بارزانی و سولەیمانی لەغیابی وشیاری نەتەوەییدا

دكتۆر سه‌لمان نادر
ئەندامی دەستەی کارگێڕی ناوەندی هەژان بۆ فیکر و مەعنەویەت
هەڵوێستی من لە هەمبەر بارزانیدا لە ناوخۆدا جیایە لە هەڵوێستم لەبەرامبەریدا لە دەرەوە، وادەزانم جیاوازی نەکردن لەنێوان ئەودوانەشدا خاڵی لاوازی پەروەردەی نەتەوەی ئێمەیە، هەر ئەوەش وایکردوە نەمانتوانیوە لە ئاستێکی گەورەتردا بیر لە شوناس و نەتەوە بکەینەوە. من بۆ دەرخستنی گەشەنەکردنی هەستی نەتەوەیی دوو نمونە وەردەگرم، یەکەمیان سەردار قاسمی سولەیمانی و ئەوی دیکەشیان مەسعود بارزانی، لە ماوەیەکی نزیکدا لە چوارچێوەی ڕوداوێکدا ناوی هەردوکیان بوویە باس و خواس.

لە ماوەی ڕابردودا سەردار قاسمی سولەیمانی کرایە ئامانج لەلایەن فڕۆکە سەربازیەکانی ئەمریکاوە، ئەمەیان بۆ ئێمە زۆر جێی سەرنج نەبوو، چونکە نە شارەزایی سیاسەتمان هەیە و نە لەبواری ستراتیژیشدا کاردەکەین، بەڵکو دیوێکی تری ئەم بابەتە بۆ ئێمە گرنگ بوو، ئەویش بینینی ڕووداوەکە لەچاوی ئەوی تری ئێرانیەوە، ڕۆشنبیرەکانی ئێران بەتایبەت ئۆپۆزسیۆن چۆن لەم بابەتەیان دەڕوانی، دەتوانم بڵێم لە ئاستێکی باشدا هاوسۆزی دامەزراوە فەرمیەکان بوون، بەشێکیان سەرەڕای ناڕەزایەتیان لە سیاسەت و ئەکتەرە سیاسیەکانی ئێران و جۆری ئیدارەدانی دەوڵەت و سیاسەتی دەرەکی و ڕوانینی ئایدۆلۆجی، بەڵام پێیان وابوو شکۆی نەتەوەیی ئێران شکاوە، لەدەرەوەی دادگا، کارەکتەرێکی ناسراوی دەوڵەتێک ، بەشێوەیەکی تیرۆرستی کوژراوە.

بۆ ئەمەش دەتوانین ئاماژە بە نوسەرێکی دیاری ئێرانی د.عەبدولکەریم سروش بکەین، سەرەڕای ئەوەی لە ئێران هەڵهاتوە، بەڵام هاوسۆزی سولەیمانی بوو. لەبەرمبەردا کاتێک حەسەن نەسروڵا یان هەرکەسێکی دیکە هێرش دەکاتە سەر بارزانی، یان پێشتریش تاڵەبانی، ئێستاکە د.بەرهەم، بەشێک لە کورد لەبری هەستکردن بە شکانی شکۆی نەتەوەیی خەنی دەبن، بگرە بەشێک لە میدیاکان لەکاتی هێرشی حەشدی شەعبی بۆ هەولێر شاباشی کەوتنی هەولێریان دەبەخشیەوە، ئەمەیە ئێمە دەمانەوێت لەسەری بدوێین.

پرسیارێکی سادەیە، چۆن نەتەوە دروست دەکرێت؟ یان نەتەوە چۆن دەبێتە دەرکەوتە؟ چونکە نەتەوە بونێکی دەرەکی نیە لەدەرەوەی تاکەکانیەوە، نەتەوە بریتیە لە ڕوانینی کۆمەڵێک هاونیشتمانی بۆ بابەتێکی هاوبەشی مەعنەوی و ئامادگی بۆ پاراستنی، ئەگەر ئەو دەرک و ڕوانینە نەبوو، شتێک بەناوی نەتەوەوە بوونی نیە، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر ئەو دەرکە هەبوو لە فۆرمی جیاوازی ناسیۆنالیستدا نمایان دەبێت.

لە کۆمەڵناسی سیاسیدا باس لە ئایدیاڵ تایپی جیاواز کراوە بۆ ناسینی ئەو دەرکە، پێدەچێت ئێمە نەتوانین ئایدیاڵ تایپێکی گشتگیر بدۆزینەوە، بەڵام دەکرێت بەشێوەیەکی سەرەتایی ئاماژە بەوە بکەین ئینتما و وەلائەکان پێمان دەڵێن ئایا نەتەوە لە چ قۆناغێکی مێژووییدا دەرکەوتەی خۆی دەبێت، ئەویش پۆلێن کردنی وەلائەکان، بۆ وەلائی لاوەکی و وەلائی سەرەکی، نەتەوە کاتێک دەرکەوتەی دەبێت، کە ببێتە وەلائی سەرەکی و بتوانێت سەراپای وەلائەکانی تر دابپۆشێت، ئەمە هەنگاوی یەکەمی نەتەوە سازیە، ئەم پنتی سەرەتای نەتەوە دروستکردنە.

مرۆڤ خاڵی نیە لە وەلاء، هەر لە خێزان و هۆز و خێڵ و عەشیرەت و شار و ناوچەوە، تا دەگاتە ئایدۆلۆژیا و مەزهەب. تا شێوەزار و لەکنە، وەلائی جیاوازیان هەیە، لای ئێمە ئینتما لاوەکیەکان لە ململانێدان، زۆر ئاساییە، تەریقەتی قادری کاتێک جێ پێ بۆ نەقشی چۆڵ دەکات، نابێت پێمان وابێت، دەکرێت بێ ململانێ بێت، کاتێک ئیسلامی سیاسی دەیەوێت شەرعیەت لە تەریقەت وەربگرێتەوە بێ گرێ و گۆڵ نابێت، کاتێک جەلالی خۆی وک بەدیلی مەلایی عەرزەکات، ناکرێت پێمان وابێت بە سانایی دەگوزەرێت، بەڵام هەموو ئەمانە دەبێت تا کاتێک بێت کە ململانێ لەگەڵ ئینتما سەرەکیەکەدا نەکرێت، کاتێک ئینتما سەرەکیەکە دەکەوێتە بەر هەڕەشە ، لەو جێگایەنەدا نەتەوە دەرکەوتوە هەمووان ئینتما لاوەکیەکان وەلا دەنێن و دەچەرخێن بەرەو وەلای سەرەکی.


گەورەتر بوونی ئینتما لاوەکیەکان بەسەر ئینتمای نەتەوەدا، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە هێشتا نەتەوە دروست نەبوە، ئێمە قۆناغی پێش نەتەوەداین ـ پرینەیشن ـ ئەگەر لە قۆناغی پێش نەتەوەدا نەبین، هەموان هێرشەکانی نەسروڵامان بە شکانی شکۆی نەتەوەیی دەزانی، ئەمەش بەرپرسیاریەتی ڕۆشنبیری و سیاسی هەموانە، بە خودی حزبە سیاسیەکان و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و سەرۆکایەتیە جیاوازەکانیشەوە.

کە دەکرێت لێرەشدا بەشێک لە ڕەخنەکان ڕوو لە خودی بەرزانی ببن، بۆچی لەماوەی سەرۆکایەتی هەرێم وەک دامەزراوەیەکی فەرمی نەیتوانیوە دامەزراوەکەی بەرەو ڕۆڵی نەتەوەسازی ببات، بۆچی سەرقاڵی هەندێک ئینتمای لاوەکی بووە، لەکاتێکێدا نەتەوەیەک چاوی لە دەستی ئەو بووە بۆ نەتەوە سازی، تەمەنا دەکەم لە داهاتودا پێگە و کاریزمایی کەسی خۆی لە خولقاندنی ئینتما گەورەترەکە و بەرەمزبوونی نەتەوەیی زیاتردا خەرج بکات ئالێرەوە جیاوازیەکان دەردەکەون، نەتەوەو نا نەتەوە جیا دەبنەوە.

ئەم وتارە گوزارشت لەڕای نوسەر دەكات


PM:09:01:13/01/2020



ئه‌م بابه‌ته 209 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر