سەرئەنجامی ھەڵبژاردن و خۆلادان لە ھەڵەی ستراتیژی

مەلا بەختیار

((هەروەکو چاوەڕوان دەکرا هەڵبژاردن سێ  ئەنجامی لێکەوتەوە))

1- ڕێژەی دەنگی هەموو هێزە ئیراقی و کوردستانیەکان زۆر دابەزی.

2- نەخشەی سیاسی بنچینەیی ئیراق نەگۆڕا.

3- کاردانەوەی توندی بەشێک لەهێزەکانی شیعە سەریهەڵدا.

ئەم سێ ڕاستیە یەک بە یەک چارەنووسی هێزه ئیراقی و کوردستانیەکان دەخاتە قۆناغێکی سەختی تاقیکردنەوەی حکومڕانی و جەماوەری. بۆ؟ وەڵامەکەی ڕۆشنە ئەویش ئەوەیە کە زۆربەی ڕەهای جەماوەر متمانەی  بەم حزبانە نەماوە.

هەرسێ دەسەڵاتی تەشریعی و تەنفیزی و دادوەری، شکستیان هێناوە. تێکەڵەی حکومەتی شەرعی و ناشەرعی، ئیراقی عەرەبی و ناوچە کێشە لەسەرەکان بەڕێوەدەبەن. لەبەردەم دۆخێکی وا ئاڵۆزدا هێزە کوردستانیەکان هێشتا پەرشوو بڵاون و لایەنی کەم بەرنامەی هاوبەشیان نیە. ئەمە لەکاتێکدا لەم هەلومەرجەی ناوچەکەو ئیراقدا، کوردایەتی بۆتەوە بەئەرکی چارەنووسازی کوردستان. ئەرکێکی چارەنووساز کە هێشتا دابڕاو نیە لە بارودۆخی ئیراق. هەرئەم پێوەندی باشووری کوردستان و عیراقە لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو بەدواوە کێشەی کوردی لەهەموو بەشەکانی کوردستان کردۆتە بەشێک لە پرسی دیموکراسی ناوچەکە. کە بەداخەوە ڕەوتی مووزایەدەخوازی ناو کوردایەتی، ناو بەناو ئەم ڕاستیە بابەتیە ئۆرگانیکیە لە نێوان بەشەکانی کوردستان و پرسی دیموکراسی دەکەنە پێخۆری هەستی هەڵچوونی ناسیۆنالیزم، سەرەڕای ئەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستان شکستیان خواردوە. هەروەها لەبەرامبەردا هێزە ناسیۆنالیستەکانی ناوچەکەش، لەخەباتی مێژووکردی کوردایەتی لەبەرئەوەی دیموکراسی نین، مافی چارەنووسی کوردستان ناسەلمێنن. بۆیە کێشەی هێزە سەرانسەریەکانی ناوچەکە و کوردستان، لەلایەکەوە پێوەندی بەگۆڕانکاری بابەتیەوە هەیە و لەلایەکی ترەوە پێوەندی بەتەرازووی هێزەوە هەیه لەنێوان هێزە کوردستانیەکان و ناوچەکە.

ئێراقی دوای هەڵبژاردن، نە هاوکێشە سیاسیەکانی گۆڕی و نە پێوەندی کوردستان و ئیراقشی خستە قۆناغێکی ترەوە. بۆیە هاوسەنگی هێزلەنێوان کوردو شیعە وسوننە کاریگەریەکەی ماوە، بەهەندێک گۆڕانکاری کەمەوە ئەویش ئەمەی خوارەوەیە: کە ناکۆکی جەمسەربەندی نێوان شیعەکان و سوننەکان تا ڕادەیەک قوڵتر بوو ناکۆکی هێزە کوردستانیەکان کەمترە، بۆیە پێمانوایە زەمینەی ڕێکخستنی هێزە کوردستانیەکان لەچاو جاران لە بارترە.

دۆخی دانووستان لە ئیراقدا بۆ مافە پێشێلکراوەکانی ئابووری و سیاسی و دەستوری گونجاوترە. ئەگەر هێزە کوردستانیەکان لەڕوانگەی بابەتیەوە سەیری دۆخی کوردستان و ئیراق نەکەن، پێداگری لەسەر مافە تەسکەکانی حزبایەتی بکەن. نەک هەڵەیەکی تەکنیکی بەڵکوو هەڵەیەکی ستراتیژی دەکەن. بۆیە هەلە بەقووڵی هەلومەرجەکە  لێکبدرێتەوەو بە بەرنامەیەکی نەتەوەیی و دیموکراسیش، هەوڵ بدرێت توانای هێزە کوردستانیەکان یەک بخرێت. پێکیشەوە دوای چەندین کۆبوونەوەی دۆستانە بەبڕیاری هاوبەش و بەرنامەیەکی تۆکمەی دانووستاندن، کە تەواوی مافەکانی کوردستان بەرجەستە بکات. هاوکات قەرەبووی ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستنی دێهاتەکانیش، بکرێنە بەشێکی دانووستان لەگەڵ بەغداد.

هێزە کوردستانیەکان لەئێستاوە تا هەڵبژاردنی کوردستان، دەکەونە ژێر چاودێری هەمەلایەنەی ڕای گشتی. ئەگەر لەم قۆناغە نوێیەدا لە ئیراقی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە، وەفدی هاوبەش و بەرنامەی هاوبەش دەسکەوتی هاوبەش بۆ کوردستان بەدیبێنن، بێگومان متمانەی رای گشتی کوردستان زیاتر بەدەستدێنن. بەپێچەوانەشەوە هەرهێزێکی کوردستانی، لەدۆڵێکی تەسکی حزبایەتی دەهۆڵ لێبدا بێگومان چارەنووسیان لە هەڵبژاردنی ئیراق باشتر نابێت.

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:02:54:24/10/2021



ئه‌م بابه‌ته 234 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌