راگەیاندنی کوردی و بڕیاری ٦٨٨

دكتۆره‌ نه‌زاكه‌ت حسێن
پسپۆڕی میدیا و ڕاوێژكاریی ڕۆشنبیری له‌چاوی كورد

لەکاتێکدا کە کورد لەباشوری کوردستان خەریک بوو ڕوبەڕووی مەرگەسات و جینۆسایدێکی تری وەک کیمیاباران و ئەنفال و کوشتن و بڕین ببێتەوە لە ٥/٤/١٩٩١ کاتیک لەژێر هێرش وپەلامارەکانی رژێمی پێشسوی سەدام ملیۆنان کورد شارەکانی بەجێهێشت و ڕووی لەوڵاتانی دراوسێ و شاخەکان کرد، ئەنجومەنی ئاسایش بە فشار و داوای چەند وڵاتێک بەتایبەتی ئەمریکاو فەرەنساو بەریتانیا بۆیەکەم جار بڕیارێکی وا گرنگی لەبەرژەوەندی کورد دەرکرد، گەرچی چەندوڵاتێکی وەک زیمبابۆو کوباو یەمەن کە ئەندامی کاتی بوون دەنگیان پێ نەداو چین و هیند یش بە بێدەنگی مانەوە، بەڵام بڕیارەکە دەرچوو کە سنوری بۆ هێرش و پاراستنی گەلی کورد لەباشوری کوردستان داناو هێڵی ٣٦ و ناوچەی دژەفڕینی دیاری کردکەبوەهۆی ئەو ئارامیەی تا ئێستا ئەم ناوچەیە هەیەتی.

گرنگی و بایەخی ئەو بڕیارە بۆ هەموو کورد بوو، لەکاتێکدا دەرکردنی بڕیاری بەم شێوە بە دەست تێوەردان بۆ ناوخۆی وڵاتان دەناسرێت بەڵام ئەنجومەنی ئاسایش هەر دەریکرد، بۆیە بایەخەکەی لەوەدایە دانپیانانێکی گەورەبوو بۆ چەوساندنەوەی گەلی کوردو ناساندنی پرسەکەی بەجیهان و دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو لەئاستە سیاسی و دیبلۆماسی و میدیایەکە،کە جگە لەئارامی و پارێزراوی و سەربەخۆیی وەرگرتنی هەر ٣ پاریزگای دهۆک و هەولێرو سلێمانی ،گەرچی موسڵ نەخرایە سەر ئەو ناوچە ئارامە ، بەڵام لەرەهەندی تری سیاسیشەوە دەست کەوت بوو بۆ کورد لەباشوری کوردستان کە بویە خاوەنی پەرلەمان وحکومەتی سەربەخۆیی خۆی، زەنگێک بوو بۆ وڵاتانی وتورکیاو ئێران و سوریا کە دەست لەچەوساندنەوەی گەلی کورد هەڵگرن.

لەلایەکی تریشەوە ئارامی ئەم ناوچەیە بویە پەناگایەک تا ئێستاس بۆ پارچەکانی تری کوردستان و ئەو کوردانەی ڕووی تێدەکەن، کۆتایی هێنان بوو بە دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی ئەوکاتە لە باشووری کوردستاندا، بۆیە بەهەموو رەهەندەکانیەوە باسی بکەیت وەرچەرخانێک بوو بۆ گەلی کورد ئەم بڕیارە گەرچی درەنگ بوو دوای سەدان ساڵ لە ستەمدیدەیی گەلی کور ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاریکی وادەربکات بەڵام لەوکاتەوە تا ئێستاش بایەخی خۆی هەیە.

ئەوەی مەبەستە لەم وتارە ،کورد لەباشوری کوردستان لەسەرئاستە دیبلۆماسی و میدیایەکە چەندە بایەخی بەم بڕیارە داوە ،چەندە بازاڕاندویەتی بۆ ئاستی ناوخۆ تا لەمێژوی کوردوئەندێشەی نەوەکاندا بەزیندووی بمێنێتەوە، لەئاستە جیهانیەکەش بەردەوام کاری بۆ بکات وبیناسێنێت تا بەردەوام جیهان پرسی کورد بە زیندویی لای بمێنێتەوە، کاربکرێت بۆ دەرچواندنی بڕیاری نوێی تر لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایش بۆ نەتەوەی کوردو پرسەکانی تری و دەست خستنی پشتیوانی زیاتر،چونکە راستە باشوری کوردستان سەربەخۆیی وەرگرتوە بەڵام هێشتا مەترسیەکانی سەری چ لەلایەن وڵاتانی دەوروبەر چ لەلایەن حکومەتی عێراقی و گروپە چکدارەکان ماوەو، گەرەنتی نیە هێرش و پەلاماری تر دوبارەنەبێتەوە. لەئاستە گشتیەکەشەوە چەندە میدیای کوردی توانیوەتی ناساندن بۆ ئەم بڕیارەوە پابەند بوونی وڵاتانی ئەقلیم وعێراق بناسێنێت و کار بۆ فراوانکردنی ئەوسنورە ئارامیە زیاتر بکات.

بەداخەوە واهەست دەکرێت ئەم بڕیارە تەنها لە یادکردنەوەیەکی ئەو رۆژەی دەرچوەباس دەکرێت ئەویش کەمێک لە میدیا کوردیەکان دەچنە سەری یان لەکاتێکدا کە مەترسیەک روودەکاتە کوردستان باس دەکرێت، نەتوانراوە بە بوونی دۆکیمێنتاریەک، فیلمێک،بابەتی تری میدییایی تەوزیف بکرێت و هیچ نەبێت بە نەوەکانی بناسێنرێت کە لە نەوەدەکانەوە لەدایک بوون و هیچ لەبایەخی ئەم بڕیارە نازانن.

جگەلەوەی کە لە قۆناغەکانی خوێندن و تویژینەوەکانی زانکۆو پەیمانگاکان نابینرێت بە وانەیەک یان توێژینەوەیەک بایەخ و ئاسەوارو دەرەنجامەکانی ئەم بڕیارە باس بکرێت وهەڵسەنگاندنیکی بکرێت کە دوای ٣٠ ساڵ لەدەرچوونی چۆن جێ بەجێ کراوە، بایەخی چۆن ماوە؟ چی بکرێت بۆ فراوانکردنی؟. بۆیە گرنگە کورد لەسەرئاستی دیبلۆماسی و میدیای ئەم بڕیارە بەردەوام تاوتوێ کات بیکاتە بنەمایەک بۆ دەست کەوتی زیاتر.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:12:45:05/04/2021



ئه‌م بابه‌ته 122 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌