کورد لەبەردەم هەڕەشەی هەمواری دەستوردا

دكتۆره‌ نه‌زاكه‌ت حسێن
پسپۆڕی میدیا و ڕاوێژكاریی ڕۆشنبیری له‌چاوی كورد

ئەڵبەتە ئەوە بوەتە شتیکی سەلمێنراو بەڵگە نەویست، کە یەکێک لە خاڵەلاوازەکانی کورد کە بەردەوام ڕێگربوە لەسەرکەوتنەکانی و هەلی داوەتە دەست دوژمن بۆ دژایەتی کردنی، نەبوونی ڕێکەوتنی ناوخۆیی بوە.

زۆرجاریش ئەگەر ڕێککەوتنێکی ناوخۆیی هەبوبوبێت یان لەسەر خاڵێک یان کۆمەڵە خاڵێک کۆبوبێتەوە، شتیکی کورت خایەن بوە بەهۆیەک لە هۆیەکان یان لەسەر شتێک ڕێکەوتنەکە درزی تێکەوتوە و بوەتە هۆی سەرخواردنی دەستکەوتەکانی تریشی.
تا ئەو ڕادەیەی کە ئێستا زۆر بەباشی دوژمنەکانی ئەم خاڵە لاوازەی کوردیان هەست پێکردوەو، بوەتە مۆرکی ناسینەوەی کوردو دوژمنەکانی لەو درزەوە دێنە ناوەو پلانی ژەهراوی بۆ دادەڕێژن.

بابەتەکەمان چڕ بکەینەوە لەم ساتە وەختەدا کە هەموو پارچەکانی کوردستان لەبەردەم هێرش و مەترسی جۆراوجۆردان، هەریەکە بە شێوەیەک و واتە بڵێین ماڵی کورد لە هیچ پارچەیەک سەلامەت و ئارام نیە.

بەهۆی ئاڵۆزی ناوچەکەو بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، ئەو وڵاتانەی کە پارچەکانی کوردستان بەشێکن لێیان، باکور بەهۆی بارودۆخی تورکیاو باشور بەهۆی خۆپیشاندان و ئاڵۆزیەکانی عێرا
ق و، ڕۆژهەڵات بەهۆی ئەو بارودۆخە هەستیارەی ئێرانی پێداتێدەپەڕێت کە لەهەموو کات زیاتر فشاری خستوەتە سەر کوردو کوردستانەکەی بەهۆی مەترسی هەستان و گرژی ناوخۆیەکانی لەم کاتەدا، ڕۆژهەڵاتیش وەک دەزانین وا بۆ دەیەک دەڕوات خوێنی لێدەچۆڕیت.

سەیر لەوەدایە سەرباری ئەم فشارو مەترسیە ناوخۆیانە وڵاتانی زلهێز لەئاست حکومەتەکان هیچیان ئێستا ڕوویان لە کورد نیەو بەڵکو پشتیشیان تیکردوە، کوردستانی باشوریش بە نموونە وەرگرین لەگەڵ ئەوەی هەموو مەترسیەکانی سەرپارچەکانی تری کوردستان بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر ئەم هەیە، لەئێستادا لەبەردەم مەترسیەکی یەکجار ترسناکدایە کە خۆپیشاندەران دروشمی هەموارکردنی دەستوریان هەڵگرتووە،  کە بە تایبەت تر قسە لەسەر بوونی فیدراڵی و وجودی هەرێمی کوردستان دەکەن، سەرباری کێشە هەڵواسراوەکانی تری چارەنوسسازی وەک مادەی ١٤٠ و ناوچە جێ ناکۆکەکان وکێشەی بودجەو هێزی پێشمەرگە، کەچی لە هەرێمی کوردستان تازە خەریکی وەڵام و وەڵام کاری و کێشە ئیستیحقاقی حیزبی و پۆستەکانن.

ئەڵبەتە ئەمە بابەتێکی گرنگەو ڕێک نەکەوتن لەسەر ئەمە، مەترسیە بۆ ئاشتەوایی سیاسی و یەک ئیدارەیی و حکومەتی یەکگرتوو، بەڵام مەترسی گەورە ئەوەیە کە یەک ڕیز نەبین لەم کاتەداو خۆمان بۆ ئەگەر کودەتای سەر حکومەتی عێراقی و هەموارکردنەوەی دەستور ئامادەنەکەین.

ڕاستە وڵاتانی زلهێز تا ڕادەیەک ڕاستگۆ نەبون لەگەڵ کورد، بەڵام دەرگاکان هەمووی دانەخراون، کورد دەتوانێت سوود لە ڕای گشتی وڵاتانی زلهێزی نموونەی وەک ئەمریکا وەرگرێت کە ڕووبەڕووی هەڵوێستەکانی ترمپ بونەوە بەرامبەر کوردو بە سەدان ڕێکخراو هاتنە دەنگ و کاریان بۆ ناساندنی کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن ماف و ئاشتی خواز کرد، لەناو عێراقیشدا باڵی بەرەی شێعە هەن کە هێشتا پشتیان لە کورد نیە، نمونەی وەک هێڵی نەجەف کە بەئاشکرا لە وتاری هەینی ڕابردووی مەرجەعیەتەوە دیاربوو.

بەڵام گرنگ ئەوەیە کورد چۆن لەنێوان یارو نەیارەکانی خۆیدا یاریەکە جوان بکات و بیباتەوە سوود لەو دۆست و لایەنگرو هاوسۆزانەی وەرگرێت و کێشەناوخۆیەکان وەلانێت؟ ئەم ماوەیە تا لە مەترسیەکانی دەرەوەی سەر خۆی تێدەگات و هەلەکان بە ئاراستەی بەرژەوەندی خۆی دەقۆزێتەوە.

ئەم وتارە گوزارشت لەڕای نوسەر دەكات



PM:07:18:05/11/2019



ئه‌م بابه‌ته 193 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر