ڕێکاری یاسایی بۆ کەم کردنەوەی دیاردەی تاوان

لقمان موستەفا صالح
پارێزەر

چەمكی تاوان لە یاسادا پێناسەی جۆراوجۆری بۆ كراوە، دەشێ بڵێین: ئەنجامدانی ڕەفتارێكە یاسا قەدەغەی كردووە، یاخود ئەنجام نەدانی ڕەفتارێك كە یاسا بەئەرك هەژماری كردووە. کاتێک باس دێتە سەرتاوان، یەکسەر شێوەی کەسانی تاوانبار لەپێش چاومان وەک تارماییەکی ترسناک وێنادەبێت، بێگومان هەموو هەستەکانیشمان ئاڕاستەی بکەروکرداری تاوانبار دەبێت، کە چۆن کەسی تاوانبار هەستاوە بە ئەنجامدانی کارێکی تاوانکاری. بێشک هەرکردەیەکی تاوانکاریش دژە بەیاسا وڕێساکان، لە هەمانکاتیشدا پێچەوانەیە لەگەڵ داب ونەریتی کۆمەڵگادا، دەرەنجامی ئەوکردارە تاوانکاریيەی کە وای کردبێت، بوبێتە هۆی گەیاندنی زیانی گیانی و ماددی  بە تاکەکانی تری نێوکۆمەڵگا. ھەروەک دەبینین ودەبیستین لەم ماوەیەدا دیاردەی تاوانکاری لە ھەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی ترسناک ڕوو لە زیادبوون وھەڵکشانە، ناکرێت ھەروا بەسانایی و نادیدە سەیربکرێت وھۆکارەکانی شەن وکەونەکرێت وھیچ خوێندنەوەیەکی بۆنەکرێت.!! 


ڕاستە "تاوان"، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیيە لە ھەموو کۆمەڵگایەکدا بوونی ھەیە و
ڕوودەدات، ئەگەر کەسانی ھەرزەکار و نەوجەوان ئەنجامی بدەن یاخود گەورەکان، بەڵام ڕێژەکەی ‌و شێوازی کۆنترۆڵکردنی لەکۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر دەگۆڕێت، ھۆکاری بەرپرسیار لە ھەڵکشان ‌و زیادبوونی ‌گیانی تاوانکاری‌ و کوشتاردا لە ھەموو کۆمەڵگاکانی دونیادا چەند ھۆکارێکن: دابونەریتی کۆمەڵایەتی، خراپ بەکارھێنانی تەکنەلۆژیا، پەروەردەی خێزانی، ڕۆڵی دەسەڵات لە سەروەرکردنی یاسای پێشکەوتوو جێبەجێکردنی چەسپاندنی سزادا، باری ئابوری کە گرنگترینیانە. تاوان پەیوەندی بە پێشکەوتویی ‌و دواکەوتویی کۆمەڵگاوە نییە، وڵاتە عەربیيەکانی وەک عێراق ‌وسوریا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەمریکا، ئەمانە نمونەی ھەرە دیاری تاوانن ‌و سەرقافڵەن لە لیستی تاوانکارییدا.


لەھەرێمی کوردستانیشدا وەک ھەر وڵاتێکی تر بەدەر نيیە لە کاری تاوانکاری
ڕۆژانە لەشار و شارۆچکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی پسپۆرانی بوارە جیاجیاکانی بواری یاسایی و کۆمەڵایەتی و دەروونی توشی جۆرێک لە سەرسام بوون کردووە، ئەوکارە قێزەون وتاوانە ترسناکانەن کە لەم دواییەدا  تاوانی قێزەوون ئەنجام دەدرێ، بەڕاستی پێویستی بەھەڵوەستەکردنە دەنا ئایندەی کۆمەڵگاکەمان لەبەردەم ھەڕەشە و مەترسیيەکی گەورەدایە. نابێت وناکرێت دەزگا تایبەتمەندەکان لە ئاست ئەم ھەموو تاوانانەدا، ھیچ بەرنامەیەکیان نەبێت، ھیچ رێکارێکی کرداری نەگرنەبەر بۆ کەم کردنەوەی ئەم رێژە زۆر و دوبارەبۆوەی تاوان کە لەلایەن کەسانی تەمەن گەورەو بەتایبەتی نەوجەوانانەوە زیاتر دەدرێت. ئەوەی کە پێویستە پەلەی تێدا بکرێت ھەموار کردنەوەی ئەو ماددە یاساییانەیە بە جٶڕیک سزاکە توند بکرێت کە ببێتە (تۆقاندنى بەرامبەر - ردع الغیر) چونکە یاسای سزادانی عێراقی لە دادگاکاندا لە کاتی دادبینیکردنی تۆمەتباراندا کە تۆمەتەکەیان لەسەر جێگیر بووە، سزایان بەسەردادەدرێت بە یاسای سزادانی عێراقی به‌پیی ماده‌(٤٠٦) بەندى یەکەم له‌یاسای سزادانی عێراقی نۆ جۆر کوشتن سزاکه‌ی لەسێدارەدانە. یەکێک لەوبەندانە ج - کوشتن به‌ڕیگای دڕندانە: کە ئه‌و جۆره‌کوشتنه‌یه ‌که‌وا ئاسه‌وار به‌جه‌سته‌ی کوژراو دیاره ‌وه‌ک کوشتن به‌قامه، ‌چه‌قوی قه‌ساب، پارچه‌پارچه‌کردن، یان سوتاندن.نمونەی سوتانی سێوەخان ومناڵەکانی لەشاری چەمچەماڵ ئەگەر تۆمەتەکە ساغ بێتەوە بەسەر هاوسەرەکەیدا وئەم کارە قێزەونەی ئەنجام دابێت، ئەوا ئەم ماددە یاساییە بەسەریدا جێبەجێدەبێت.


بۆنەھێشتن و یاخود کەم کردنەوەی گیانی تاوانکاری پێویستە ئەم ھەنگاوانە بگیرێتەبەر :


ھەموارکردنەوەی یاسای سزادانی نەوجەوانان، جێبەجێکردنی ئەوب
ڕیارو ڕاسپاردانەی کە دادگا حوکمی پێدەرکردووە لەکاتی خۆیدا جێبەجێ بکرێت، جەخت کردنەوە لە یاسای قەدەغەکردنی چەک ھەڵگرتنی بێ مۆڵەت، پیادەکردنی ڕۆشنبیری یاسایی لەسەرجەم قۆناغەکانی خوێندندا ،دانانی سیستەمێک بۆ سنوردارکردنی بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، بەتایبەت ئەنتەرنێت، قەدەغەکردنی ئەوزنجیرە درامایانەی کەتوندوتیژی تیادایە، ڕۆڵی ڕاگەیاندن وەک میدیای بینراوو بیستراو وڕۆژنامەکان چونکە ئەم ئامڕازانە دەتوانن رۆڵێکی گەورە ببینن لە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بەگشتی و نەوجەوانان بەتایبەتی، دابینکردنی کار بۆئەو نەوجەوانانەی بێکارن، چونکە خراپ بوونی باری ئابوری یەکێکە لە ھۆکارەکانی زیادبوونی تاوان لە نێوکۆمەڵگادا. 


بۆیە کارکردن لەسەر ئەم ھەنگاوانە و چەندین ھۆکاری تر کەپسپۆرانی بوارە جیاجیاكان پەی پێدەبەن بەدڵنیایەوە دەبێتە ھۆی کەم کردنەوەی دیاردەی تاوان
.

 

 

 


PM:08:37:12/02/2019



ئه‌م بابه‌ته 220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر