چۆن ئەم قۆناغە تێپەڕێنین؟

دكتۆره‌ نه‌زاكه‌ت حسێن
پسپۆڕی میدیا و ڕاوێژكاریی ڕۆشنبیری له‌چاوی كورد

سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان و هێوربوونەوەی بارودۆخەکان بەتایبەتی دوای ریفراندۆم و ١٦ ئۆکتۆبەر، ئەو گەلەکۆمە ئیقلیمییەی دژی هەرێمی کوردستان کرا، ڕزگاربوونی هەرێمەکەمان لە لێکترازان و هەڵوەشان، لە دەست نەچوونی ئەزمونەکەمان دەستکەوتێکی گەورەبوو.

ئەڵبەتە بە ئاسانیش ئەو بارودۆخە هەروا ئاسان نەبوو هێمن کرایەوە، هەوڵی هەموولاو بەتایبەتی دیبلۆماسییەتی حکومەتی هەریم لەوکاتەدا، ڕۆڵی باشی بینی. بەڵام هەموو دەستکەوتێک پێویستی بە پاراستن و سوود لێوەرگرتنە، چونکە زۆرجار هەل و دەرفەتەکان ئەگەر بەباشی نەقۆزرێتەوە، بەخراپی دەشکێتەوە.

دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان و پێشبینییەکانی پێش هەڵبژاردن کەچاوەڕوان نەکراوبوون - تاڕادەیەک بەتایبەتی بۆ هەندێک لایەن - خەریکە بەرەو مەترسییەکی دیکەمان دەبات، کەهاتنی قۆناغێکی نوێی ئەگەری بۆشایی سیاسیی و حکومییە. ئەوەی تیبینی دەکرێت ناهاوسەنگیەک بە بەراورد بە ڕابردوو، لەنێوان دەرەنجامی لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی هێزی یەکەم و دووەم کە "پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیستمانی کوردستان"ە، قۆناغێکی هێناوەتە ئاراوە، کەدەیەوێت قبوڵ بکرێت، بەتایبەتی بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە بەشدارێکی مێژووی ٥٠ بە ٥٠ى پارتی دیموکراتى کوردستان بووە، لەهەموو جومگەکانی وڵاتدا.

ئەمە وایکردووە هەریەکەیان خوێندنەوەیەکی گوماناوی بۆ یەکتربکەن، هەرچی یەکیتی نیشتمانی کوردستانە، خوێندنەوەیەکی غرور بۆ پارتی دیموکرات دەکات، لەبەرامبەریشدا پارتی دیموکرات وا لەیەکیتی تێدەگات کە دان بە کەمبوونەوەی کورسی و پێگەکەیدا نانێت، لەلایەکی دیکەوە، هاتنە ناوەوەی هێزی سێیەم، کە بزوتنەوەی گۆڕانە، بە گەرم وگوڕی بۆ بەشداری کەچاوەڕوان نەکراوبوو، چ لەلایەن خەڵک، چ لەلایەن لایەنە سیاسییەکان و دڵشکانی ئیسلامییەکان و خۆ بەدوورخستنیان لە بەشداری، جۆرێکە لەتێکچوونی هاوکێشەیەکی سیاسی ساڵانی پێشوو، کە کابینەکانی پێشووی لەسەر پێکهێنراوە.

بۆیە تێکچوونی هاوکێشەیەکی سیاسی و بەشداری و حکومیی مێژوویی، کارێکی ئاسان نییە بۆ ڕێککەوتنی خێرای پێکهێنانی کابینەی نوێ. وروژاندنی میدیا وەک هەمیشە ئەوەندەی کار بۆ دوورخستنەوەی لایەنەکان دەکات، وێنەیەکی زیهنی نەرێنی کابینە پێشبینیکراوەکەی ئایندەمان بۆ دروست دەکات، کار بۆ نزیککردنەوەیان ناکات، بەتایبەتی کە میدیا دابەش بووە بەسەر لایەنە جیاجیاکاندا، ئەوانیش وەک وتم دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن، واقعێکی چاوەروان نەکراو، نەخوازراوی بۆ هەندێکیان بەرهەمهێناوە، میدیاکانیان بۆ گوزارشتە ناڕازییەکانی خۆیان بەکاردێنن.

بۆیە پێشنیار بۆ تیپەڕاندنی ئەم دۆخە: لایەنی براوەی یەکەم کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، هێزی براوە و سەرکەوتنەکانی بەکاربهێنێت بۆ دروستکردنی ئاشتەواییەکی نیشتمانیی، یەک ڕیزی نیشتمانیی بەکاربهێنێت و پشوو درێژ و لە خۆبوردەبێت لەهەندێک لەئیستیحقاقەکانی، بەتایبەتی لەگەڵ ئەولایەنانەی کە خۆیان بە دڵشکاو دەزانن. هەرچی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیشە، خەمی هاوڵاتیان بکاتە هۆکاری قبوڵکردنی دەرەنجامەکان، ڕازیبوون بە کەمبوونەوەی پێگەکەی، بکاتە هۆکارێک بۆ خۆئامادەکردن بۆقۆناغیکی دیکە و هەڵبژاردنێکی تر. هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانیشە دەبێت ئاگاداری ئەوەبێت پشت هەڵکردن و بەجێهێشتنی ئەو لایەنانەی کە لەچەندین قۆناغدا هاوهەڵوێست و هاوگروپ بوون، کاریکی ئاسان نییە، حیکمەتێکی دەوێت تاکو نەبێتە هۆی ئیستیفزازبوونی هاوڵاتیان و لایەنەکانی تر و میدیاکان.
 


PM:03:08:26/12/2018



ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر