خولیامان لێکترازانە نەک سازان

دكتۆره‌ نه‌زاكه‌ت حسێن
پسپۆڕی میدیا و ڕاوێژكاریی ڕۆشنبیری له‌چاوی كورد
ئەڵبەتە کۆمەڵگایەک مێژووی جەنگ و ململانێ تێیدا کەمترنەبێت لە ٣٠ ساڵ، کۆمەڵگایەک خاوەنی نەتەوەو دەوڵەتێک نەبێت، ژیردەستەو چەوساوەی دوژمنان بووبێت بۆ ماوەیەکی یەکجار دریژ، کۆمەڵگایەک میدیایەکی نەبێت ئینتیماو خۆشەویستی خاک و نیشتمانی بۆ درووست بکات، مەزھەبێک نەبێت کۆی کاتەوە، حیزب بەردەوام دابەشی بکات و ھەر حیزبەو ھەر باڵەو ھەر بەرپرسە کۆمەڵێک بەلای خۆیدا ڕاکێشێت وبەرژەەندیەکانیان بگرێت و چەندین دابەش بوونی تری مێژووی بەسەردا ھاتبێت، ھەر لە عیلمانی و ئیسلامی، شێخ و بەگ و ...ھتد. خولیامان بۆ ململانێ و لێکترازان زۆرتر دەبێت.

نیشتمان دەبێت کار بۆ ھاوڵاتی بوون بکات، تێکڕای دام و دەزگاکانی بە سیستەمێکی نیشتمانی و نەتەوەیی بکات، پەروەردە، میدیا، سیستەمە سیاسی  وحوکمڕانییەکە دەبێت نیشتمانی بێت و لەسەربنەمای ھاوڵاتی بوون کار بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بکات. ئەم کۆمەڵگەیە بەوشێوەیە ھێنابێتی و ئێستاش چووبێتە ناو دیجیتاڵی و سۆشیاڵ میدیا و بەڕاست و چەپدا شت بنووسێت و بڵێت، دوور لە بەرپرسیاریەتی و لێپرسینەوە، ئەو فەوزایە دەبینین کە بەدوای بچوکترین خاڵی ناکۆک و ھەواڵی چەواشەو درۆدا دەگەڕێت و بڵاوی دەکاتەوە، گەورەی دەکات تاکو ململانێکان توندبکاتەوە.

ئەڵبەتە ئەگەر جۆری نەخۆشی جەستەی و عەقڵی و دەروونی ھەبێت، ئەمەی ئەم کۆمەڵگای ئێمەی تێکەوتووە نەخۆشی کۆمەڵایەتی و حەز بە ململانێ و دژیەکییە. ڕووداوێک ڕوودەدات ناگاتە چەند خولەکێک چەندین وێنەو زانیاری چەواشەی بۆ پەیدا دەکەین، وامان لێھاتووە باوەڕ بە ھیچ ڕاستییەک ناکەین، ئەوەندە ناڕاستی و چەواشەمان بینیوە، ئەوەندە چێژ لەشتی درۆ دەبینین و حەزدەکەین ببیستین بڵێن سیناریۆیەو فێڵەو دەستە، ئەوەندەش بزانین ڕاستییەکە چییە نامانەوێت گوێمان لێبێت.

ئەم جۆرە نەخۆشیانە لە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوودا ھەبن دەبێت وڵات بەرنامەیەکی چاکسازی دەروونی بۆ دانێت تاکو ئیسڵاحی بکات، دەبێت سیستەمێکی پەروەردەیی کۆمەڵایەتی و بە جێبەجێکردنی چەندین خولی سایکۆلۆژی و دەروونی، تا ئەو ڕادەیەی وەک ئەورووپا، ھەندێک سایکۆلۆژیناس و پزیشکی  دەروونی تایبەتی بۆ دانرێت، لەگەڵیدا بێت شتەکانی بۆ ڕاست کاتەوە، ئێمە ڕەنگە تەنھا نەگەشتبینە قۆناغی دەست وەشاندن، ئەگینا بە پێی پێوەری تەندروستی جیھانی زۆرمان نەخۆشین، چونکە لە بناغەدا دەروونی مرۆڤ  ویژدانی وا دروست کراوە، تامەزرۆی ڕاستی و دروستی و چاکە بێت نەک بە پێچەوانەوە، بۆیە تەنھا لەوەدا نەماوین خاوەن دەرونێکی ناکۆکین، بەڵکو ناکۆکیش بەرھەم دێنین، دەمی ھەرکەسێک دەکەیتەوەو دەیدوێنی ئەوەندەی گومان و ڕەشبنینی چەواشەت بۆ درووست دەکات، ھیچ کات ئارامت ناکاتەوە.

ئەمە بووەتە بناغەی یەکتر ڕەتکردنەوەو یەکتر شکاندن و یەکتر سڕینەوە، تا وای لێھاتووە کەسمان لە نزیکترین کەسی خۆشمان بە متمانە نین، گومانت نییە ھەرکەسێک لە پشتەوە غەیبەتت بکات و درۆت بۆ بکات و بوختانت بۆ بکات و پروپاگەندەت بۆ درووست بکات، ئەگەر چی بەڕووشدا باشترین ھاوڕێت بێت، بۆیە من وادەبینم چەندین چاکسازی سیاسی  وئیداری بکەین، ئەوەندەش زیاتر دەمانەوێت چاکسازی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی کۆمەڵگەو تاکەکان بکەین، چونکە ئەم ژینگەو بارودۆخە ئارام نەکەینەوە، ژینگە سیاسی و ئیدارییەکەشمان لێ تێک دەدەن.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.

    


PM:02:48:20/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 179 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر