مانۆڕی هیوا

ئاسۆ عه‌بدولەتیف
نوسه‌ر

له‌ راستیدا هیچ گرفت نییه‌، كوردیش وه‌ك هه‌رێمێكی ده‌ستووریی له‌ چوارچێوه‌ی پلان و ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیدا به ‌ئه‌جێندایه‌كی كوردانه‌وه‌، خۆی ئاماده‌ و سازبكات بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده‌ و كاربكات بۆ نه‌خشه‌ رێگای داهاتوو به‌ ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌. تا نه‌خش و كاریگه‌ریی هه‌بێت بۆ دروستكردنی بڕیاری جددی و ڕاگرتنی شه‌پۆلی شۆڤێنیه‌ت و، سڕینه‌وه‌ و، پاكتاوی ڕه‌گه‌زیی، بۆیه‌ پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتی و فیدراسیۆن و قه‌واره‌كان، چ هاوپه‌یمانێتی فراكسیۆنی په‌رله‌مانی وه‌ك "هیوا" كه‌ دره‌نگ وه‌خت بوو، چ هاوپه‌یمانێتی و قه‌واره‌ی ئینتیخابی گه‌وره‌، گرنگن بۆ كۆكردنه‌وه‌ و ماركێتینگی ده‌نگ و كورسی په‌رله‌مانی و به‌هێزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی كورد و به‌رگرتن له‌ سیاسه‌تی په‌راوێزخستن و سه‌پاندنی خه‌ونی زۆرینه‌و كه‌مینه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ تێپه‌ڕاندنی پرۆژه‌ یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه‌ له‌ 11-12-2020دا بینیمان چی روویدا و چۆن ئیراده‌ی زۆرینه‌یان فه‌رزكرد به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا و تاكلایه‌نه‌ كوردیان له‌و پرۆژه‌یه‌ بێبه‌شكرد، به‌ڵام چۆن و به‌ چ میكانیزمێك؟

ئه‌م جووڵه‌ رۆژنامه‌گه‌رییه‌ نوێیه‌ی هاوپه‌یمانێتی په‌رله‌مانی هیوای كوردستان، جووڵه‌یه‌كی نامۆو تازه‌ نییه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌زگا حكومی و نیشتمانیه‌كانی هه‌رێم و یه‌كه‌مجاربێت كرابێت، پێشتر هه‌ر ئه‌م مه‌ندووبانه‌، به‌تایبه‌تی هه‌ندێكیان له‌ دوای شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، به‌ تۆپزیی خه‌ریكی ریسك و دروستكردنی هه‌یه‌جان و كه‌ین و به‌ینی شه‌خسی و لێدان بوون له‌ ستراتیژیی حوكمڕانی هه‌رێم و تاراده‌یه‌ك لایه‌نی رێگه‌خۆشكه‌ریان هه‌بوو، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م په‌رله‌مانتارانه‌ خۆیان لێ گۆراوه‌ له‌ مه‌ندوبی خه‌ڵك و یاسادانه‌ر و چاودێر و ره‌قیبه‌وه‌، ببنه‌ موخاتیب و مونه‌سیقی ته‌واوی پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی كورد له‌ "به‌غداد" كه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌ی كوشنده‌یه‌ و كاری ئه‌وان نییه‌،‌ ده‌بێت به‌ سنگی فراوان لێمان وه‌ربگرن نه‌ك بمانكه‌ن به‌ ستوننووسی حزبی و پارێزه‌ریی ده‌سه‌ڵات.

ئه‌وان سه‌ره‌تا به‌ لێدوانی توند، پرێس كۆنفرانس و به‌رگریكاری سه‌ختی داخوازییه‌كانی كورد خۆیان ده‌رخست له‌ ناوه‌ندی میدیایی و شه‌قامی عه‌ره‌بی و عێراقیدا، ئه‌مه‌ش كێشه‌ نه‌بوو كورد له‌و ناوه‌ندانه‌ سپیكه‌ر و داكۆكیكاری زیره‌ك و قسه‌كه‌ری به‌توانای هه‌بێت وه‌ك عه‌ره‌ب و تورك و فارس، به‌ڵام كه‌ دواتر ده‌ستیاندایه‌ كارێكی تر هاوكێشه‌كه‌ گۆڕا، دروستكردنی شاندی حزبی و دانوستانی لایه‌نه‌ شیعه‌كان به‌بێ ئه‌جێندای دیاریكراو جێگای پرسیاربوو، جووڵه‌یه‌كی تریان دروشمی گواستنه‌وه‌ی مووچه‌ی مامۆستایانی هه‌رێم بوو بۆ  ئێراق و كه‌وتنه‌ چنین و پیشه‌سازیكردنی پرسی میدیا و نه‌بوونی ئازادی ده‌ربڕین و قۆستنه‌وه‌ی بایكۆتی فه‌رمانبه‌ران و خۆپیشانده‌رانی ئه‌م دواییه‌ی كوردستان و ختووكه‌دانی چه‌ند گه‌نجێك له‌ سه‌ر پرسی به‌ هه‌رێمكردن و فیدراڵیه‌تی پارێزگاكان، كه‌ گوایه‌ (ئه‌مه‌ زۆر گرنگه ‌و به‌غداد پشتگیریتان ده‌كات و ئه‌و براده‌رانه‌یان ده‌فع كرد كه‌ داوای سوپای نیشتمانییش بكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یه‌ك په‌رله‌مانتاریان نه‌هاتنه‌وه‌ له‌ به‌غداد كه‌ به‌شداری خۆپیشاندان بكه‌ن).

دواتر گواستنه‌وه‌ی ته‌واوی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمیان تاووتوێكرد بۆ به‌غداد، بۆ لێدان له‌ پێگه‌ی یاسایی و ده‌ستووریی حكومه‌تی هه‌رێم، ته‌نانه‌ت شاندی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایانی هه‌رێمیشیان برده‌ به‌غداد و یه‌ك دوو دیداری ساده‌یان بۆ رێكخستن به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك ده‌ستكه‌وت و بڕیاری سیاسی لێبكه‌وێته‌وه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ناوی دانوستان و به‌رگری له‌ ماف و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم و بودجه‌ و مووچه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ كرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن ئه‌مه‌ موماره‌سه‌ی خێڵ و ته‌كه‌تولی شه‌عبیه‌ و كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنی ده‌بێت بۆ داهاتوو.

چونكه‌ ئه‌م مه‌ندووبانه‌ زۆرجار باس له‌ ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌یی و یاسا و ده‌ستوور ده‌كه‌ن و نوێنه‌ریان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه‌، كه‌چی كه‌ ده‌گاته‌ سه‌ر پرس و ئه‌جێندا شه‌خسیه‌كانیان و مه‌ترسی له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ هه‌رێم، ده‌كه‌ونه‌ ئه‌م گه‌مه‌ مه‌ترسیدارانه‌، كه‌ بێگومان  ئه‌قتابی گه‌وره‌ی شیعی و میلیشیای سه‌ربازی باڵا موغازه‌له‌ و پشتگیریان ده‌كات بۆ بێهێزكردنی قه‌واره‌ی هه‌رێم و ده‌ستكاریكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی. ئه‌مه‌ش له‌ چه‌ند لایه‌كه‌وه‌، له‌لایه‌ك به‌ جووڵاندنی پرسی نه‌وت و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و گواستنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم كه‌یسه‌كه‌ ده‌جوڵێنن، تا له‌ شه‌قامی سیاسی هه‌رێمدا پاڵه‌وانبازیی و سه‌مای سیمبولیكی پێوه‌ بكه‌ن و له‌لایه‌كی تر پرسی به‌هه‌ده‌ردان و گه‌نده‌ڵی و دزی و زاراوه‌ی تائیفیه‌تی كوردی و ئیقتیسادی ره‌یعی هه‌رێم و ناسیۆنالیزمی ره‌شۆكی بنه‌ماڵه‌ ده‌خه‌نه‌ زیهنیه‌تی خه‌ڵكییه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆیان تیره‌ نه‌بن و ته‌كه‌تولی شه‌عبی و میللیگه‌رای شیعه‌ و ناسیۆنالیزمی مه‌زهه‌بی و عه‌ره‌بی نه‌یانجوڵێنێت، یان وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌فه‌قاتی نه‌وتی و گه‌نده‌ڵی دارایی و ماڵی گه‌وره‌ له‌ شاره‌كانی ئێراق نه‌بێت كه‌ به‌ هیچ جۆرێك ئه‌م هاوپه‌یمانێتی هیوایه‌ به‌ وشه‌یه‌ك و پرۆژه‌ یاسایه‌ك و جووڵه‌یه‌كی په‌رله‌مانی و بایكۆت و لێوجووڵانێك باسی لێوه‌ ناكات.

به‌ دیاریكراوی ئه‌م گرووپه‌ی ناویان له‌ خۆیان ناوه‌ هیوای كوردستان جارێ دیار نییه‌ چی ده‌كه‌ن و ئایا ده‌بنه‌ هاوپه‌یمانی ئینتیخابی بۆ پرۆسەی نوێی هه‌ڵبژاردن یان نا؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ روونه‌ له‌ سه‌روه‌ختی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی "حه‌یده‌ر عه‌بادی"ـه‌وه‌ تا ئێستای "مسته‌فا كازمی" خه‌ریكی مانۆری سیاسیین، بۆ لێدان له‌ ئیجماعی میللی و ستاتۆی هه‌رێم، ده‌ره‌نجام و ده‌رهاوێشته‌كانی (16 ی ئۆكتۆبه‌ر)

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:07:40:14/01/2021



ئه‌م بابه‌ته 139 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر