نەبوونی شوناسی ئایینی و چارەنووسی کورد

داهۆ سالم
نوسەر
ئەگەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنینەوە، زۆر بەسادەیی دەرک بەوە دەکەین کەوا ھەر لەسەرەتای دروستبوونی یەکەمین فۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤەوە، ئایدۆلۆژیا ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبووە لە پێکھێنانی قەوارەی سیاسیدا. جا ئەو قەوارەیە، چ بچوک بێت یان فراوان، یاخود ھەر نازناوێکی ھەڵگرتبێک لە شێوەی ئیمپراتۆریەت، دەوڵەت یان میرنشین..ھتد.

لەسەردەمەکانی ڕابووردوودا پێش دەرکەوتنی سەردەمی ڕۆشنگەری و تاکو دەگاتە سەرھەڵدانی مۆدێرنە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەھەم و بەرەبەیانی سەدەی بیستەم دا، بیروباوەڕی ئایینی یەکێک بووە لە ھەرە ئایدیا باوەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.

واتە پەیامی خواوەند وەک بیروباوەڕی پیرۆز ھەرە باوترین و دیارترین دیاردەی بیری گەلان بووە، لەم سۆنگەیەوە دیاردەی ئایینیش ھۆکارێکی گرنگ بووە بۆ یەکخستن و گوێڕایەڵکردنی کۆمەڵگە و پاشان بونیادنانی دەوڵەت و بەردەوامبوونی و ھەر کاتێکیش پێویستی کردبێت وەک ئامڕازێکی کاریگەر لە پێناو بەرگری و بەڕەنگاریدا بەکارھاتووە، واتە لە پشت ھەر سیستەمێکی فەرمانڕەواییەوە ئایینێکی ئاسمانی ھەبووە و ڕەوایەتی و حەقیقەتی ڕەھای پێبەخشیووە.

ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت لێی بدوێین کەلێنی نەبوونی ئایینی سەروەر و باڵایە لە مێژووی نەتەوی کورد دا، بە واتایەکی تر لەپاڵ ھۆکارەکانیتری شکستی پرۆژەی نەتەوایەتی کورددا، نەبوونی ئایینێک کە خاوەنداری و شانازییەکەی بەباڵای نەتەوەی کورددا ببڕێت چ کاریگەرییەکی ھەبووە لە شکستی پرۆژەی نەتەوایەتی کوردیدا.

وێڕای ئەمەش نەبوونی بیروباوەڕی ئایینی ھۆکاری پەرتەوازەیی و ترازانی کۆمەڵگای کوردی و بگرە پاشکۆیەتی بووە بۆ نەتەوە سەردەست و خاوەن پەیامە ئاسمانییەکان.

بۆ ئەوەی زیاتر ڕۆڵی ئایین لە بۆنیادنانی دەوڵەتدا پێبزانین، دەبێت سەرەتا ھەڵوەستەیەک لەسەر دەوڵەتە کلاسییکیەکانی ناوچەکە و جیھان بکەین، ھەر لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانییەوە کە لەسەر دوو پایە خۆی ڕاگرتبوو کە "پاشا و پاپا" بووە. تەواوی ھێزی ملکەچکردنی کۆمەڵگا ھەر لە دەوڵەتی بیزەنتییەوە تا دەگاتە قەوارە سیسیاسییەکانی تری کیشوەری ئەورووپا سەرچاوەکەی کڵێسا بووە.

کۆمەڵگای ئەورووپی لە پێش شۆڕشی ئازادی و پەیدابوونی سەرەتاکانی دیمۆکراتی زۆربەی ھێرش و پەلامارەکانی بۆ داگیرکردنی باکوری کیشوەری ئەفریقیا و ڕزگارکردی گۆڕی مەسیح لە فەلەستین بە پاڵپشتی فەتوای کڵێسای کاسۆلیکی بووە، ھەمیشە ئینێرژی جەنگ و پەلامارەکانییان لە پاپا وەردەگرت کە گوزارشتی لە خواستی خواوەند کردووە و بەرگی پیرۆزییان بە بەژنیدا کردووە. ھێرش و غەزەواتی عەرەبەکان کە بە ئەندازەیەک بوو توانییان شارستانییەتێکی مێژووی وەھا بونیادبنێن کە بگەن بە ئاستی شارستانییەتە کۆنەکانی ئێرانی و  یۆنانی، ھێز و سروشی لە پەیامی ئیسلامەوە وەرگرتبوو.

ھەموو ئەو قەوارە کۆمەڵایەتییە سیاسییانەی ناوچەکە کە دواتر دروست بوون وەک: (دەوڵەتی سەفەوی و سەڵتەنەتی عوسمانی) ھێزی دروستبوون و مانەوە و فراوانخوازی پشت بەستوو بووە بەئایدۆلۆژیای پیرۆز کە خۆی لە ئایینی ئیسلامیدا دەبینێتەوە. ئێستاشی لەگەڵ دابێت، دەوڵەتی ئیسرائیل سەرباری ئەو مۆدێرنە و کرانەوە دیموکراسییەی کە ھەیەتی، شوناسی ئایینی ھەر لە سەرەتاوە کۆڵەکەی دروستبوون و ڕەگ داکوتانی بووە. شۆڕشی گەلانی ئێران لە دژی ڕژێمی شا و دواتریش سەرکەوتنی شۆڕشەکە و ئیستاشی لەگەڵ دا بێت بەناوی مەزھەبی شیعەوە بەرگری لە خۆی دەکات و درێژە بە سیستمی حوکمڕانی دەدات. 

جگە لە فراوانخوازی و ھەڵپە و داگیرکاری و بەردەوامی دان بە فەرمانڕەوایی، ئایین وەک ئایدۆلۆژیا ڕۆڵی گرنگی ھەبووە لە شۆڕش و یاخبوون و ڕەتکردنەوەدا. ڕۆڵی ئایین لە بەرەنگاری گەلی فەلەستین لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل بەدرێژای ھەفتا ساڵی ڕابووردوو ڕۆڵێکی کاریگەر و جەمسەرییە. سەرەڕای پێشکەوتووی تێکنەلۆژیای سەربازی، ئیسرائیل وەرەس بوو لە کۆڵنەدانی گەلی فەلەستین کە خۆراکی ئەو خرۆشە سەرچاوەکەی پیرۆزی ئایینە. ڕەتکردنەوەی داگیرکاری یەکێتی سۆڤییەت لەلایەن گەلی ئەفغانەوە لە دەیەی ھەشتاکانی سەدەی ڕابووردوودا خۆراکی مانەوە و ووزەی بەردەوامبوونی لە ئایینەوە وەردەگرت.

ئەوەی گەلی کورد لە نەتەوەکانی دەورووبەری جیادەکاتەوە ئەوەیە نە خاوەنی ئایینی ئاسمانی تایبەت بە خۆی بووە و نە توانیویەتی ئایینێکی پیرۆزکراو لە بەرژەوەندی خۆی  بقۆزێتەوە، ئەمەش وایکردووە ھەمیشە لە ئاستی ئەو ئایدۆلۆژیا ئایینیانەی لەناوچەکەدا سەریانھەڵداوە لە باری پاشکۆیەتیدا  بمێنێتەوە. ھەر بۆیە لە حاڵی نەبوونی ئایینێکی خۆماڵی پیرۆزکراودا کە بتوانێت وەک ئامرازێک بەکاریبھێنێت بۆ ئەوەی وەک ڕۆحی سیستمێکی حوکمڕانی ھاوشێوەی نەتەوەکانی دەورووبەری بەکاریبھێنێت، ھەمیشە لە پاشکۆیەتی سیستمەکانی دەورووبەریدا بووە. 

لەپاڵ ھەموو ئەو فاکتەرانەی کە ھۆکاری پچڕپچڕی و پەرتەوازەیی گەلی کوردن، نەبوونی شوناسی ئایینی خۆماڵی یەکێکە لە ھەرە گرنگترینیان. ئایین ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت لە یەکخستنی نەتەوەدا، بۆیە ناکرێ نەبوونی شوناسی ئایینی سەربەخۆ سەبارەت بە کورد نادیدە بگیرێت. ھیچ ھێز و  بیروباوەڕێک نیە ھێندەی ئایینی خواوەند پێوەست و کاریگەری  بێت بۆ ملکەچکردنی کۆمەڵگا و قایلکردن و بەھێزکردنی ناوخۆیی. ئەوەی ووزەی مەعنەوی بەدرێژایی مێژوو بەخشیوەتە کورد، ئایدیای نەتەویی بووە بۆ ئەمەش کاریگەرییەکی سنوورداری ھەیە و ناتوانێت دەربازی ھەست و سۆزی گەلانی تر ببێت ھاوکات ھێزی پیرۆزی ئایینی نابێت. 

بۆیە سەرباری گرفت و گرێ و گۆڵەکانی تر، نەبوونی پەیامێکی ئاسمانی کە لەلایەن کوردەوە خاوەندارێتی بکرێت و سەرەوەری و شانازی پێ ببەخشێت کاریگەرییەکی گەورەی ھەبووە لە چارەنوسی ئەمێستاکەی ئەم نەتەوەیەدا. بوونی خاوەندارێتی ئایدۆلۆژیای ئایینی، مافی بەکارھێنان و ئاڕاستەکردن و زاڵ بوون دەبەخشیت بە نیشتمان و زێدی لە دایکبوونی ئایین. پاساوی دەستەمۆکردنی گەلانی تر و  یەکخستن و بیدەنگکردن و پابەندی نێوخۆییە. ئەمەیە ئەو نەنگییە گەورەیەی کاریگەری ھەیە بەسەر چارەنوسی گەلی کوردەوە لە ڕابووردوو و ئێستاش دا.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە




PM:09:49:07/06/2019



ئه‌م بابه‌ته 421 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر