باشووری کوردستان لە سیاسەتی نەرمەوە بەرەو سیاسەتی 'حەسم'

دكتۆره‌ نه‌زاكه‌ت حسێن
پسپۆڕی میدیا و ڕاوێژكاریی ڕۆشنبیری له‌چاوی كورد
ئەو بارودۆخە نائارام و پشێوییەی دوو کابینەی پێشووی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی پێدا تێ پەڕی، ھەر لە درووست بوونی ئۆپۆزسیۆن، ئینشیقاقی ھەندێک حیزب، گەرمی شەقام و خۆپێشاندانەکان، شەڕی داعش، کێشەی لەگەڵ حکومەتی مەرکەز، مەسەلەی کەرکوک، قەیرانی ئابوری، دابەزینی نرخی  نەوت و ڕووبەڕووبونەوەی ھەرێم بە قەرزێکی زۆر، گەمارۆکانی سەر ھەرێم بەھۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، تاگەشتە داخرانی پەڕلەمان و ڕووبەڕووبونەوەی نێوان ھەندێک پارت، بەجێھێشتنی حکومەت بە بۆشایی مانەوەی ھەندێک وەزارەت  وپۆستەکان لەلایەن ھەندێک پارتەوە ، ناحەزیەکانی وڵاتانی دەوروبەر و دەست تێوەردان.....ھتد، ئەمانە نیشانەی وڵاتێکی پشێوو نائارامن، لەکاتێکدا ئیدارەی حوکومڕانیش توند بێت ڕەنگە بگاتە پلەی کڵپەکردن. بۆیە سەرباری ئەوەی سەرۆکى حکومەت(نێچیرڤان بارزان)ی و جێگرەکەی (قوباد تاڵەبانی) خۆیان کەسایەتییەکی نەرمن، توانیان بەو نەرمیەی مامەڵە لە حوکمڕانی تاڕادەیەک نەھێڵن شیرازەو پایەکانی ئەم ھەرێمە زیاتر لێک بترازێن، ھەر ئەو سیاسەتە نەرمەش باشترین ئالیەت بووە لەو کاتەدا، ئەڵبەتە ھەوڵی کەسایەتی و پارتی تریش ھەبووە زۆرجار لە ئارام کردنەوەی بارودۆخەکە، بەڵام دەتوانین بڵێن سەرباری کەم و کوڕیەکانی تر، لەم ڕووەوە کەشتیەکە گەیەنراوەتە کەناری ئارامی، ئەوەش گەورەترین دەستکەوت بووە.

بەڵام ئەوەش دەبێت بزانین، ھەموو نەرمی نواندن و چاوپۆشییەک کۆمەڵێک دەرھاویشتەی ھەیە کە ڕەنگە بە شپرزی یان شلگیری یان زیادەڕەوی ڕۆیشتنی بۆ لایەنی بەرامبەر لێبکەوێتەوە، ھەرچەندە ئەوەی گرنگ بووە پاراستنی ئەم ھەرێمەو ئەم ئارامی و پێکەوەژیانە و نزیک کردنەوەی لایەنەکان بووە لەیەک و کەمکردنەوەی ھەڕەشەو مەترسییە دەرەکییەکان لەسەر ھەرێم. بەڵام بە بڕوای من پێویستە حوکومڕانانی لەمەودوا چ لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، چ لەسەر ئاستی کابینەی حکومەت، بیر لە جۆرێک لە "حەسم" کردن بکەنەوە بۆ ڕێکخستنەوەی ئەو شپرزیانەی لەم بوارانەدا دروست بوون:

١-لەسەر ئاستی ژینگە سیاسییەکە، زۆری حیزب و ناڕوونی ئامانج و ستراتیژی ژمارەیەکی زۆر لەو حیزبانەوە، فەوزاو شپرزیەکی بۆ ژینگە سیاسییەکە درووست کردوە. وای لێھاتوە ھەر ٤ کەس کۆدەبنەوە حیزبێک دروست دەکەن و ماوەیەک دەبنە بار بۆ ژینگە سیاسییەکەوە، درووست کردنی لەمپەر لەبەردەم پرۆسەکانی ئیداری و چاکسازی لەم کۆمەڵگەیەدا، 
بۆیە بەبڕوای من ڕاستە ئازادی درووست کردنی حیزب سیمایەکی دیموکراسییە، بەڵام پیاچوونەوەیەکمان بە یاسای حیزبەکاندا دەوێت.

٢-ژینگەی ئیداری، سەرقاڵ بوونی حکومەت و بەو کێشەو قەرزانەی کە لەسەری بووە نەتوانینی لە دابین کردنی بودجەی پێویست بۆ دام و دەزگاکان و موچەی فەرمانبەران، شلگیری و دەسەڵات پێدانی خۆجێیی بۆ زۆرێک لە دەزگا و دامەزراوەکان درووست کردووە، کە زۆرجار بە مەزاج کاردەکەن و ڕۆتینیات لە کاروبارو ڕاپەڕاندنی کاروباری ھاوڵاتیان بووەتە سیمایەکی دیاری بەڕێوەبردن لە دامەزراوە حکومی و فەرمیەکاندا.

٣-ژینگەی ڕێکخراوەیی، بوونی ژمارەیەکی زۆری ڕێکخراوەیی ناحکومی و بەردەوام زیادبوونیشی، بێ ڕێکخستنیکی نیشتمانی بۆیان لە شێوازی کارو چالاکی و پێدانی بوودجە، وایکردووە ھەرکەس بە شێوەیەک کاردەکات و ئەو بودجانەش خەرجی دەکەن یان بۆیان خەرج دەکرێت و ئەو پڕۆژانەی ئەنجامی دەدەن ناڕژێتە خزمەتی چوارچێوەیەکی نیشتمانیەوە، بگرە سەریشی ھاویشتووە بۆ وەرگرتنی فەندو پارە لەدەرەوەی ھەرێم و لەوڵاتان و ڕێکخراوی دەرەکی تر، کە ڕەنگە زۆرجار ئەو ھاوکاریانەی ئەوانیش مەرج داربێت بۆیان و لەدەرەوەی خزمەتە نیشتمانی و نەتەوەیەکە بێت بە ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئەمەش ڕیکخستن و خستنە چوارچێوە نیشتمانییەکی دەوێت.

٤-ژینگەی میدیای، بوونی ژمارەیەکی زۆری دەزگاو کەناڵی ڕاگەیاندن و بەردەوامیش زیادبوونی، وای لێھاتووە بەرەو کەناڵی شەخسی دەرۆین، بە بێ بوونی رێکخستنیکی نیشتمانی بە یاساو بە بۆرد، چەندین دەرھاویشتەی نەرێنی لە پرسە نەتەوەی، کلتوری، فەرھەنگی و تا بگرە ئەخلاقی و پەروەردەیش بۆ نیشتمان و ھاوڵاتیان ھەیە.

٥-ژینگەی پەروەردەیی، کردنەوەی بەردەوامی قوتابخانەی ئەھلی، ھەرکەس لەوڵاتیکەوە دەگەڕێتەوە پڕۆژەیەکی قوتابخانەیەک دەھێنێت و لەگەڵ خاوەن پارە یان بەرپرسیک ڕێک دەکەوێت، قوتابخانەیەک دەکاتەوە، ھەر قوتبخانەیەکیش سیستەم و پەروەردەی وڵاتێکە، دەرھاویشتەی نەرێنی لە ڕووی کلتور، چینایەتی، زمان، ئینتیمای نەتەوە، پەروەردەی نەوەی ئایندە بۆ درووست کردوین، سەرباری کەم کردنەوەی ڕۆڵ و گرنگی قوتابخانە حکومییەکان، پێم وایە ئەمەش دەبێت سنورو یاسایەکی تۆکمەتری بۆ دابنرێت. 

٦-ژینگەی کۆمەڵایەتی، کەم و کوڕی یاساکانی باری خێزانی و کەسی، ھەموار نەکردنەوەی بە پێی پێداویستیەکانی ڕۆژ، تێکەڵی لە کارکردن لەلایەک بە یاسای عێراقی و لەلایەک بە یاساکانی ھەرێمی کوردستان لەوبوارەداو، جگە لەوەش کاریگەری میدیاو تەکنەلۆجیاو قەیرانی ئابوری و ڕووخانی گوزەرانی خێزانەکان، سەری ھاویشتوە بۆ درووست کردنی خێزانێکی توندوتیژو کۆمەڵگەیەکی توندوتیژ، کە ڕۆژانە ڕووداوی دڵ تەزین دەبیسترێت، بەتایبەتی ژن و منداڵ بونەتە قوربانی. ئەمەش پێویستی بە ڕاوەستان ھەیە لەسەر ھۆکارو دەرھاویشتەی ئەم بارودۆخە نائارامە کۆمەڵایەتییە.

٧-ژینگەی کەرتی تایبەت، کرانەوەی بەردەوام بە ڕووی وڵاتدا، و نەتوانینی دامەزراندنی حکومەت بۆ گەنج و خاوەن بڕوانامە وایکردوە کە خەڵک بەزۆری ڕووبکاتە کەرتی تایبەت، ئەمە جگە لەوەی ڕەنگە زۆر کاری نایاسایی لە ژێر پەردەی کەرت و کۆمپانیای تایبەت بکرێت، توانای گەنج و خاوەن ئەزموونەکان زۆر دەبرێت لەبەرامبەر کرێیەکی کەم و کاتێکی زۆری ئیش کردن، جگە لەوەش زۆرینەی ئەم کەرتە تایبەتانە بە پشتیوانی بەرپرسە حیزبییەکان دەکرێنەوەو قازانج بۆ ئەوانە نەک نیشتمان. 

ڕەنگە ئەمانەو چەندین بواری تر ھەبێت، کە  بە بڕوای من  پێویستە سیمای حوکمڕانی سەرۆکایەتییەکانی ئایندەی ئەم ھەرێمە سیاسەتی ''حەسم' کردن بێت، بەڵام لە چوارچێوەی پاراستنی بنەماکانی ئاشتی و دیموکراسی و پێکەوە ژیان.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.

 
 


PM:01:56:05/07/2019



ئه‌م بابه‌ته 331 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر