ده‌بێت ئاماده‌بین بۆ گۆڕانكاری گه‌وره‌ له‌ عێراقدا

میران حسێن
ماسته‌ر له‌جیۆپۆلۆتیك
له‌ نیوه‌ی دووهه‌می ساڵی 2019 و سه‌ره‌تاكانی 2020  ژماره‌یه‌ك گۆڕانكاری گه‌وره‌ له‌ عێراق ڕوویاندا، هه‌موو ئاماژه‌كان باس له‌ هاتنه‌پێشی بارودۆخێكی نوێ و هه‌ستیار ده‌كات له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌گشتی و له‌ عێراقدا به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت، پاش ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ ئه‌نجامی خۆپیشاندنه‌كانی عێراق و كوژرانی قاسم سلێمانی له‌ عێراقدا ئاراسته‌ی بارودۆخی سیاسی له‌ عێراقدا به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌ به‌ ئاراسته‌ی ڕوودانی گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌  كه‌ پێده‌چیت له‌ پێشبینی كه‌سدا نه‌بێت.

ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت له‌ ساڵی 2003وه‌ هه‌تا ئێستا پێگه‌ی شیعه‌ له‌ عێراقدا به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا لاواز نه‌بووبێت چونكه‌ هه‌میشه‌ ماڵی شیعه‌ یه‌كگرتوو بوو و كێشه‌ ناوخۆییه‌كانیان كاریگه‌ری نه‌كردۆته‌ سه‌ریان به‌شێوه‌ی ئێستا و شه‌قامی شیعه‌ هه‌رگیز به‌ڕاده‌ی ئێستا له‌ هێزه‌ی شیعه‌كانی توڕه‌ و نیگه‌ران نه‌بووه‌ كه‌ ئاستی ناڕه‌زاییه‌كانی گه‌یشتۆته‌ ئاستی به‌ریه‌ككه‌وتن له‌نێوان هاوڵاتیانی شاره‌ شیعه‌كانی له‌گه‌ڵ هێزه‌ شیعه‌كانی و سوتاندنی باره‌گاو ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان بۆته‌ دیاره‌ده‌یه‌کی به‌رده‌وام. 

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ پاش ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حكومه‌تی عه‌بدولمه‌هدی هه‌تا ئێستا لایه‌نه‌ شیعه‌كانی نه‌یانتوانی كه‌سێك ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تێكی نوێ پێكبهێنێت  جكه‌ له‌ لاوازبوونی  هه‌ژموونی ئێران له‌ عێراق پاش كوژرانی قاسم سلێمانی كه‌ كاریگه‌ری به‌هێزی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر شیعه‌كان چونكه‌ ڕووداوه‌كان ئه‌وه‌یان  سه‌لماندووه‌ كه‌ ته‌نها ناوبراو ده‌یتوانی شیعه‌كانی كۆبكاته‌وه‌ و یه‌كیان بخات، جگه‌ له‌ ته‌نكژه‌ی ئابووری و سیاسی ئێران و له‌ده‌ستدانی سووریا كه‌ له‌ ئێستادا  به‌ته‌واوه‌تی له‌ژێر كۆنترۆڵی ڕووسیایه‌ كه‌ هه‌موویان كاریگه‌رییان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر پێگه‌ی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌و عێراق به‌تایبه‌تی. له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌مریكا زۆر نیگه‌رانه‌ له‌ بارودۆخی سیاسی و ئه‌منی عێراق و پێی وایه‌ كه‌ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌مه‌ له‌ عێراقدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ چوار هه‌زار سه‌ربازی له‌ عیراق كوژراوه‌و زیاتر له‌ ترلیۆنێك دۆلار زیانی كردووه‌.
 
هه‌موو ئه‌و فاكته‌رانه‌ی رابردوو ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌گه‌ری ڕوودانی ڕووداویكی گه‌وره‌ له‌ عێراقدا كه‌ بارودۆخیكی نوێ له‌ عێراق دروست ده‌كات كه‌ زۆر جیاواز ده‌بێت له‌ ڕابردوودا.
 
یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كان له‌ عێراق ڕوودانی كوده‌تایه‌كی سه‌ربازییه‌ به‌هه‌مان مۆدیڵی میسڕی به‌هاوكاری ئه‌مریكا یان كه‌نداو به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌موو فاكتەره‌كانی ڕوودانی كۆده‌تای سه‌ربازی له‌ عێراقدا بوونی هه‌یه‌و بارودۆخی له‌باره‌ بۆ ڕوودانی و پێناچێت له‌مپه‌رێكی هه‌بێت له‌ به‌رده‌میدا له‌ ئێستادا.

ئه‌گه‌ری دووهه‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی باڵاده‌ستی ئه‌مریكا له‌ عێراق به‌هۆی پاشه‌كشێ هه‌ژموونی ئێران له‌ عێراقدا و لاوازبوونی نه‌یاره‌كانی و لاوازبوونی ئێران به‌گشتی له‌ ناوچه‌كه‌و دروستبوونی هه‌ستێك له‌لایه‌ن ئه‌مریكیه‌كانه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان عێراقییان له‌ده‌ستدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی  عێراق به‌ پشكی خۆیان  ده‌زانن.

ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر  كورده‌ له‌ قۆناغی داهاتوودا ده‌بێت خۆی حازر بكات بۆ بارودۆخێكی  نوێ و چاوه‌ڕواننه‌كراوو جیاواز له‌ ڕابردوو له‌ هه‌موو ڕویه‌كه‌وه‌و زۆر به‌ وریایه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێستا بكات و خۆی ئاماده‌ بكات له‌ڕووی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی بۆ  گۆڕانكارییه‌كی ڕیشه‌یی له‌ عێراقدا  كه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ دژی خواسته‌كانی بێت یان له‌به‌رژه‌وندی بێت.

ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگای به‌هێزكردنی پێگه‌ی ئابووری و سیاسی و ستراتیژی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاته‌ زلهێزه‌كانی جیهان بێ جیاوازی واته‌ دروستكردن و به‌هێزكردنی ڕایەڵه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاته‌ زلهێزه‌كان وه‌كو ئه‌مریكاو ڕووسیاو چین و ئه‌وروپا، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كورد ده‌بێت مالی خۆی رێكبخاته‌وه‌و یه‌كگرتوو و یه‌كڕیز بێت و له‌ڕووی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازییه‌وه‌ خۆی ئاماده‌بكات بۆ ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌ر پێشهاتێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو تا به‌كه‌مترین زیان و زۆرترین ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌وتوو بێت تیایدا.   

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:11:21:21/03/2020



ئه‌م بابه‌ته 636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر