نوواندن و مانۆڕی ساختە

ئاسۆ عه‌بدولەتیف
نوسه‌ر

"ئێران" لە دوای کووشتنی قاسمی سولەیمانییەوە، هیچ جۆرە تۆڵەیەکی نەکردۆتەوە جگە لە هەندێک موشەکی نەرمە بارووت و درۆنی ناسک بۆ فرۆکەخانەکان و ئێستاش دوای هەڕەشەکانی "زەینەب سولەیمانی" هیچ ناکات و تەنها نمایشگەرییە بۆ دەستخستنی ئۆفەری زیاتری نەوت و دەسەڵات. دوای کووشتنی فەخریزادەی باوکە ئەتۆمییەکەشی؛ بینرا هیچی نەکرد، چونکە دۆخەکەی ناسکە و ئاسان ێراقی لە کیس دەچێت و بەدیلی سووننەکان حازرە.
"ئێران" دەیتوانی کێشە بۆ گەرووی هورموز دروست بکات و بەرژەوەندی نەوتی (ئەمریكا و ئەورووپا) تا رادەیەک بخاتە مەترسی و نەیکرد، دەیتوانی لە ئامانجەكانی ئەمریكا لە ئێراق بدات و هیچ نەبێ سووننەکان پەراوێز بخەن و نەیکرد. دەیتوانی موشەكی حوسەینی زیاتر بۆ تەلئەبیب و جۆلان زیاد بکات و نەیکرد. دەركردن و تەنگ پێهەڵچنینی جوولەكە و بەرەگەز ئەمریكیەكانی ناو ئێران ئاسانترین کارت و کردەی توڕەکردنی ئەمریکایە، نەیکرد و ناشیکات. ئەوە سیاسەتی مەرجەعییەتی قوم و تارانە، بەدیوی ئەمریكاشدا وایە و نەرمتریشە، دەساڵە ئەمریکا هەڕەشە لە تاران و کەنداوی فارس دەکات، بە پێچەوانەوە خەریکی کۆپیکردنەوەی چەند ئێرانێكە درووستی بکات لە ناوچەکە هاوشێوەی لوبنان و سووریاو ئێراق و دروستیشی کرد .
 ئیسرائیلیش واوەترەو بیرمانە لە 21/1/2019 بۆ ئەوەی موشەكەكانی تاقی بكاتەوە هەستا هەندێ مۆڵگەی سووپای قودسی ئێرانی لە سوریا كردە ئامانج، گوایە لە ئامانجە ستراتیجیەكانی ئێرانی داوە، ئەمە ئەسڵەن ختوكەدان زیاتر هیچیتر نەبوو، لەكاتێكدا هێزی ئەو موشەكە كیشوەربڕانە بۆ قوم و تارانیش بڕدەكات،لە ژێرەوەش خەریکی گفتوگۆی ئامانجدارن.
بەپێی بەڵگە نامەیەك 68 گروپ و كەتیبە و لیوای جۆراوجۆری شیعە هەیە لە ئێراق بە ملیارەها دۆلار بودجەی ساڵانەیان بۆ تەرخانە جگە لە بزنسی رەش و دەرهێنانی نەوت و پاڵاوگەی نایاسایی کەچی ئەمریکا بێدەنگە لێیان و باسی دیموکراسیەت و حوکمڕانی ڕەشید دەکات. "موقتەدا" خاوەنی دەیان سەربازگەو سووپا و ھێزی میلیشیایی سەربازییە وەک (سووپای مەھدی و لیوای رۆژی دوایی و سەرایا سەلام) کەچیی ھێزی پێشمەرگە بە میلیشیا ناودەبات و داوای ھەڵوەشاندنەوەی دەکات.
تۆمەتبارە بە کوژرانی دەیان سەربازی ئەمریکی و تیرۆری کەسایەتییە دیبلۆمات و بیانییەکان و تیرۆری زانای ئاینی و مەرجەعی دیار عەبدولمەجید خوئی لە ٢٠٠٣.
ئەوەتا ئێستاش وەک دۆستێکی ئەمریکا و سووننەکان نواندن دەکات و بە کەسێکی نزیک لە عەرەبستانی سعودیی و ئیمارات دادەنرێت و دەیەوێت ئەندازەگیریی چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ریازو واشنتۆن بێت. ئەگەرچی مانۆرەکانی ھەر زمانەوانییە و نەیتوانیوە زیان بەو ستراتیژەی ئەمریکا بگەیەنێت، تەنانەت لە بریاری ناساندنی قودس بە پایتەختی ئیسرائیل لەلایەن ترامپەوە لە مانگی ١٢/٢٠١٧ کە وتی من یەکەم سەرباز دەبم بۆ ئەو جیھادە دژی ئیسرائیل. چەندین ھەرەشەی کرد بۆ کۆکردنەوەی گروپە چەکدارەکان و سەرایاو لیواکانی، دیسان نەیتوانی ھیچ بکات و وەھم و مانۆر دەرچوو.
بۆیە حکومەتی ئایندەی ئێراق هێندە دڵخۆشکەر نییە بۆ کورد، هەتا کوردیش کەمێک مانۆڕو نواندن نەکات. 


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

PM:06:18:08/01/2022



ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌