ویژدانتان هەبێت پروپاگەندەى نابەجێ ڕاگرن

عارف ڕوشدی
نوسەر و سیاسەتمەدار
حکومەتى هەرێمى کوردستان و، ئەخلاقیاتى ئاینى و کومەڵایەتى کوردەواریمان، گەرەنتیکەرى ڕوونەدانى گرفتى (نەبوونى) گەورەن لە هەرێمەکەماندا، بەڵام جێگاى داخە هەندێ کەس (بەهەر هۆکارێک بێت) دور لە هەستى نیشتمانپەروەرى و مرۆڤ دۆستى خەریکى بڵاوکردنەوەى هەواڵ و پاساوى بێزارکەن، بە مەبەستی ڕەشبینکردنى کۆمەڵانى خەڵک، گوایە کەسانێک هەن (لە ژێر تەوژمى برسێتیدان) و کەس ئاوریان لێنادەتەوە.

هەروەها حکومەت عەیبداردەکە ن بە وەى داواى لە کومپانیاو خەڵکى دەوڵەمەند کردووە هاوکارى خەڵک و حکومەت بکەن لەم کۆستە دەستەجەمعییە دژوارەدا، لە کاتێکدا پرنسیپێکى ئەخلاقى هەیە (هەماهەنگى کومەڵایەتى) لە زورێک لە وڵاتانى جیهاندا لە کاتى کارەساتەکاندا پەنای بۆ دەبرێت، هەروەها وا دەخەنە ڕوو خەزینەو دارایی حکومەتى هەرێم (لە هى وڵاتان دەوڵەمەندترە) ؟؟؟ چ ویژدانێکى لێڵ و و چەواشەکارییەکە!.

لەکاتێکدا ئەم (ڕەشەباى مەرگە) ڕەوڕەوەى ئابورى سەرجەم وڵاتانى دونیاى هێنایە لەرزین و نزیک لە وەستاندنى کردووە، جا چجا لە هەرێمێکى خاوەن داهاتێکى سنوردار وەک کوردستان؟ ئایا ئەو جۆرە کەسانە نازانن ئابوریمان بەندە بە نەوت و ئەو برە پارەیەى لە بەغدا دەنێردرێت؟ ئایا ئاگادارنین لەوەى نرخى نەوت لە نزمترین ئاستەکانى دایە و تەنانەت وڵاتە زلهێزەکانى توشی گرفتى گەورەى دارایی کردووە؟ چەندین وڵاتى دەوڵەمەند وەک ئیتالیا، ئیسپانیا، ئەمریکا، فەرەنسا لە ئاستى ئەم شەڕە نەگریسەى نەخۆشی كۆرۆنادا دادو بیدادیانە و، داوا لە کومەڵگاکانى خویان دەکەن وەک ئەرکێکى نیشتیمانى و هەماهەنگى کومەڵایەتى هاوکارى هەمە جۆرى حکومەتەکانیان بن؟.

لە هەرێمى کوردستاندا، لەو باوەڕەدام ئەوەى لە تواناى حکومەتى هەرێم دابێت خەمخۆرانە درێخى نەکردووەو ناشیکات، لە بارەى(دابینکردن و بەردەوامى موچەى فەرمانبەران)، دابینکردنى پێداویستییەکانى نەخوشخانەو هێزەکانى پولیس و ئاسایش و پێشمەرگە ئەوانەى لە ئەرکدان.

لە لایەکى دیکەوەو ، لە بەر روشنایی بەرپرسیارەتى دەستەجەمعى و بنەماى (هەماهەنگى کومەڵایەتى) و ئەخلاقیاتى ئاینى و کومەڵایەتى کوردەواریمان ڕێگا نادرێت گرفتێکى گەورەى ژیان دروست ببێت.

بۆیە ڕۆژانە چەندین ڕێکخراوى خێرخوازى لە پێشی هەمویانەوە (دەزگاى خێرخوازى بارزانى) لە خەبات و کارى بەردەوامدان لە سەر ئاستى هەر چوار پارێزگاى کوردستان (ئازوقەو جورەها پێداویستى دیکە) دەبەخشن بە خێزانە هەژارو کەمدەرامەتەکان، سەرەڕاى ئەوەى دەیان دەوڵەمەندى نیشتمانپەروەر لەشارەکانى (سلێمانى، هەولێر، هەڵەبجە و دهۆک) و دەورو بەریان مەردانە شانیان داوەتە بەرو هاوکارییەکانیان بەسەر ئەو خەڵکەى پێویستیان پێیەتى دابەشدەکەن. بۆیە کاتى هەماهەنگییە و پروپاگەنەی نابەجێ ڕاگرن.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:05:51:26/03/2020



ئه‌م بابه‌ته 728 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر