لەبارەی ئەگەری پێکدادان لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا

داهۆ سالم
نوسەر
لە ئێستادا جوڵە و گوتارەکان لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا، هەنگاوبەهەنگاو، بەرەو هەڵکشان مل دەنێت.

لە واشنتۆنەوە، کۆڕ و کۆبوونەوە سەبارەت بە ئەگەری ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ ئێران لەئارادایە. بزاوتی سەربازی، لەسەر ئەرز لە گۆڕێدایە، هەڵمەتی دیپلۆماسی دەستی پێکردووە.

ئێرانیش لای خۆیەوە، لەگەڵ هەر گوتار و جوڵەیەکدا، ئاڵنگاری واشنتۆن دەکات و، ناوەناوە ختوکەی کارتە سەربازییەکانی دەستی دەدات و، ئاماژە بە پەرچەکردارەکانی دەکات لەدژی ئەمریکا.

زۆرێک لە ناوەندەکان ئامادەکاری و جوڵەکانی ئەمریکا، بەو دەمانە دەچوێنن، کە ئەمریکا خۆی بۆ ڕووخانی سەددام حوسەین ئامادە دەکرد. بەڵام لەگەڵ جوڵە هاوشێوەکان، زۆر لایەنی جیاواز بە بەراورد بە ڕووخانی سەددامیش هەن، چ لە ڕووی هەلومەرجی سەربازی و، چ لە ڕووی بەرژەوەندییەوە، کە دەشێت بەچاوی شیکاری و وردبوونەوە ببینرێت، کەوا نە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ڕووخانی ڕژێمی ئێراندایە هاوشێوەی ڕووخانی سەددام و، نە ئێرانیش ئەو پارووە ئاسانەیە لە ڕووی سەربازییەوە بۆ ئەمریکا وەک ئەوەی لە ڕووخانی سەددامدا بەدەستی هێنا.
هەر بۆیە چ ئەمریکا یاخود ئێران، هەروا بە سانای خۆیان لەو شەڕە نادەن.

سەرەتای توندبوونەوەی زمانی هەڕەشە لەدژی ئێران، لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا، کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، پێشتریش و لەسەردەمی ئیدارەکەی باراک ئۆبامادا، لە ساڵی ٢٠١٥ دا کە ئەو ڕێککەوتنە واژۆکرا، چ لە ئەمریکا و حکومەتی ئیسرائیلیش دەنگی ناڕازی دژ بە ڕێککەوتنەکە بەرزبوویەوە، بەتایبەت ئیسرائیلییەکان بە دەرفەتێکیان ئەژمارکرد، کە ئێران لەو ڕێگەیەوە بتوانێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆم.

هەر ئەمەشە گرفتی هەرە سەرەکی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، کە قبوڵناکرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی. وێڕای هەندێک ئاریشەی تر، کە بەلای ئەمریکا و ئیسرائیلەوە شیانی پشتگوێخستن نین، لەوانە: فراوان بوونی ڕوڵی ئێران لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناویندا و، هەڵکشانی هەژموونی شیعی لەناوچەکەدا لە ڕێگەی گروپە شیعیەکانی " پرۆ ئێرانی"ەوە، کە بەلای ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، گەیشتووەتەوە هێڵی سوور و، چیدی ناکرێت دەستەوەستان بن لە ئاستیدا و دەبێت بووەستێنرێت. 

بۆئەوەی تا ئەندازەیەک نیازی ئەمریکا دەرک پێبکرێت، دەبێت تارمایی سنووری بەرژەوەندی و مەترسییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ببینین، جا بۆ ئەو مەبەستە گرنگە ئاماژە بە دووخاڵ بکەین.

یەکەم، بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، مانەوەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی بارگاوی بە ئایدییای مەزهەبی پێویستە نەک ڕووخان و سەرنگونکردنی وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٣ دژبە ڕژێمی بەعس ئەنجام درا، چونکە خاڵی لاواز و لارەملبوونی وڵاتانی ناوچەکە و، پشت بەستنیان بە ئەمریکا، هەڵپە و دێوەزمەی پەلهاویشتنی ئێرانە.

دووەم، گرفتی سەرەکی ئەمریکا لە هەمبەر ئێران، ڕێگەگرتنیەتی لە دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆم، چونکە ئەو ئاستە لە بەرەوپێشچوون لەبواری سەربازیدا، لەهەر وڵاتێک لە وڵاتانی ناوچەکە، بەلای ئیسرائیلەوە قابیلی قەبوڵکردن نییە و، لە سیتراتیژی جولەکەدا بەزاندنی هێڵی سوور و تێکچونی هاوکیشە و هاسەنگییە لە ئاییندەی ناوچەکەدا.

ئەمەو سەرەڕای ئەو بەرەوپێشچوونەی کە ئێران لە بواری موشەکی بالیستی و دوورمەودا دا بەدەستی هێناوە.

بۆیە هەرچەندە وتار و لێدوانەکان توندبن، جوڵەی ماشێنە خاپوورکەرەکانی وەک زەبەلاحی دەریایی"ئەبراهام لینکۆڵن" و B52 بەگەڕبکەون کە ئەز پێموایە ئەو ئاستە لە جوڵاندنی هێز و کەرەستەی جەنگی هێشتا لە ئاست پێداویستی ئەو شەڕە شیمانەییەدا نییە ئەگەر بەرپاببێت. دەشێت ئامانجەکە ملکەچکردنی ئێران بێت بۆ داواکانی ئەمریکا بەبێ شەڕ. دەشێت هەموو ئەوانە بۆ ڕاگرتنی ئێران بێت لە خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی، دواتریش تێکنەلۆژیای مووشەکی، هەروەها سنووردارکردنی تواناکانی لەدەستوەردان لەکاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا، بە تایبەت سوریا و لوبنان.

بۆیە جوڵە سەربازییەکان و توندی وتارەکان لە هەر ئاستێکدابن، هێشتا شەڕ دوواین بژاردەیە بۆ هەردوولا. چونکە تواناکانی ئێران لەکاردانەوەدا بەدروستی مەزەندە ناکرێت و فرەجۆر و فرە بەرەییە، کە دەشێت بەلانی کەم ناوچەی کەنداو و ئیسرائیلیش ڕووبەڕووی مەترسی بکاتەوە. بەڵام دواجار، ئەوەی نەگۆڕە لەم پرسەدا چ بە فشارەکانی  گەمارۆ، هەوڵی دیپلۆماسی، هەڕەشە و جوڵەی هێز بێت، قەبوڵنەکردنی ئێرانی ئەتۆمی یە، هەروەها بە دیوەکەی تریشدا ئەگەر کار بگاتە ئەو دۆخە، ئەوا ئێرانیش سەرکێشی بە هەموو دەسکەوتەکانی شۆڕشی ئیسلامییەوە ناکات.

ئەم وتارە گوزارشتە لە راى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.



 

PM:02:45:11/05/2019



ئه‌م بابه‌ته 907 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر