مام.. ئازادیت باش

مەلا بەختیار
سێ‌ ساڵە، كوردستان و ئازادییەكان، عیراق و ناوچەكە، فرمێسك بۆ نەمانی درەختە سەوزەكەی ئازادی دەڕێژن.. فرمێسك بۆ ئەو رابەرەی، ئەندازیاری لەخۆبوردووی كۆتایی شەڕی ناوخۆی كوردستان بوو. بۆیە لە دەربازكردنی شەڕی ئەهلی لە عیراقیشدا مام جەلالەكەی سەمامی ئەمان بوو! توانی یەك مەودا لەنێوان شیعەو سوننە، كوردو عەرەب، توركمان و مەسیحیەكان، كاكەیی و ئێزدیەكان، چەپ و دیموكرات و راستڕەوەكان، بوەستێ.

ئەندازیارێك، پەیوەندی هێزە كوردستانیەكانی بەجۆرێ‌ رێكخستەوە، برینە قوڵەكانی كۆن و نوێی شەڕی ناوخۆی ساڕێژ كردەوە. دوو گەورەترین رابەری نەیاری كوردایەتی، لەنیو سەدەدا كردە هاوسەنگەر (تاڵەبانی و بارزانی).

مام!

لە مێژووی سیاسی خۆیدا شانازی مێژوویی گەلێكن. بەڕای من، پێنج شانازی، لە هەموو شانازیەكانی كاریگەرترن.

یەكەم: بەرپاكردنی شۆڕشی دوای خیانەتنامەی 1975 جەزائیر.

دووەم: چارەسەركردنی ریشەیی شەڕی ناوخۆ، لە دوای رێكەوتنامەی واشینتۆنەوە – 1998.

سێیەم: باوەڕبونی رەها بە دیموكراسی و ئازادی و مافی ژن.

چوارەم: چەسپاندنی فیدراڵی كوردستان.

پێنجەم: كەسوكاری شەهید و پێشمەرگەی زۆر خۆش دەویست.

سەرەنجامی بەرپابونی شۆڕش، سەرەڕای تەواوی كەموكوڕی و كارە نابەجێكان، گەیشتە راپەڕین و راپەڕینیش، گەیەندرایە هەڵبژاردن؛ هەڵبژاردنیش تاجی فیدراڵیەتی نایە سەر سەری نەتەوەی كورد!.

نەهێشتنی شەڕی ناوخۆ، لەنێوان یەكێتی و پارتی، هەردوو لایەنی بۆ قۆناغی روخاندنی سەدام ئامادە كردو دوای سەدامیش، دەستوری هەمیشەیی و فیدراڵ و مادەی 140 هاتنەدی. ئەوەتا ئێستاش كاریگەرییەكانی ئاشتی لە كوردستاندا، ماوە. بۆیە كێشەكانی هێزەكانی كوردستان زۆرترن لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ، كەچی كولتوری ئاشتی هێشتا زاڵە!. ساڵی 1994 تەنها گومرگی برایم خەلیل سەرچاوەیەكی سەرەكی شەڕەكان بوو، ئێستا چەندین گومرگ و تاڵانی نەوت و شرینی نەوتیش زیادی كردووە. كەچی شەڕیش ناقەومێ!!.

ئازادیەكانیش.. لەمەیاندا، مام دەیزانی لە وڵاتێكی دواكەوتووی تازە سەرفرازكراوی شەڕی ناوخۆ، جێبەجێكردنی ئازادیەكان دژوارە. بۆیە، لە شاخەوە دروشمی (نان و ئازادی) بەرز كردەوە. باشترین هەڵوێستی بۆ نوسەران و ئەدیبان هەبوو.. ئەمەش لە بەرگری كردنی لە چیرۆكەی (سەگوەڕ)ی محەمەد موكریەوە بەرجەستەكرد.. كە فەرمووی: نوسین بە نوسین و گوللە بە گوللە وەڵام بدەنەوە.

لەدوای راپەڕینیش، نان و ئازادی، بەردەوام بوو. كە بوم بە بەرپرسی رێكخراوە دیموكراتیەكان، مانگانە هاوكاری زیاتر لە (500) نوسەر و هونەرمەندی دابین كرد. هەتا رێكەوتنی نەوت بەرامبەر خۆراك، بەردەوام بوو. ئەوپەڕی ئازادیشی دانێ.

هێشتا سەنگەرەكان، بۆكڕوزی بەدبەختیەكانی 31/ی ئابی لێدەهات، فێستیڤاڵی گەلاوێژمان سازدا. بەڕێزان مام و كۆسرەت رەسول عەلی، پشتیوانیان كردین. لە بەشێكی فێستیڤاڵەكاندا، مام خۆی ئامادە دەبوو.. جەختیشی دەكردەوە، ئازاد بن، رەخنە بگرن. لەمنیشەوە دەست پێ‌ بكەن.

هەر لە درێژەی ئەم سیاسەتە، سەكۆی ئازادی پاركی ئازادی دروست كردو فەرمووی: هەموو لایەك و هەموو نوسەرێك ئازادە لێرە، رۆژێك هەڵبژێرێ‌ بۆ رەخنەكانی و بۆچونەكانی و ناڕەزایەكانی.

مام..

كە دەیفەرموو، لەمنەوە دەست پێ‌ بكەن، مەبەستی رەخنەگرتن بوو لە هەڵەكانی.. سیاسەتەكانی، بۆچونەكانی خۆی و یەكێتی، نەك پیایاندا هەڵبدەن. ئەیزانی، لە شۆڕش و لەدوای راپەڕین هەڵە زۆر كراوە. كەموكورٍِیش زۆرن. بۆیە، دەست و قەڵەمی نوسەرانی بۆ رەخنە ئازاد دەكرد. مام هەرگیز لە رەخنە نەدەترسا.. تەنها ملهوڕ و ستەمكارەكان، رێگە نادەن رەخنەیان لێ بگیرێ‌ و لە رەخنە دەترسن.

لەسەروبەندی دوا رێككەوتن بوین لەگەڵ پارتیدا، كە بڕیار بوو دانیشتنێكی پەرلەمان بێتە سلێمانی. كتێبی سەیر سەیر لەسەر مێژووی كۆمەڵە و یەكێتی، لەدەڤەری زەرد بڵاوكرایەوە، تەنانەت پێشەنگی شەهیدانی كوردستان، شیهاب شێخ نوریش كرابووە پیاوی رژێم، كەچی مام هەر گوێشی پێنەداو گوتی: چارەنوسی كورد، لەم كتێبانە گرنگترە.

مام..

لە هەڕەتی توانایدا بوو، كێشە كەوتبووە ناو یەكێتی و گەندەڵی لە حكومەت تەشەنەی دەسەند.. لە چاودێر وتارێكم نوسی و نوسیم:

مام جەلال.. نامەوێ‌ جەنابت، چارەنوست وەكو جواهرلال نەهرۆ، جەمال عەبدولناسر، كاسترۆو كیم ئیل سۆنگ بێ‌.. دەمەوێ‌ وەكو باوكە بونیات نەرەكانی دیموكراسی بچیتە مێژووەوە. وتارەكەی خوێندبوەوە. بانگی كردم و فەرموی: ئافەرین مەلا بەختیار.

چاودێر.. تاقە رۆژنامەیە لە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەندە، لە مام جەلالم رابینی، بەبێ‌ بڕیاری سكرتێری گشتی دەری بكەم. دوای (13) ژمارە، چاودێری دیبوو.. دیسان بانگی كردم و فەرمووی: هەقبوو.. زوتر دەری بكەی.

بەدرێژایی سەدان ژمارەی چاودێریش، هەزاران رەخنە و هەڵوێستی جیاوازی بڵاودەكردەوە، تەنانەت لەسەر یەكێتی، حكومەت و مام جەلالیش، بۆ تاقە جارێكیش، ئەم رابەرە، بانگی نەكردم و سەرنجم رابكێشێ‌:

ـ نەی ووت: مەلا بەختیار، رەخنە لە یەكێتی و من مەگرن.
ـ نەی ووت: مەلا بەختیار، حكومەت هی خۆمانەو رەخنەی لـێ‌ مەگرن.
ـ نەی ووت: مەلا بەختیار، رێگە مەدەن قەڵەمی نەیار لە چاودێردا وتار بڵاوبكەنەوە.
ـ نەی ووت: لەسەر فەلسەفەی سەدەكانی ناوەڕاست مەنوسن.

مام:

دوای كۆچی هەمیشەییت.. عیراق لەبەردەم مەترسی گەورەدایە..
دوای كۆچی هەمیشەییت.. كوردستان بۆتە مەیدانی لێك ترازان.. لەبری سازان.
دوای كۆچی هەمیشەییت.. ئازادیەكانیش، مەترسی جۆراوجۆریان لەسەرە.
یادت بەخێر.. رابەرەكەی ئازادی..

ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:02:22:03/10/2020



ئه‌م بابه‌ته 374 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌