زانیارییەکان لە سەردەمی کۆرۆنادا

دكتۆره‌ نه‌زاكه‌ت حسێن
پسپۆڕی میدیا و ڕاوێژكاریی ڕۆشنبیری له‌چاوی كورد
زانیاری و مەعریفە بیرۆکەی مرۆڤن و لە ئایدیای مرۆڤەوە دەردەچن بۆ ئایدیای مرۆڤیش دەچن. پسپۆرێکی بواری سایکۆلۆژیای مارکێتین دەڵێت: "سایکۆلۆژیای مرۆڤ یەک شتە لە سەردەمی قەیسەرەوە تا ئێستا". ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هەموومان یەک جۆر سایکۆلۆژیامان هەیەو یەک جۆر بیردەکەینەوە، بەڵکو مەسەلەکە ئەوەیە لە زۆر ڕووەوە هەمان کاریگەری دروست دەبێت لەسەرمان، ترس، دڵەڕاوکێ، خۆشی.. هتد. سەندیکای رۆژنامەنووسانی بەریتانی، ئەمرۆ لە تویتی خۆی هۆشداریی داوە بە ڕۆژنامەنوسەکانی بەریتانیاو دەڵێت: "وریابن رۆژنامەنوسەکان و میدیاکان، کەس هیچ نازانێت لەسەر کۆرۆنا ئەگەر میدیا بۆی نەگوێزێتەوە، ئەوەش ئێمە دەیگوێزینەوە ئەوە دەبێتە کاریگەری لەسەر خەڵک، ترس دروست کەین یان ئارامی، هۆشیاری بدەین یان رۆحی خەڵک بەرین". ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت کە لەم ساتەوەختەدا ڕۆژنامەنوس و میدیا ئەرک و بەرپرسیاریەتەکەیان  هەستیارە، ڕاستیەکان بگەیەنن، ئاگاداری سایکۆلۆژیای خەڵکیش بن، چونکە خەڵک خۆی کورد واتەنی تۆقیوە، پەتاکە لۆکاڵی نیەو جیهانیەو هیج دەرفەت و فریادرەس نیە، وەرگر تەنها زانیاری و ژمارەی توش بوان و مردوەکانی وڵاتەکەی خۆی نازانێت لە هەر وڵاتێکی جیهان کەسێک دەمرێت، یان توش دەبێت لە هەمان سات و چرکە پێ دەزانێت. 
ئا لەم کاتەدا مەترسیە میدیای وڵاتەکەی خۆشی تۆقێنەربێت بۆیە دەبێت:
١/ زانیاریەکان بگوێزرێنەوە بە ئەمانەتەوە دوورکەوینەوە لە گەورەکردن و وروژاندن.
٢/ لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکان میدیاکان بابەتە پشوو و حەوانەوەکانیش فەرامۆش نەکەن تا وەرگر بزانێت لەگەڵ باسی مردن، ژیانیش هەیەو بەردەوامە.
٣/ تەنها ژمارەی توشبوان و مردوەکان زەق نەکرێتەوە لەگەڵیشیدا ژمارەی چاکبووەکان و هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرو ڤاکسینەکان زەق کرێتەوە.
٤/ ئەو کەسانە بدوێنرێت کە چاک بونەتەوە تاکو دەروونی وەرگران ئارام کرێتەوەو سوود لە ڕێگاکانی هۆکاری چاک بونەوەی ئەویش وەرگرن.
٥/ پیشان نەدانی هۆڵەکانی نەخۆشخانەکان و مردوەکان بەتایبەتی ئەمانە کاریگەری نەرێنی بەجێ دەهێڵن لەسەر دەروونی منداڵ و گەنجەکان.
٦/ دەکرێت ڕێگاکانی خۆپارێزی بکرێتە بابەتی کۆمیدی و بەزمەسات تاکو هەم حەوانەوە بدات هەم هۆشیاری.
٧/ میدیاکان باشترە لەم کاتەدا خۆیان بەدووربگرن لەهەر باسی ململانێی تری سیاسی یان کۆمەڵایەتی.. هتد، تاکو سەرباری کۆرۆنا بارگرانییەکی تریش بۆ هاوڵاتیان زیاد نەکرێت.
٨/ زۆر دوبارەکردنەوەی زانیارییە مەترسییەکان چەند جارێک لە رۆژێکدا یان بگرە کەناڵ هەیە لە کاتژمێرێکدا چەند جار دوبارەی زانیارییە مەترسیدارەکان دەکاتەوە، ئەمە ترس و تۆقاندن دروست دەکات نەک هۆشیاری، چونکە سەرچاوەکانی زانیاری هێندە زۆرن بینەر دەگات بە هەموو شتێک، لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ بیستنی هەواڵی ناخۆش وەرگر پێویستیەتی کەمێک بیری بچێتەوە ئارام بێتەوە، ئەوەش میدیا دەتوانێت بۆی بکات بە چونە سەر بابەتی تری دوور لە باسی کۆرۆنا و یان خۆ بەدورگرتن لە دوبارەکردنەوەی ئەو هەواڵە مەترسیانە زوو زوو. 
٩/ زەقکردنەوەی هەوڵە حکومی و تەندروستی و خێرخوازی و ئەمنییەکان بەردەوام ئارامی دەداتە هاوڵاتیان کە لەگەڵ مەترسییەکان خەمخۆریش بەردەوامە. 
١٠/ زانیارییەکان تایبەت بە کۆرۆنا بۆ پرسی وروژاندن و زۆرکردنی خوێنەرو بەرزکردنەوەی ڕانک بەکارنەهێنرێت، چونکە ئەم زانیارییانە وابەستەن بە ژیان و مردن و بارودۆخی دەروونی وەرگرەوە.

ئەم وتارە دەربڕ لە ڕای نوسەر دەکات

PM:07:40:24/03/2020



ئه‌م بابه‌ته 246 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر