نەوەی ئایپاد و پۆپ جی و حیزبی کوردی کامیان کامیان ئاوت دەکات

دكتۆره‌ نه‌زاكه‌ت حسێن
پسپۆڕی میدیا و ڕاوێژكاریی ڕۆشنبیری له‌چاوی كورد
ئێمە ھێشتا بۆنی خوێنی شەھید لەلوتماندایە، ھێشتا تەپەی پێی پێشمەرگەی شەوان بە ترس و لەرزەوە بە کۆڵانەکداندا دەھاتن و دەچوون لە گوێماندایە، ھێشتا  بۆنی کیمیاوی و چیرۆکی مەرگەساتی ئەنفالەکان، وەکو یەکەم ڕۆژی ڕوودانیان لە یادەوەریماندایە، ھێشتا دەموچاوە ناشیرینەکانی سەددام و پیاوەکانی، دێوەزمەی شەوانی خەومانن، مێژووی مەرگەساتەکانی نەتەوەکەمان، وەکو ناوی باوک و باپیری خۆمان لەبەرمانن.

خۆشەویستیمان بۆ خاک ئاڵای نیشتمان، بەرگی بۆنەو خۆشیەکانمانن. سەرکردەکانی کورد، بە کاری ئەرێنی و نەرێنی، لەگەڵیان ژیاوین و خۆشمان دەوێن، وەکو باوکمانن. دەزانین چی بەسەر ئەم گەلەدا ھاتووە و مەترسی نەبوونی خاک و نیشتمان  وئاوارەیی، مەترسی بەردەم ژیانمانن.

دەزانین چی بووە و کێ چی کردووە، ئەم سەربەخۆییە چۆن ھاتوەتە بەرھەم و چۆنیش لەدەست دەچێت، بەردەوام ویردی زمانمانن. ھەریەکەمان بگریت دەیان چیرۆکی ناخۆشی لە بەرکەوتەی جەنگەکانی نیشتمان و ئاوارەیی و دابڕان، لە کەسوکارو خوێندن و بوونی شەھید، داستانی عومرمانن. ئەمانەو سەدان نزیکی و تێکەڵیمان لەم حیزبانە، ھێشتا لەگەڵیان ئاشت نین و بەردەوام لە گلەیی  وگازیانین.

وەرەن بۆ لای نەوەیەک، نە خوێن، نە شەھید، نە پێشمەرگە، نە جەنگ، نە سەددام، نە مفوەز شەماڵ و نە عەلی کیمیاوی...هتد، بینیوەو دەناسێت، نە باپیرانی شاخ و، نەمێژووی خۆی و، نە ڕابردووی نەتەوەکەی دەزانێت. پاڵەوانەکانی ئەو بریتین لە کارەکتەرەکانی ناو یاریەکەی کە بە کۆنترۆڵەکەی دەستی خۆی دەیانجوڵێنێت و، چی بیەوێت پێیان دەکات، ئاڵای ئەو ھەر جارە ئاڵای وڵاتێکە، کە یاریەکە دەباتەوە و لۆگلۆی سەر جل و بەرگەکانیان، زمانیشی زمانی ئەوانە، خەونیشی خەونی ئەوانە، ھێندەی لەگەڵ کارەکتەرە کارتۆنەکانی ناو ئامێرەکانی دەستی دەژی، ھێندە کاتی لەگەڵ باوک و دایکیشی نییە.

ھێندەی ئەوانی خۆش دەوێت، ئەندامانی خێزانەکەی خۆشی خۆش ناوێت، ئەوە خەمانی ئەوەی نییە بەیانی چی بەسەر وڵاتدا دێت، خەمی ئەوەیەتی یاریە نوێیەکان و ئامێرە نوێیەکان، باوک یان دایک دەتوانێت بۆی بکڕێت. ئەو نەوەی کلیکە زۆر پەلەو خێرایە، بەکلیکێک چی بوێت دەیکات، چاوەڕی ناکات (١) ساڵ کۆبوونەوەی یەک لەدوای یەکی حیزبەکان بژمێرێت بۆ دەست کەوتنی بریارێکی دڵخۆش کەر، ئەو کاری لەسەر نەکراوە کوردایەتی بکات، ھێندەی کاری لەسەرکراوە جیھانی بێت و لەگەڵ چیرۆکی یاریە جیھانییەکان بژی.

ئەو نەوەیەکی خۆپەرست و تاکگەرو نەرجسیە، چونکە بەتەنھا بۆ خۆی ڕۆژانە چەندیی کاتژمێر لەگەڵ ئامێرەکانی دەستی بەسەردەبات، وھاوبەشی نییە.

ئەو لەناو جیھانی ئایپاد و یاری و فیلمەکانی بەرچاو ژیانێکی بەھەشت ئاسای بۆپیشان دەدرێت، نییە نازانێت، پارە دێت یان نا، نەوت دەڕوات یان نا، لای ئەو، ئەو چیرۆکانە نییە.

کێ ڕاستی کردووە لەگەڵ ئەم میللەتە، هەروەها کێ درۆ، نایناسێت. ئەمانە ھیچ پرۆگرام و ئەجندایەکی نەتەوەیی و نیشتمانی، نە لە خوێندن، نە لە میدیا، نە لەبەرنامەی دایکان و باوکان نییە ڕایانبێنێت بۆ ئایندە وەکو منداڵی، بۆیە دەپرسین ئایا دەسەڵات وحیزبی کوردی ئەجندای بۆ ئایندەی ئەمانە ھەیە، ئایا  کۆمینیوکەیشنی ئایندەی ئەمانەو حیزبی کوردی و ڕادەی ھەڵکردن وپێکەوەژیان، تیگەیشتنیان چۆن دەبێت، وەک ئێمە لەگەڵیان ھەڵ دەکەن یان کامیان کامیان ئاوت دەکات؟ ئایا ئەم خەمە کەس ھەیەتی، یان ھی چ دەزگاو ئۆرگانیکی وڵاتە؟

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نووسەر و چاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.




PM:02:34:03/06/2019



ئه‌م بابه‌ته 145 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر