پێکهاتەی کابینەکانی هەرێم و گەڕەکی تەجاوز!

دكتۆره‌ نه‌زاكه‌ت حسێن
پسپۆڕی میدیا و ڕاوێژكاریی ڕۆشنبیری له‌چاوی كورد

..هەرکەس بە ئارەزووی خۆی پۆست زیاد دەکات.

 

لە سیستمی تەوفوقەوە بۆ مۆدێلیکی تر کە سیستەمی دڵ ڕازی کردنە.

 

وابڕوات بۆ ئایندە لە بری سەرۆکێکی هەرێمیش، دەبێت چەند دانەیەک هەبێت. لەبری سەرۆکێکی حکومەتیش، چەند دانەیەکمان دەبێت. جێگریش لە یەکێکەوە تا...هتد، بۆ هەریەکەیان ئاساییە هەبێت، خوا نەکات هیچ شتێک لەم وڵاتە ببێتە کلتور، ئەو کات چەند سەرۆکیکیش بۆ پەرلەمان داوا دەکرێت.

ئیتر وا دەڕوات بۆ خوارەوە، بۆ پارێزگاکان، بەڕێوەبەرایەتەکان و پۆستە ئیدراریە ناوەندیەکانیش، تا خوا ئەزانێت چی لێ دێت.

 

ئەمە جگە لە ئاڵۆزکردن و شپرزکردنی ژینگەی سیاسی و ئیداری زیاتر هیچ خزمەتێک بە هاوڵاتیان ناکات، جگە لە دەرهاویشتە ئابورییەکانی کە پۆست ئیمتیاز زیاد کردن و بەهەدەردانی سامانی نیشتمانی، زیاتر نابێت.

 

لەوەتەی دروشمی چاکسازی هەڵکراوە، دەوترێت پۆست لە کابینەو پێگە ئیدارییەکاندا کەم دەکرێتەوە، بەڵام کە دێتە سەر باسی پێکهاتنی کابینە و پشک پشکێنە، بۆ ڕازی کردنی دڵی حیزبەکان، نەک بەرژەوەندی هاوڵاتیان، بە ئارەزوی خۆیان، پۆست دەتاشن.

بیر ناکرێتەوە ئەم زیادکردنانە، شۆڕشیشی دەوێت، تا کاتێک بویسترێت لاببرێت و،شپرزی و ئاڵۆزی دروست دەکات بۆ ژینگە ئیداری و سیاسییەکە، تا کار بە سیستەمی تەوافوق و ڕیککەوتنی سیاسی بکرێت لە ئیدارەی ئەم هەرێمە، بارودۆخمان لەوە خراپتر دەبێت، باشتر نابێت .

بۆیە دەبێت بڵین، بەڵێ بۆ سیستەمی براوەی هەڵبژاردن، کێ براوە بوو توانی حکومەت دروست بکات، ئەوەی تر سێبەربێت و رکابەری بکات، گەرچی ئەمە سەختە بۆ ئەم کاتەی هەریم، بەڵام تا نەگەڕێینەوە سەر ئەوە، مەگەر پۆست لەدوای پۆست زیاد کەینو بیتاشین.

ئەم وتارە گوزارشتە لە ڕاى نوسەر وچاوى کورد لێی بەرپرسیار نییە.


PM:02:07:15/04/2019



ئه‌م بابه‌ته 207 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

وتارەکانی تری نوسەر