان موستەفا صالح
پارێزەر

متمانەی سیاسی لەھەرێمی کوردستان، گەیشۆتە ئەو ئاستەی کە فاکتەرەکانی بەخشینی متمانەی سیاسی لەھەرێمی کوردستاندا لەنێوان: خودی نوخبەی سیاسی و نوخبە و دامەزراوە سیاسییەکاندا، لەئێستادا جیاوازی نییە. واتە ھەمان فاکتەر بۆ دوو هێزی سیاسی یان زیاتر، ھەمان رۆڵی هەیە لە هەڵکشان داکشانی متمانەی سیاسی.

ھەروەھا بەپێی
توێژەران و چاودێرانی سیاسی،دەردەکەوێت لەھەرێمی کوردستاندا، متمانە بە کۆی سیستەمی سیاسی لە نزمترین ئاستدایە. متمانەش بە سیستەم لە ھەرێم، وابەستەیە بەمتمانە بەنوخبەی سیاسی و دامەزراوە سیاسی و یاساییەکان. چونکە بە بڕوای شارەزایان، لەدەستدانی متمانە بەگشتی و لە دەستدانی متمانەی سیاسی بەشێوەیەکی تایبەتی، هەر بەسروشتی خۆی، زۆر خێراتر لە دەست دەچێت. بەڵام بۆ بەدەستهێنانەوەی، كاتێكی زۆرتری پێویستە تادەبێتەوە جێی بڕواو متمانە.


یەكێك لە مەترسییە گەورەكانی
داهاتووی حیزبی سیاسی، بریتییە لە لەدەستدانی متمانەی سیاسیی گەل. بەپێی بۆچوونی شارەزایانی متمانەی سیاسییش، كاتێك پارتێكی سیاسی بەهۆی سكانداڵ یان هەر كارێكی نەشیاو جەماوەریی ڕوو لە لێژی بكات، تا ماوەیەكی زۆر درێژ و بەئەستەم، دەتوانێ جارێكی تر بێتەوە گۆڕەپانی سیاسی و متمانەی سیاسی بەدەست بێنێتەوە.


هەر بۆیە کاتێک خەڵکی متمانەی بە حیزبە سیاسییەکان و کەسایەتیە سیاسییەکان و  دەسەڵاتی سیاسی و حکومەت نامێنێت، هەر لە خۆڕا نیە! لەبەر ئەوەی پێیان وایە پارتە سیاسییەکان وکەسایە
تی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی، ئەوەندەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەوڵدەدەن و کاردەکەن ئەوەندە بۆ بەرژەوەندی وخۆشگوزەرانی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان، هەوڵ نادەن. ئەوەندەی حیزبە سیاسییەکان خەریکی ناشیرنکردنی سیاسەت و خراپ بەکارھێنانی سیاسەتن، تا کار گەیشتووه‌تە ئەوەی بەشێوەیەک ژینگەی سیاسییان شێواندووە، بە جۆرێک، زانستی سیاسییان شەرمەزارکردووە.! 

هەر بۆیە بەشێک لە چاودێرانی سیاسی وپسپۆرانی ئەوبوارە پێیان وایە سیاسەتکردن لە هەرێمی کوردستان، هیچ خەسڵەتێکی زانستی سیاسی تیادا نابینن، بۆیە دەرهاویشتەکانی کێشەی جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە
.

هەرچی خەڵکە گشتییەکەشە پێیان وایە سیاسەتکردن بەوشێوەیەی کە ئێستا دەگوزەرێت، تەنها ئاو لەژێرپێ کردنە و درۆیەکی شاخدارە، ئامانجەکەی قازانجێکی بازرگانییەو هیچی تر، ئاخر کە دەبینن هێزە سیاسییەکان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا چۆن
وادەو بەڵێن دەدەن و پاشان پاشگەز دەبنەوە، دەبینن چۆن گاڵتە بە هەستیان دەکرێت، کاتێک بەڵێن بەخەڵکی دەدەن وپاشان لێی پەشیمان دەبنەوە، ھیچ ئەنجامێکی نابینن، ئیدی چۆن متمانەیان بە دەسەڵاتی سیاسی دەمێنێت.!! 

لەسیاسەتیشدا ئەگەر ڕەوشت وەک پێویست نەبوو، ئیتر دەسەڵاتداران بە ئارەزوی خۆیان بەڵێن دەدەن و جێبەجێی ناکەن، دەشبێت بزانین کە بۆچی ڕەوشتی سیاسی پێویستییەکی حەتمیە و دەبێت ئەخلاق وەک ھۆکارێک سەیربکەین، چونکە ئەگەر ڕەوشت لەهەرکایەیەکی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی ...هتد، ھەبوو ئەوا دەسەڵاتداران بەڵێنێک نادەن کە جێبەجێی نەکەن، ئەوکات خەڵکیش لەگەڵ یەکتردا زیاتر ڕاستگۆدەبن و ئەو کاتەش متمانە بە یەکترو بەو دەسەڵاتەش زیاتر  دەبێت. لە هەلومەرجێکی واهەستیاری ئەمڕۆی کوردستاندا پێویستمان بە نوێکردنەوەی میکانیزمەکانی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و خەڵک هەیە، بەسەرجەم دەسەڵاتەکانی  پەرلەمان وحکومەت، بەدەزگای دادوەریشەوە، بۆ دووبارە دروستکردنەوەی متمانە.

ئەرکی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگاو پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی وسەروەری یاسا و دابینکردنی پێداویستییەکانی گوزەرانی خەڵک دەکەوێتە ئەستۆی ئەوحکومەتەی کە دەسەڵاتی سیاسی دروستی کردووە، لە هەمانکاتیشدا پاراستنی ئاسایشی گشتی ئەرکێکی کۆمەڵگاییەو بەرپرسیارێتی گشتی خەڵکە. فراوان بوونی ئازادی سیاسی و دیموکراسی لە کۆمەڵدا، فراوان کردنی سەرجەم بوارەکانی ئازادی ڕادەڕبڕین بە شێوازی جۆراوجۆری دیموکراسییانە، ئەو زەمینەیە وئەو پێداویستییانە دەخوڵقێنن بۆ ئەوی دەسەڵات ئەرکی خۆی بەئەنجام بگەیەنێ وبیسەلمێنێ کە جێی بڕواو متمانەیانە.

 
کاتێک متمانە لەنێوان هاوڵاتی و دەسەڵاتدا دێتە کایەوە، کە دەسەڵات لە ڕێگای دامودەزگاکانیەوە، لەهەوڵی ئەوەدابێت باشترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان پێشکەش بکات، خواست و ئاوات و پێویستییەکانیان دابین بکات، هاوڵاتی هەست بە جیاوازی و نادادپەروەری نەکات، مافی هاوڵاتیبوونی پارێزاراو بێت و دەنگی بیستراوبێت، مافی ڕادەربڕین و دەنگدانی بە ئازادی و بەبێ ترس و هەڕەشە و نانبڕینی نەبێت.

ئەوەی دەبێتە مایه‌ی لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتی بە دەسەڵاتی سیاسی ئەوەیە، کاتێک بەرپرسان و سیاسەتمەداران بەڵێن و پەیمان دەدەن و دووبارە و دەبارەی دەکەنەوە بە بێ هێنانەدی بەڵێنەکانیان. بۆ نمونە باس لە ئازادی ڕادەربڕین و هەڵبژاردنی ئازاد و سەروەری یاسا و عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەکەن، پەیمان بەهاوڵاتیان دەدەن کە دیموکراسی پەیڕەو بکەن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیعدا ئەو بەڵێنانە بوونی نییە و هاوڵاتی هەست بەوە دەکات ئەو بەڵینانە تەنیا خوڵ کردنەچاو زیاتر هیچیتر نییە، کە دەبینرێت دەزگاکانی حکومەت و میدیا و داهاتی نیشتمانی لەلایەن حیزبەوە قۆرخ دەکرێت، خزمخزمێنە و تەزکییەی حیزب دەخرێتە پێش توانا و لێهاتووییەوە بۆ دامەزراندن لە دەزگا فەرمییەکاندا، ئەوا بێگومان دەسەڵات متمانەی خۆی لەدەست دەدات وهاوڵاتیش بیرلەڕێگا چارەی دیکە دەکاتەوە کە مافێکی سروشتی خۆیەتی
.

دەسەڵات کاتێک دەتوانێت متمانەی هاوڵاتیان بەدەست بێنێت کە وەڵام بە داواکاری و دەنگی ناڕەزایەتییان بداتەوە، بەکردەوە نەک تەنیا بە بەڵێن و وتاری بریقەدار و ڕازاندنەوەی مانشێتی ڕۆژنامەکان
.

هاوڵاتی کە متمانەی بەدەسەڵاتی سیاسی نەما، ئامادە نابێت گوێ ڕایەڵی  فەرمان و داواکارییەکانی دەسەڵات بێت، لە بری هاوکاریکردن زۆرجار پەنا دەباتە به‌ر سەرپێچکردن و ناڕەزایەتی دەربڕین، بە ڕه‌خنەگرتن و میتینگ وخۆپیشاندان. بۆیە دەتوانین بڵێین متمانەی هاوڵاتییان بە دەسەڵات، شەرعییەتدانە بەو دەسەڵاتە، بە پێچەوانەشەوە کاتێک هاوڵاتییان متمانەیان بەدەسەڵات نامێنێت، ئەو دەسەڵات لە لایەن هاوڵاتییانەوە بە دەسەڵاتێکی سەپێنراو و ناشەرعی دیکتاتۆر دەناسرێتەوە
.

نەهێشتنی قەیرانی متمانەی خەڵک بە دەسەڵات وحزبە سیاسییەکانەوە، دەبێ لە ڕێگای بایەخدانی حیزبی سیاسی بەو بەرنامەیەی کە لە هەڵبژاردندا ڕایدەگەیەنێ، وکارکردنی نوێنەرانی لە پەرلەمان ودامەزراوە هەڵبژێردراوەکاندا لە سەر ڕۆشنایی ئەو بەرنامەیەوە بێت
.

شایەنی ئاماژە پێکردنە متمانە لە نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵاتی سیاسی لایەنێکی گرنگی سەرمایەی کۆمەڵایەتییە لە پاڵ بەها و مۆڕاڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە کاریگەری هەیە لەسەر گرێدانی پەیوەندی نێوان تاکەکانی کۆمەڵدا


بۆیە پێویستە دەسەڵاتی سیاسی بایەخ و گرنگی تەواو بدات بە سەرمایەی کۆمەڵایەتی وەک سەرمایە جۆراوجۆرەکانی تری وڵات. لانی کەم بۆ ئەوەی ڕووی بێت بۆ جارێکیتر بتوانێ داوی دەنگیان لێبکات وببێتەوە جێی متمانە وگرنگی پێدانیان


پێویسته‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدرێت دیالۆگی ڕاستەقینە دروست بێت له‌ نێوان حکومه‌ت و جه‌ماوه‌ر له‌ ڕێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانه‌وه‌ که‌ زوبان حاڵی چین وتوێژه‌کانی ئه‌و خه‌ڵکه‌ن، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ ڕێگه‌ی ده‌ربڕینێکی شارستانی و دروسته‌ له‌ بری توند و تیژی، کە بێشک توندوتیژی به‌ر له‌ هه‌موو شتێک ماڵ وێرانی  به‌دواوه‌یه
.‌

بۆ نەهێشتنی وبنەبڕکردنی قەیرانی متمانەی نێوان خەڵک ودەسەڵاتی سیاسی نۆژەن کردنەوەی پردی پەیوەندی نێوانیان
، بەرلەهەرشتێک داوای لێبوردن لە کۆمەڵانی خەڵک بکرێت، داننان بەهەڵە وکەموکوڕی وکارە دزێوو نەشیاوەکانیان، کەچۆن بونەتە هۆکاری سستبوونی دامەزراوە شەرعییەکان، هەروەها نەبوونی شەفافیەت لە سێکتەرە ئابوری وداراییەکاندا، بەتایبەت کۆمپانیا نەوتییەکان وژێرخانە ئابوریەکانی تری وڵات، ڕێزگرتن لەیاساو سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی نەک بە پێچەوانەوە دەستێوەردان وتێکدان....هتد

 

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نوسەر وچاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە 


PM:02:05:03/03/2019



ئه‌م بابه‌ته 102 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر