ئاوڕێک لەپەخشی راستەوخۆی کەناڵەکان بدەنەوە

پ.ي.د نه‌زاكه‌ت حسێن
پسپۆڕی میدیا و ڕاوێژكاریی ڕۆشنبیری له‌چاوی كورد
ئاوڕێک لەپەخشی راستەوخۆی کەناڵەکان بدەنەوە
دەروونمان تەواو وێرانە
 
ڕاستەوخوو لایڤ، لە مێژووی تەلەفزیۆندا شتێکی نوێ نییە. هەر لەسەرەتاکانی هاتنی تەلەفزیۆن بوونی هەبوو، ئەگەر چی سەرهەڵدانی مانگە دەستکردەکان و سەتەلایت و ئینتەرێت گەشەی تەواوی پێدا، بایەخی ئەم شێوازە لەپەخشکردن بۆ زیاتر سەرنجدان و زیندویەتی و بایەخدانە بەشتەکە لای وەرگر، تاکوو زیاتر بە واقعی و راستەقینە ڕوووداوەکە یان پرۆگرامەکە بزانێت. بۆ دەزگا تەلەفزیۆنی و ڕادیۆیەکانیش؛ جگە لە کاریگەری زیاترکردنە سەر وەرگر، جۆرێکە لە سەبق و دەستبەجێی گەیاندنی هەواڵ و زانیارییەکان و دەرخستنی توانای کەناڵەکە لەگەیاندنی بابەتەکە لەکاتی خۆیدا. ئەمانە هەمووی لەڕووی میدیاییەوە ڕاستن، بەڵام ئایا راستەوخۆیی بۆ هەموو بابەتێکە؟ ئایا ڕاستەوخۆیی هەموو کات خزمەتە؟ ئایا لەگەڵ کاریگەرییە زیندوویەتییەکەی بۆ وەرگر، لە ڕوویی پیشەیی و ڕه‌چاوی ئیتیکی و یاسایی، سایکۆلۆژی کەلتووری میدییاکان ناکەونە هەڵەوە لەکاتی پەخشکردنی بابەتە راستەوخۆ و بە پەلەکان؟ ئەی فیلتەر و دەرگەوان ڕۆڵی چی ماوە لە میدیادا؟ ئایا کاریگەری ناکەینە سەر بەهای بابەتە نووسراوەکانی وەک رۆژنامە و گۆڤار، کە چەند رۆژانە دەربچن، یاخوود بشبنە ڕۆژی دووجار دەرچوون هەواڵ و بابەتەکانیان کۆن دەبن، لەپێناو رانک و ڤیوو دەستکەوتی زۆرترین وەرگر و دەستکەوتنی ڕیکلام و بەرزبوونەوەی داهاتی ڕیکلام خەریکە دەروون  و ئەندێشەی تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگەیە وێران دەکەین. جگە لەو تێچوونە زۆرەی ڕەنگە لەوڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر، یان بەگوێرەی  گرێبەست  و گێگا و کواڵێتی بەرهەمە تەلەفزیۆنییەکە جیاوازی هەبێت، بەڵام لەکۆی گشتیدا هەر سانییەیەکی تێچووی پەخشی راستەوخۆ سەد هێندە تێچووی پەخشی تۆماری هەیە، ئەمە چ بەهەدەر دانێکی پارەیە!. 

لەکاتێکدا پسپۆرێکی بواری میدیا "ویلیەم گیڵس" دەڵێت؛ بەهاو کواڵیتی ناوەرۆک کە کاریگەری قووڵ و بە بایەخ و ئاراستەکەر بەجی بهێڵێت لای وەرگر، بەرنامە و بابەتە تۆمارکراوەکان، چونکە دەرفەت دەداتە تەلەفزیۆنەکان ڕەچاوی بەهای سایکۆلۆژی و ڕەچاوی بارودۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی وەرگر بکەن. بابەتەکانیش حەتمەن جیاوازن، بە پێی سەرچاوەکان زۆرترین راستەوخۆ لەوڵاتانی پێشکەوتوو تا ساڵانی پەنجاکان زۆر مۆدێل بوو، ئیتر دوای ئەوە تەلەفزیۆنە نیشتمانی و لۆکاڵی و، ئەوانەی کەناڵی خەڵک بوون، راستەوخۆیان تەنها لەهەندێک بابەتی وەک "هەواڵی کتوپڕ و ناوبڕ" کە گرنگە بگاتە وەرگر، یاخوود هەندێک بابەتی نیشتمانی گرنگ بۆ هاووڵاتییان، یاخوود بەرنامەکانی بەیانیان، هەمەڕەنگەکان و تایبەتیانکرد، راستەوخۆ بەهەندێک بابەت کە گەیاندنی بە وەرگر پێویستە خێراو بەپەلەبێت، بەڵام بەداخەوە؛ لەمیدییای کوردیدا پێش، پێشێنە، گرنگ کێ زوو بابەتەکە بگەیەنێت ئەوە دەبێتە پاڵەوان، هەموو بابەتیکیش مەراسیمی شایی، بگرە تا مردوو پرسە، گواستنەوەی لێدوان، وێنەی رووداو کارەساتەکان. ئایادەکرێت ئێمە هەموو ڕووداوێکی جەرگبڕ ببینین، هەموو مردوویەک ببینین، هەموو سووتاوێک ببینین، لەگەڵ هەموو پرسەیەک بگرین. ئەمە بۆ گەورەکان بووەتە کارەسات و دەروون ڕووخاوی، ئەی بۆ منداڵ  و گەنج کە هێشتا واقع لەمێشکی ئەودا زۆربچوکە؟ هێشتا مردوویەکی نەبینیوە، قەبرێکی نەبینیوە، ڕووخانیکی نەبینیوە، لافاوێکی نەبینیوە... چۆن خەیاڵی ئەم هەموو شتانە دەکات؟ کە نەک جارێک لە تیڤییەکان بۆی دەگوازرێتەوە، سەد جار بەرکەوتەی دەبێت کە لەسۆشیاڵ میدیاش بڵاو دەکرێتەوە. بۆیە هێندە مێشکی ماندووە دەیەوێت هەڵبێت و ڕابکات، وڵات بەجێبهێڵێت. 

بیرمانە؛ مردووی پلە یەکی ئازیزمان دەمرد دەپاڕاینەوە، توخوا با پێش ناشتن یەکجار بینینین، نەیان دەهێشت دەیانوت خراپە. بەها هەمووی هەبوو لەکۆمەڵگە، بەڵام بەداخەوە میدیا هیچی نەهێشت. باشە میدیای کوردی بیری چووەتەوە ئەرکێکی سەرەکی ڕاگەیاندن کات بەسەربردن و حەواندنەوەی وەرگرە، ئەگەر تۆ هەموو کاتژمێرەکانیشت بابەتی حەواندنەوە بێت، رەنگە بەگواستنەوەی کارەساتێکی جەرگبڕ لەوانەی بێ فلتەر دایدەبه‌زێنیت بیسڕیتەوە. باشە ئارامی  و ئاسایشی دەروونی و کۆمەڵایه‌تییەی ئەم میللەتە بۆ کوێ دەچێت، ئاوا رۆژانە ئەم بابەتانە وەک ژەهری دەروونی و رۆحی دەدرێت پێمان؟ ئایا چی لەمەسەلەک دەگۆڕێت کە ئەو بابەت و مەراسیمانە، ڕووداوانە کە باش نین وەرگر بیانبینێت لەبری راستەوخۆ، کاتژمێرێک یان کاتێکی دواتر پەخشبن، وەرگر بیانبینێت و بە فلتەردا بڕۆن. ئەمە کارەساتەکە لەوەدایە؛ وڵاتانی پێشکەوتوو کە راستەوخۆ شت پەخش دەکەن جگەلەوەی لەنێوان گواستنەوە و پەخش چەند خولەکێک هەیە کە بەفلتەردا دەڕوات بابەتەکان، راگەیاندنیان بەتەواوی بە پره‌نسیپە پیشەیی و ئیتیکیەکان رێکخستووە، ڕۆژنامەنووس راهێنراوە پرۆفیشناڵانە کاردەکات و شتەکان دەگوازێتەوە لە گواستنەوەی راستەوخۆش رەچاوی پرینسیپە پیشەیی  وئیتیکی  و بەرپرسیاریەتییەکان دەکات. ئەی ئەمە چ کارەساتە بۆ میدیای کوردی کە نەراگەیاندنمان بەم شێوە ڕێکخستووە نە رۆژنامەنووس زۆربەیان راهێنراون، تاکوو پیشەیی و بەرپرسیاریانە مامەڵە بکەن لەکاتی گواستنەوەی راستەوخۆکان. ماوەتەوە بڵێم؛ یەک ئاوڕ لەراستەوخۆی کەناڵەکان بدەینەوە، بزانین تێچوونی مادی کۆمەڵایەتی، دەروونی....هتد، چەندە لەخەسارۆمەندیداین؟ ئایندەی وڵاتەکەش لەرووی ئارامی و ئاسایش و کۆمەڵایەتی و ئابووری لەبەردەم گواستنەوەی بێ فلتەری هەمووشت لەلایەن رادیۆ و تەلەفزیۆنەکانەوە، دواتریش سۆشیاڵ میدیاکان بەرەو کوێ دەڕوات؟ راستەخۆ دەبێت بمێنێت، بەڵام تایبەتی بکەین بەهەندێک بابەت کە ناکرێت راستەخۆ نەبێت و ئەویش بە پره‌ینسیب و بنەما.


ئەم وتارە دید و بۆچونی تایبەتی نووسەرەکەیەتی

AM:11:10:08/01/2022



ئه‌م بابه‌ته 339 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌