یاسای وەبەرهێنان لە نێوان گرنگیدان بە وەبەرهێنی خۆماڵی و بیانیدا

لقمان موستەفا صالح
پارێزەر

نکووڵی لەوە ناکرێت هەرێمی کوردستان گەشەسەندنێکی ئابوری بەر چاوی بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەت لە پاش ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە. هەرچەندە لەگەڵ دەست درێژی داعش بۆ سەرهەرێم و بوونی کێشەی سیاسی نێوخۆیی لەلایەک و لەگەڵ عێراق لەلایەکیتر، کە لە ئەنجامدا قەیرانی دارایی بەرۆکی گرتین و کاری وەبەرهێنان بەرزی و نزمی بەخۆیەوەبینی. بەڵام هێشتا هەر لەکاتی بوونی ڕژێمی بەعس باشترە. هەرلەم ڕوانگەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان سودی لەو کرانەوە گەورەیە وەرگرتووە لە پەیوەنديیەکانى لەگەڵ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و ئەو مەودا بەرفراوانە لە چالاکی ئابوری، کە بۆ خۆی ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی و کۆمپانیا نێونەتەوەییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی و تایبەت بەرەو کوردستان.


بەڵام لە بەرامبەردا وەبەرهێنانی خۆماڵی لە چاو وەبەرهێنانی بیانی کەمتر گرنگی پێدراوە و بەڵکوپشتگوێ خراوە.! کە لە درێژەی بابەتەکەماندا باسی لێوەدەکەین.

 

بۆ ئاسانترکردنی ئەم گەشەسەندنە زیاتر بەڕووی وەبەرهێنانی بیانیدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەستاوە بە تێپەڕاندنی چەند یاسایەک، لە نێوانیاندا یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و یاسای نەوت و گاز، کە ئەمەش ڕێگا بۆ کەرتی تایبەت خۆش دەکات تا ببێتە بزوێنەری ئابوری بازاڕی ئازاد.


پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٦ دا هەستا بە دەرکردنی یاسایەک کە ڕێگا بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی لە هەرێمی کوردستان خۆش دەکات. یاساکە تەنانەت ڕێگا بە کەسی بیانی دەدات ببێت بە خاوەن موڵک، ماوەی ١٠ ساڵ بەبێ باج کاربکات،
هەروەها بە شێوەیەکی ئاسان کار بە دەستمایەو قازانجەکانەوە بکات کە لە پڕۆژەکان دەستی دەکەوێت.


وەبەرهێنەری بیانی مافی ئەوەی هەیە کە بە پێی ویستی خۆی شەریکی هەبێت یان نا. کەسی وەبەرهێنەری بیانی مافی ئەوەی هەیە کە کرێکاری بیانی بهێنێت و کرێکارەکانیش مافی ئەوەیان هەیە کە ئەو پارەیەی دەستیان دەکەوێت هەواڵەی وڵاتەکانی خۆیانی بکەن. وەبەرهێنەری عێراقی و بیانی مافی ئەوەیان هەیە کە سودەکانیان هەواڵەی وڵاتانی خۆیان یان وڵاتانی دیکە بکەن.


بڕگەی کارئاسانییەکان لە یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان

لە پاش دەرچوونی یاساکە لە پەرلەمانەوە، حکومەت هەستا بە دامەزراندنی دەستەی وەبەرهێنان بە مەبەستی بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی وەبەرهێنان. 


ئەم یاسایە بە بەراورد بە یاسای وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کارئاسانیيەکی زۆر بە وەبەرهێنەرانى
 بیانی پێشکەش دەکات، هەندێک لە تایبەتمەندیەکان بریتین لە:-


١- ڕەفتار لەگەڵ وەبەرهێن و سەرمایەی بیانی وەک وەبەرهێن و سەرمایەی نیشتمانی دەکرێت (مادەی سێیەم).


٢- وەبەرهێنی بیانی بۆی هەیە هەموو سەرمایەی ئەو پڕ
ۆژەیەی بەناوەوە بێت کە لە کوردستان دایدەمەزرێنێت (مادەی سێیەم).


٣- حکومەت بەبێ بەرامبەر، یان بەرامبەر پارەیەکی کەم زەوی بۆ پڕ
ۆژەی وەبەرهێنان فەراهەم دەکات کە بەپێی ڕێنماییەکان بێت (مادەی چوارەم).


٤- وەبەرهێنەر بۆی هەیە سوود و قازانجی سەرمایەکەی بۆ دەرەوە بنێرێت (مادەی حەوتەم).


٥- وەبەرهێنەری بیانی و نیشتمانی بۆیان هەیە بە شێوەیەکی یەکسان ببنە خاوەن زەوی یان زەوی بەمەبەستی پڕ
ۆژەی وەبەرهێنان بکڕن(مادەی چوارەم).


٦- وەبەرهێنەر بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە باج و ڕەسمە ناگومرگیيەکان دەبوردرێت لە ڕۆژی دەستپێکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریيەکان، یان بەرهەمهێنان. کەرەستەکانی پێویست بۆ پڕۆژەکە لە ڕەسم و باجەکان دەبوردرێن (مادەی پێنجەم ).


دەبینین لە یاساکەدا گرنگییەکی زۆر دراوە بە وەبەرهێنانی بیانی کەلە
ئێستادا ژماره‌یه‌كی زۆر كۆمپانیای بیانی له‌هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن و له‌به‌رامبه‌ریشدا ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو كۆمپانیای خۆماڵی بوونیان هه‌یه‌و ئه‌وانیش كارده‌كه‌ن، به‌شێك له‌ ئابوریناسان پێیان وایه‌ كه‌ بوونی كۆمپانیای بیانی له‌هه‌رێم كاریگه‌ری ئه‌رێنی بۆسه‌ر ئابوری هه‌رێم هه‌یه‌، به‌ڵام به‌شێكی تر پێیان وایه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی بۆسه‌ر ئابوری هه‌رێم ده‌بێت له‌ڕووی ده‌سته‌به‌رنه‌كردنی ده‌ستی كاری ناوخۆو هێنانی ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوو له‌لایه‌ن ئه‌و كۆمپانیا بیانییانه‌وه‌. وەک پێویست گرنگی بە وەبەرهێنانی خۆماڵی نەدراوە، کەهەردووک وەک یەک گرنگیان بۆ بوژانەوەی ئابوری هەرێم بە گرنگ و پێویست دادەنرێن.


بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی بەهێزکردنی ئابوری وڵات گرنگیدانە بە ڕاگرتنی باڵانسی  هەردوو وەبەرهێنەرەکە واتە بیانی و خۆماڵی، بەڕەچاوکردنی پردی متمانە بەتایبەت بەرامبەر بە وەبەرهێنی خۆماڵی، بۆ ئەوەی بەبێ ترس سەرمایەکەیان بەگەڕبخەن، یاخود پارە کەڵەکە بوەکانیان نەنێرنە دەرەوەی وڵات بەڵکو بە پێچەوانەوە بتوانن لە نێوخۆی وڵات وەگەڕیخەن وسوود و قازانجەکەی بۆ گەشەسەندن و بوژاندنەوەی ئابوری وڵات بەکاربهێنن، نمونەی زۆریشمان هەیە کە وەبەرهێنی خۆماڵی کاری زۆرباش و خزمەتێکی بەرچاوی نیشتیمانیان کردووە، کەهەم سوود و قازانجی بەرچاویان کردووە هەم بەرەو پێشچوونی بەرچاو و دیارە لە ئاوەدانکردنەوەی سەرخانی ئابوری وڵات بە جوانی دەبینرێت.




ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نوسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە

PM:02:19:21/02/2019



ئه‌م بابه‌ته 246 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر