ھەنگاوی یەکەمی چاکسازی لە وەزیفەی گشتیدا

تانیا تاهیر
ڕاوێژكاری یاسایی چاوی كورد
ھەرلەسەرەتای دەسپێکی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، ڕاگەیاندنی ھەڵمەتی دژەگەندەڵی و ئەنجامدانی پڕۆژەی چاکسازییە لەسەرجەم جومگەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بە تایبەتیش وەزیفەی گشتی، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوون و دڵخۆشکەرە بەوەی کە ئەم کابینەیە نیەتی جددی ھەیە بتوانێت لەماوەی کاری خۆیدا جێدەستی دیاری بکات و ببێتە (کابینەی چاکسازی).

بەڵام پرسیارە گرنگ و جددییەکان ئەوەن، چاکسازی چۆن؟ بەچی؟ بۆچی؟ لەکوێ؟ کەی؟

ئەمانە ئەو پرسیارە گرنگ و ھەستیارانەن، دەبێت ئەوانەی ئەم ئەرکە دەگرنە ئەستۆ(کۆی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و ڕاوێژکارەکانیان) وەڵامی پێشوەختەیان لابێت، تابتوانن ئامانجەکەیان بپێکن و مەسەلەی گەندەڵی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات لەسەرەوە بۆ خوارەوە و کەمتەرخەمی فەمانبەران لەھەرپلەیەکی وەزیفیدا بن بەرامبەرکارەکانیان بەتەواوی چارەسەر بکەن، نەک پێچەوانەی ئامانجەکەیان سەرلەبەری پرۆسەکە خراپتر بکەن، کورد واتەنی (چاکی مەکەن باخراپتر نەبێت).

شتێکی مەعلومە، لەماوەی ٢٧ساڵی ڕابردوو، دەسەڵاتی حکومڕانی کوردی بەھۆی بارودۆخی ناوخۆیی و ھەرێمی نەیتوانیوە یان دروستتر لەھەندێک حاڵەت نەیویستوە وەک پێویست ئەدای کاری ئیداری خۆی بکات، بەتایبەت لەکەرتی گشتی- وەزیفەی گشتی-  دەرەنجامەکەش ئەوەیە ئێستا ھەمووان دەیبینین و گەورەترین کێشە لەوەزیفەی گشتیدا ھەیە، بەجۆرێک بێدەنگ بوون لێی ڕەنگە بەرەو مەرگی دەسەڵاتمان بەرێت.

لە ھەموو دونیادا فەرمانبەر کوڕی حکومەتە، کەچی لەم ھەرێمەی ئێمەدا کارگەشتۆتە ئەوەی نە باوک، باوکداری ڕاستەقینەی خۆی دەکات بۆ مناڵەکانی، نەمنداڵیش وەک مناڵێکی ڕەسەن، دڵسۆز وبەوەفایە بۆباوانی و فەرمانەکانی جێبەجێ دەکات.

ئەمە سەرەڕای زۆری و بۆری ژمارەی فەرمانبەرانی ھەرێم، کەڕەنگە لەپرۆسەی چاکسازیشدا نەتوانرێت بەبێ ھۆھیچ فەرمانبەرێک لە کارەکەی دوور بخرێتەوە.
ئەوەی بۆمن گرنگە ودەمەوێت باسی لێوەبکەم و بەپێویستی دەزانم سەرنجەکانمی لەسەربخەمەڕوو، ئەوەیە کە چاکسازی ڕاستەقینە لەم سەرەتایەوە بەم جۆرە ئیجرائاتە پۆلیسیە توند و ڕەقانە بێتەدی لەکاتێکدا حکومەت خۆی قەرزاری ماددی و مەعنەوی فەمانبەرانە و نەشیتوانیوە زەمانەتێک بدات بەفەرمانبەرەکانی بۆ دانەوەی قەرزەکانی، ئەمە جگە لەوەی جۆرێک لە تۆران لە نێوان فەمانبەری حکومەت و کارەکانیان دروستبووە، کە دڵسۆزی و خۆشەیستی فەرمانبەر بۆکورسی و پیشەکەی بەدی ناکرێت.

وەزیفەی گشتی بڕبڕەى پشتى ھەموو حکومەتەکەیە، پێویستی بە چاکسازی ڕاستەقینە وپلانی درێژ خایەن ھەیە، نەک بەکارھێنانی دەرمانی ئازار شکێن، بۆیە من لێرەدا دوو پێشنیار دەخەمە ڕوو کەپێم وایە زۆرێک لە کێشەکان چارەسەردەکات ئەگەر بەوردی کاری لەسەربکرێت و بکرێتە ئەولەویەتی پڕۆژەی چاکسازی کابینەی نۆیەمی حکومتی ھەرێمی کودستان. (ئەگەر پێشنیازەکان بکرێنە پڕۆژە و سەرنجی کەسانی پسپۆڕ و ئەکادیمی لەسەرکۆبکرێتەوە دەرەنجامی زۆر باشی لێبکەوێتەوە)
 
١- دروستکردن و کاراکردنی ئەنجومەنی ڕاژەی ھەرێم، بۆ ڕێکخستنەوەی وەزیفەی گشتی و دامەزراندن بە پێی پلان و پێویستی پسپۆری و پێداچونەوە بە دەرماڵە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران.

٢-دروستکردن و دامەزراندنی دامەزراوەیەکی ئەکادیمی بۆ گەشەپێدان و بەھێزکردنی توانا مرۆییەکانی فەرمانبەران بۆ سوود وەرگرتن لەوسەرمایە مرۆییە گەورەیەی کە ھەیە، دامەزراوەکە بە جۆرێک کەسانی پسپۆرییە جیاوازەکان کاری تێدابکەن، کە گرنگی تەواو بدات بە ئیدارە و بەڕێوەبردن و سوود لەشێوازە پێشکەوتووەکانی ئیدارەدان و بەڕێوەبردن وەربگێرێت، وابکات چۆن فەرمانبەر پیشەکەی خۆی خۆشبوێت، بۆیە دەبێت تیایدا فەرمانبەران لانی کەم ساڵی بەشداری خولێکی ڕاھێنانەیان پێکرێت لە بوارەکەی خۆیاندا، تا نوێبونەوە لەتواناکانیان بکرێت، ھەروەھا لەپاڵ ساڵی خزمەت بەشداری لەم خولانە بکرێتە پێوەر بۆ پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران، تا شیاوێتی ئەرک و بەرپرسیارێتی بزانرێت.

بەڕای من بەم دوو ھەنگاوە دەتوانرێت، سەرەتا متمانە بدەینەوە بە ھاوڵاتیان کە چیتر دامەزراندن بە میزاجی شەخسی نییە و داھاتی ئەم وڵاتە نابێت بۆ زیادکردنی نفوزی حزبی بەکاربێت، لەلایەکی دیکە کەرتی گشتی بوژانەوە لە سەرچاوە مرۆییەکانی دەکات، چیتر وەزیفەی گشتی نابێتە ھۆکار بۆ کوشتنی توانای تاک، بەڵکو بە پێچەوانەوە ھەوڵی نوێبوونەوەی تواناکانی تاک دەدات.  

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:11:07:23/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر